هه‌ده‌په‌ جارێکى تر داوا ده‌کات ده‌نگ به‌ ئه‌ردۆغان نه‌درێته‌وه‌

23.05.2023
جەماوەر نیوز
پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) و پارتى چه‌پى سه‌وز له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا داوایان له‌ ده‌نگده‌رانیان کرده‌وه‌ له‌ خولى دووهه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى تورکیادا ده‌نگ به‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان کاندیدى هاوپه‌یمانى گه‌ل نه‌ده‌ن.

هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په‌ له‌ ئامه‌د زه‌یات جه‌یلان ڕایگه‌یاند، پێویسته‌ له‌ خولى دووهه‌میشدا ملیۆنان ده‌نگده‌ر قائیل بکه‌ن تا بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌کانى ده‌نگدان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگه‌کانیان بده‌ن.

ئه‌و ڕاشیگه‌یاند "هێشتا چانسمان هه‌یه‌، ده‌رفه‌تێکمان له‌به‌رده‌مدایه‌ کۆتایى به‌ فاشیزم بهێنین. ئێمه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان هه‌یه‌ فاشیزمى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان (ئاکه‌په‌) و پارتى بزووتنه‌وه‌ى ناسیۆنالیستى مه‌هه‌په‌ بڕوخێنین، بانگه‌وازه‌که‌مان دووباره‌ ده‌که‌ینه‌وه‌."

جه‌یلان ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، له‌ڕێگه‌ى ئیراده‌ له‌ سندوقه‌کانى ده‌نگدان کۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاتى ئاکه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ ده‌هێنن.

هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتارى هه‌ڵبژێردراوى پارتى چه‌پى سه‌وز، جه‌یلان ئاکچا ڕایگه‌یاند که‌ ده‌نگه‌کانى ناو شاره‌ کوردنشینه‌کان نیشان ده‌ده‌ن که‌ کورد ده‌یه‌وێت تورکیا له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى ئێستا ڕزگار بکات.

ئاکچا دروشمى هه‌ده‌په‌ى ساڵى 2015ى وه‌بیرهێنایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند که‌ ڕێگه‌ ناده‌ن ئه‌ردۆغان ببێته‌ سه‌رۆک کۆمار.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، قسه‌کانى که‌مال کلیچدارئۆغڵو کاندیدى هاوپه‌یمانى نیشتمانى هێشتا دیموکراسییانه‌یه‌ و ڕایگه‌یاند، پشتیوانى لێده‌که‌ن و ڕێگه‌یه‌کى نوێ تاقیده‌که‌نه‌وه‌.

سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په‌، له‌ ساڵى 2015 له‌ گردبوونه‌وه‌ى پارته‌که‌ى دژى ئه‌ردۆغان ڕایگه‌یاندبوو، "ئێمه‌ نایکه‌ین به‌ سه‌رۆک و ئه‌و لێدوانه‌ دواتر بوو به‌ دروشمى ئه‌و پارته‌."

ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 28 ى مانگى 5 تورکیا بۆ خولى دووهه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى ده‌چێته‌ سه‌ر سندوقه‌کانى ده‌نگدان.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ