یه‌که‌مین پێشبڕکێى توێژینه‌وه‌ى قوتابییانى زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌ چوو

04.12.2023
جەماوەر نیوز
به‌ درووشمى "گه‌ڕان به‌ دواى زانین و داهێنان" ڕۆژى 3ـى کانوونى یه‌که‌مى 2023، یه‌که‌مین دیدارى زانکۆکانى کوردستان بۆ پرۆژه‌ى توێژینه‌وه‌ى قوتابیان له‌ زانکۆى سه‌لاحه‌دین له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو.
د. نه‌بیل فه‌خری، به‌ڕێوه‌به‌رى دڵنیایى جۆرى و په‌ره‌پێدانى پڕۆگرام له‌ زانکۆى سه‌ڵاحه‌دین، به‌ فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیاریى ڕاگه‌یاند: "زانکۆى سه‌ڵاحه‌دین یه‌که‌مین پێشبڕکێى توێژینه‌وه‌ى قوتابیانى بۆ 18 زانکۆى هه‌رێمى کوردستان به‌ به‌شداریى 33 پرۆژه‌ى توێژینه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ برد. لێره‌دا قوتابییان به‌رهه‌مه‌کانى خۆیان پێشکه‌ش کرد، تاکوو ببێته‌ هانده‌رێکى باش بۆ داهاتووى توێژه‌ره‌کان و قوتابییان. به‌شێکى ئه‌و توێژینه‌وانه‌ش له‌ گۆڤاره‌ ئاستبه‌رزه‌کانى جیهان بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ و بڵاو ده‌بنه‌وه‌. له‌ ساڵى داهاتووداشدا ئه‌و چالاکییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، تا قوتابییان به‌رهه‌مى زانستیى خۆیان پێشکه‌ش بکه‌ن و هه‌لیکارى زیاتر له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکان بدۆزنه‌وه‌."
هه‌ڤین بورهان، وه‌کوو قوتابییه‌ک توێژینه‌وه‌ى ده‌رچوونى پێشکه‌ش کردووه‌ و به‌شداریى دیداره‌که‌ى کردووه‌، ئه‌و گوتی: "دیدارى له‌م شێوه‌یه‌ زۆر گرنگه‌، هه‌م بۆ ده‌رچووانى زانکۆکان که‌ توێژینه‌وه‌یان کردووه‌ و لێره‌دا پێشانى خه‌ڵک و قوتابیانى ده‌ده‌ن، هه‌م بۆ کارى پێکه‌وه‌یى و توێژینه‌وه‌سازى که‌ له‌ نێوان قوتابیاندا دروست ده‌بێت. له‌ هه‌مان کاتدا ڕێنیشانده‌رێکیشه‌ بۆ ئه‌وانه‌ى له‌ قۆناغى توێژینه‌وه‌دان و کۆتایى ساڵى زانکۆیانه‌."
بڕیاره‌ ئه‌م جۆره‌ پێشبڕکێیه‌ى توێژینه‌وه‌ ساڵانى داهاتووش له‌ زانکۆى سه‌ڵاحه‌دین به‌رده‌وام بێت و هانى قوتابیان بدات بۆ پێشکه‌شکردنى توێژینه‌وه‌ى به‌کوالیتى و هاندانى بوارى توێژینه‌وه‌سازی.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ