له‌ ئه‌مه‌ریکا چه‌کدارێک 22 که‌س ده‌کوژێ‌ و60 دیکه‌ش بریندار ده‌کات

26.10.2023
جەماوەر نیوز
کاربه‌ده‌ستان له‌ شارۆچکه‌ى لوستن له‌ ویلایه‌تى مه‌ین ده‌ڵێن چه‌کدارێک له‌ چه‌ند شوێنێکى گشتى به‌ شێوه‌یه‌کى هه‌ڕه‌مه‌کى ته‌قه‌ى له‌ خه‌ڵک کردووه‌ و له‌ ئاکامدا به‌ لایه‌نى که‌م 22 که‌س کوژراون و نزیکه‌ى 60 که‌سى دیکه‌ برینداربوون.

پۆلیسى شارۆچکه‌که‌ شه‌وى چوارشه‌ممه‌ له‌ ڕێگه‌ى فه‌یسبوکه‌که‌ى ڕایگه‌یاند ته‌قه‌کردنێک له‌ شوێنێکى یارى بوڵینگ به‌ ناوى (Schemengees and Sparetime Recreation) ڕوویداوه‌، بۆیه‌ داوا له‌ خه‌ڵکى ده‌که‌ن له‌و شوێنه‌ دوربکه‌ونه‌وه‌ و ڕێگه‌ به‌ کارمه‌ندانى فریاکه‌وتن بده‌ن قوربانییه‌کان به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ به‌رن.

کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن ته‌قه‌کردنه‌که‌ له‌ نزیک کاتژمێر 7:15 ى ئێواره‌ ده‌ستیپێکرد و پاشان هه‌واڵ هات له‌ ڕێستورانتێک به‌ ناوى (Schemengees Bar & Grille) که‌ نزیکه‌ى 6 کیلۆمه‌تر له‌ باشورى شوێنى یارى بۆڵینگه‌که‌یه‌ ڕووداوى ته‌قه‌کردنێکى دیکه‌ ڕوویداوه‌. دواتر له‌ کاتژمێر 8:15 ى شه‌و و له‌ دورى نزیکه‌ى 2 کیلۆمه‌تر له‌ باشورى ڕێستورانته‌که‌ و له‌ سه‌نته‌رێکى دابه‌شکردنى کاڵاکانى بازاڕێکى واڵمارت (Walmart) ته‌قه‌کردنێکى دیکه‌ ڕوویدا.


پۆلیس پاش چه‌ند کاتژمێرێک وێنه‌ى ئه‌و که‌سه‌ى بڵاوکرده‌وه‌ که‌ گومان ده‌کرێت ته‌قه‌کردنه‌که‌ى ئه‌نجام دابێت و ده‌ڵێت ناوى ڕۆبه‌رت کارته‌ Robert Card و ته‌مه‌نى 40 ساڵه‌. هه‌تا ئاماده‌کردنى ئه‌م هه‌واڵه‌ ناوبراو ده‌ستگیرنه‌کراوه‌.

کۆشکى سپى ڕایگه‌یاند، سه‌رۆک بایدن که‌ له‌ کاتى ڕووداوه‌که‌ میواندارى سه‌رۆک وه‌زیرى ئوسترالیاى ده‌کرد، په‌یوه‌ندى کردووه‌ به‌ فه‌رمانڕه‌واى ویلایه‌تى مه‌ین و هه‌ردوو سیناتۆرى ویلایه‌ته‌که‌ و ئه‌ندامێکى کۆنگرێسى خۆجێی. پرسیارى لێکردوون چۆن حکومه‌تى فیدراڵ ده‌توانێت یارمه‌تییان پێشکه‌ش بکات.


زۆرترین خوێندراو