سه‌رۆک کۆمار : پێدانى هه‌موو مافێکى یاسایى و مرۆیى به‌ که‌سوکارى شه‌هیدان دابینکردنى پێداویستیه‌کانیان ئه‌رکێکى نیشتمانى و مرۆڤانه‌یه‌

12.09.2023
جەماوەر نیوز
سه‌رۆک کۆمار د.له‌تیف جه‌مال ڕه‌شید، جه‌ختى له‌ گرنگى په‌له‌کردن له‌به‌خاکسپاردنى روفاتى قوربانیانى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان کرده‌وه‌، به‌تایبه‌تى قوربانیانى هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌ فه‌رمانگه‌ى پزیشکى دادوه‌ریدان، پاش ته‌واوکردنى ڕێکاره‌ فه‌رمیه‌کان ویه‌کلاییکردنه‌وه‌ى ئه‌و دۆسێیه‌ مرۆییه‌ى زۆرێک له‌ خانه‌واده‌ عێراقیه‌کان .
 سه‌رۆک کۆمار له‌ میانى پێشوازیکردنى له‌گه‌ڵ خانمى یه‌که‌م خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، یه‌کشه‌ممه‌ 10-9-2023، له‌ کۆشکى به‌غدا له‌ سه‌رۆکى ده‌زگاى شه‌هیدان  عه‌بدول ئیلا ئه‌لنائیلى و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى ده‌زگاى شه‌هیدان و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی، ئاماژه‌ى به‌ پێویستى هه‌وڵدانى زیاتر بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و دۆسیێ یه‌ و هاوکاریکردنى که‌سوکارى قوربانییان له‌ ناشتنى روفاتى شه‌هیدان کرد، به‌تایبه‌تى قوربانیانى گه‌لى کورد، هه‌روه‌ک جه‌ختى له‌پێویستى هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ شه‌هیدان له‌حکومه‌تى فیدراڵى و وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌ هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى ڕێزلێگرتن و ده‌سته‌ به‌رکردنى ته‌واوى مافه‌کانى که‌سوکارى شه‌هیدانى ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌.
 سه‌رۆک کۆمار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو به‌خاکسپاردنى روفاتى شه‌هیدان و ڕێزلێگرتن و پێدانى هه‌موو مافێکى یاسایى و مرۆیى به‌ که‌سوکاریان و دابینکردنى هه‌موو پێداویستیه‌کانیان ئه‌رکێکى نیشتمانى و مرۆڤ دۆستانه‌یه‌.
هه‌روه‌ها سه‌رۆک کۆمار جه‌ختى له‌ گرنگى هه‌ڵدانه‌وه‌ى  گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ى ته‌رمى شه‌هیدان و گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێنى پێویست بۆ ئه‌و دۆسێیه‌ کرده‌وه‌.

  هه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا، باس له‌ دواکه‌وتنى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ کرا و  بڕیار درا خانمى یه‌که‌م ئه‌رکى به‌دواداچوون و سه‌رپه‌رشتیکردنى ئه‌م دۆسیه‌ مرۆییه‌ گرنگه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت. هه‌روه‌ها دوپاتیش له‌سه‌ر خێراکردنى لێکتێگه‌یشتنه‌کان کرایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاڵوگۆێ‌ و تۆمارکردنى به‌ڵگه‌نامه‌کان که‌ مێژووى ماوه‌یه‌کى گرنگى خه‌باتى گه‌لان و سیاسه‌ته‌ سته‌مکاره‌کانى ڕژێمه‌ دیکتاتۆرییه‌کان ده‌گێڕنه‌وه‌.
 هاوکات چه‌ندین بابه‌تى دیکه‌یش تاوتوێ کران، دیارترینیان ئاسانکارى بۆ  که‌سوکارى شه‌هیدان بۆ به‌ده‌ستهێنانى هه‌موو ئه‌و مافانه‌ى که‌ له‌ یاسادا دیارى کراوون.
 لاى خۆیانه‌وه‌ ئه‌ندامانى شانده‌که‌ خۆشحاڵى خۆیان به‌ دیدارى  سه‌رۆک کۆمار ده‌ربڕى و پێشنیاره‌کانى و پشتیوانى ته‌واوى به‌ڕێزیان بۆ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدان به‌رز نرخاند و ڕونکردنه‌وه‌یه‌کیان سه‌باره‌ت به‌ ده‌زگاى شه‌هیدان و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ى شه‌هیدان له‌ وڵاتدا پێشکه‌شى جه‌نابیان کرد.
 شایانى باسه‌، فه‌واز عه‌بدولعه‌باس جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى نوێنه‌رایه‌تى لیژنه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ بێسه‌روشوێنان ئاماده‌ى دیداره‌که‌ بوو.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ