پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی لە شاری سلێمانی کرایەوە

24.09.2023
جەماوەر نیوز
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی لە سلێمانی کردەوە
دانا عەبدولکەریم: کارکردن لە رێگای دەربەندیخان-کەلار بەردەوامە
"رێژەی ئەنجامدراو 60٪ی تێپەڕاندوە"

رۆژی یەکشەممە 24/9/2023، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، لە رێورەسمێکدا پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی لە شاری سلێمانی کردەوە.

لە رێورەسمەکەدا کە پارێزگاری سلێمانی، بریکاری وەزارەت بۆ نیشتەجێکردن، راوێژکار و سەرپەرشتیاری تاقیگەکان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، و ژمارەیەک لە بازرگانان و وەبەرهێنەران و ئەندازیاران و کۆمپانیاکان ئامادەی بون، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کردنەوەی ئەم پێشانگایانەی بە گرنگ بۆ لایەنی ئابوری و بوژاندنەوەو پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان ناوبرد، هیوای خواست ببێتە ئالوگۆڕێکی زۆرباشی ئابوری و کارسازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.

سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا، دانا عەبدولکەریم وتی: پرۆسەی ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان نەوەستاوە، بەڵکو بەهۆی بارودۆخی داراییەوە سستی تێدایە، بەڵام ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ژمارەیەکی بەرچاو لە پڕۆژەکانمان کارکردن تیایاندا بەردەوامە و کاریان تێدا دەکرێت بەتایبەت لە دروستکردنی رێگاوبانەکان.

سەبارەت بە هێڵی شەمەندەفەریش، ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی هەفتەکانی رابردودا قۆناغێ بەهای ئابوری پڕۆژەکە تەواو کرا کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسپانییەوە ئەنجامدراوەو جەختی کردەوە "لەداهاتودا دەچینە قۆناغی دیزاینی پڕۆژەکەو ئەم پڕۆژەیەش خەون نیە، هەرێمی کوردستان لە داهاتودا دەبێتە خاوەنی هێڵی شەمەندەفەر".

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی رێگای دەربەندیخان-کەلار، وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامەو رێژەی ئەنجامدراو لە 60٪ زیاترە، پێویستە ئەو راستیەش بزانرێت، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2011ەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردن و تا ساڵی 2019 رێژەی ئەنجامدراو 15٪ بو، بەڵام لە مانگی تەمموزی 2019ەوە کە لەم کابینەیەی حکومەت دەستبەکاربوین، سەرەڕای قەیرانەکان رێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەکەمان گەیاندوەتە زیاتر لە 60٪».

ھاوکات بۆ داواکارییەکانی هاوڵاتیانیش لە قەزای کفری «ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە هەبو چەند داواکارییەک بو کە دو داواکارییان رێگای دوانزە ئیمام قەرەبڵاغ و ئەوەی تریان دێلێژە سەنگاو بو، دوای ئاراستەکردنی نوسراو، بەڕێز سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لەسەر دەربڕیوەو لەئایندەیەکی نزیکدا دەیخەینە بواری تەندەرینەوە».

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ