عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای پارتی ده‌كات

21.05.2023
جەماوەر نیوز

دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 21ی ئایاری 2023 عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە یاوەری کارگێڕ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان كرد بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان.

لە پاش بەخێرهێنانیان لە لایەن جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەیدا بە ئامانجی سەردانەکەیان و ڕونیان کردەوە کە پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی لە مەراسیمی یادگەی نیشتیمانی بارزانی ، داوای لە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کرد کە کوردستانیانە و دڵسۆزانە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و چارەسەری کێشەو گرفتەکان بکەن و پێکەوە هەماهەنگی بکەن بە ئامانجی چارەسەری کێشەکان .

لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا تیشکخرایە سەر پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە کوردستان، لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لە کورسی پێکهاتەکان کراو ئاماژەدرا بەوەی کە وا باشترە کە خۆیان بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان.

دواتر عەبدوڵڵا حاجی مەحمود،جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دیدو تێڕوانینی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانی پێ ڕاگەیاندن و جەختی کردەوە لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی و چارەسەری سەرجەم گیر و گرفتەکان بە هەماهەنگی و گفتوگۆی بەرپرسیارانە و بە دەمەوە چوونی پەیامەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی و ڕێزگرتن لە پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان.


زۆرترین خوێندراو