رۆژی جیهانی نەخۆشی شەکرە

14.11.2023
جەماوەر نیوز
— رێکخراوی تەندروستی جیھانی ساڵانە ( ١٤ ) ی نۆڤەمبەری وەک و رۆژی جیھانی نەخۆشی شەکرە دیاریکردووە ...

-شەکرە بە سەرەکیترین ھۆکاری سستبوونی گورچیلەکان، لە دەستدانی چاو، بڕینەوەی قاچەکان دادەنرێت لەسەرتاسەری جیھاندا، ھەروەھا بە ھۆکارێکی سەرەکیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و مێشک و خوێنبەرەکان دادەندرێت، ھەموو ئەم حاڵەتانە دەتواندرێت ڕێگریی لێ بکرێت بەڵام بە چەند مەرجێک:

١-شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە، واتا دەبێ چاودێری شەکرەش درێژخایەن بێت، تەنھا خواردنی دەرمان بەس نییە، کەسی تووشبوو پێویستە شەش مانگ بۆ ساڵی جارێک لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ھەڵسەنگاندنێکی گشتیی بۆ بکرێت.

٢-پشکنینی شەش مانگ یان ساڵی جارێک بۆ: فشاری خوێن، چەوریی خوێن، پشکنینی فرمانی گورچیلەکان، پشکنینی چاو، پشکنینی قاچەکان و موولوولە دەمارەکانی پەلەکان، پشکنینی دڵ، سەرەکیتریین پشکنین و ھەڵسەنگاندنەکانن!

٣-پارێزیی کردن لە ڕێگای خواردنێکی رێکخراوی تەندروست، دابەزاندنی کێشی لەش، وەرزشێکی تەندروست، بە خاڵی سەرەکیی چارەسەری شەکرە دادەنرێن!

٣-دەرمانەکانی شەکرە (حەب و ئینسۆلین و جۆرەکانی تر) ھەرکاتێ پێویستی کرد دەبێت بەکاربێت، نابێ بە قسەی نازانستیی گوایە فێری دەرمان دەبم، دەرمانی شەکرە نەخورێت!

٤-شەکرە لە سەرتاسەری جیھاندا ڕوو لە بەرزبوونەوەیە، ھۆکاری سەرەکیش زیادبوونی کێشی لەش و تەمبەڵیی و کەم وەرزشیی، خواردنی ناتەندروست (زۆر خواردنی شەکرەکان و خواردنەوە گازییە پڕ شەکرەکان و شیرنەمەنییەکان و خواردنە خێراکان)ە! تکایە بۆ پاراستن لە تووشبوون لە شەکرە، دەبێ ڕێگریی لەم حاڵەتانەی سەرەوە بکرێت.

٥-ھەندێ خواردنی کولتوری کە باس دەکرێت بۆ شەکرە، ھەندێکیان دەشێ سوودێکی کاتییان ھەبێت، بەلام ھیچ کات جێگرەوەی پارێزییەکی باش و خواردنی دەرمانەکانی شەکرە نین!

٦-لە ڕووی زانستییەوە تا ئێستا ئەوە نەسەلمێندراوە کە خواردنی ھەندێ گژو گیا و تاڵیی دەبێتە ھۆی چارەسەریی کۆتایی شەکرە! بۆیە دەبێ پرس بە پزیشک بکرێت پێش ھەر ھەنگاوێک.

٧-چاک بوونەوەی یەکجاریی لە شەکرە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، زۆر قورسە، بەلام ڕێگریی کردن لە کاریگەرییە نەرێنییەکان و ماکە نەخوازراوەکانی کە باسکران، زۆر ئاسانە و دەتواندرێت کەسی تووشبوو بە شەکرە ژیانێکی زۆر ئاسایی بژیێت.

بە ھیوای تەندروستییەکی باش و ژیانێکی ئاسوودە بۆ تووشبوانی شەکرە .

وەزارەتی تەندروستی
١٤ ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣

زۆرترین خوێندراو