کۆنفرانسی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: لە سیڤەرەوە بۆ لۆزان بەڕێوەچوو

19.09.2023
جەماوەر نیوز

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٣، لە کەمپەسی زانکۆی سۆران، کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتیی لە سەر پەیماننامەی لۆزان دەستی بە کارەکانی کرد.

کۆنفرانسەکە بە دروشمی (ئاڵنگارییەکان، یەکڕیزی و یەکترقبوڵکردن) و بە ناونیشانی (پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: لە سیڤەرەوە بۆ لۆزان - خوێندنەوەی دوای سەدەیەک لە دەرفەت و ئالنگارییەکان)، لەلایەن بەشی مێژوو لە فاکەڵەتیی ئادابی زانکۆی سۆران ڕێکخراوە.

لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانسدا کە د. عبدلفتاح عبدلرزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی ئیداری و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان ئامادەی بون. لە وتەیەکدا بریکارى وەزارەت به‌ناوى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى پیرۆزبایى له‌ زانكۆى سۆران و سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى زانكۆ کرد بۆ ئه‌و چالاكییه‌ گرنگە ئه‌كادیمییه‌، بۆ ئەمەش وتى: گۆمانى تێدا نییه‌ كه‌ ئه‌نجامدانى هه‌ر كۆنفراسێكى زانستی گرنگى و بایه‌خى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌ روى ئه‌كادیمى و زانستییه‌وه‌ بۆ هه‌مو زانكۆیه‌ك و روه‌یه‌كى جوان و پرشنگدارى زانكۆ پیشان ده‌دات له‌ناو زانكۆكاندا و هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆى په‌ره‌پێدانى توێژینه‌وه‌ى زانستى و دیراساتى ئه‌كادیمى و گۆرینه‌وه‌ى بیروراو سود وه‌گرتن له‌ شاره‌زایى ئه‌زمونى به‌شداربوانى كۆنگره‌.

لە درێژەى وتەکەیدا د. عبدالفتاح عبدالرزاق ده‌ستخۆشی له‌ به‌شی مێژوى فه‌كه‌لتی ئاداب کرد بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كى بابه‌تیانه‌ى زانستى سه‌دیه‌ك له‌ ده‌رفه‌ت و ئاڵنگارییه‌كانى دۆزی كورد، ده‌رفه‌ته‌كان چی بون بۆ له‌ده‌ستمان دان و ئالنگارییه‌كان چی بون و چۆن ده‌توانین له‌ ئیستاو داهاتوو به‌سه‌ریان زال بین.

وتیشى: بابه‌تى به‌ده‌وڵه‌ت بون هه‌رگیز بابه‌تێكى ناوخۆیی نه‌بوه‌ و به‌ پێوه‌ره‌ سیاسی و یاسا ناوخۆییه‌كان ناپێورێت، به‌ڵكو بابه‌تێكى نێوده‌وڵه‌تییه‌و ته‌نها مه‌رجى یاسایى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێت پێچه‌وانه‌ى یاساى نێوده‌وڵه‌تى بێت. بۆیە هه‌رگیز كیشه‌ى ئێمه‌ كیشه‌ى نه‌بونى شه‌رعیه‌تى یاسایی نه‌بوه‌ به‌تایبه‌تى دواى دروستبونى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌ڵكو هه‌رده‌م كێشه‌ى كورد كێشه‌ى جوگرافیاو دواتر كێشه‌ى بارودۆخ و و ژینگه‌ى ناوخۆیى و ناله‌بارى ژینگه‌ى نێوده‌وله‌تى بووه‌.

جێگەى ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ڕۆژی دووەم و کۆتایی کۆنفڕانسەکە دەبێت و ڕاسپاردەکانی کۆنفڕانسی تێدا دەخوێندرێتەوە. لەم کۆنفرانسەدا دەیان توێژینەوەی زانستی توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر بابەتە جیاوازەکانی پەیوەست بە سەد ساڵەی لۆزان پێشکەش دەکرێن.

زۆرترین خوێندراو