هەولێر ... كۆنفرانسی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و پرسی ژن و كولتووری ڕێكخرا

04.12.2023
جەماوەر نیوز

له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی شازده‌ ڕۆژه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بە ئامادەبوونی ئاریان سەلاحەدین، بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یه‌كه‌ی جێنده‌ری وه‌زاره‌ت كۆنفرانسی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و پرسی ژن و كولتوور بەڕێوەچوو.

كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان – یه‌كه‌ی جێنده‌ر له‌ هۆڵی بێشكچی دیوانی وه‌زاره‌ت ڕێكخرا.
دوای دەستپێكردنی كۆنفرانسەكە و نمایشكردنی فیچەرێكی تایبەت بە جینۆسایدی شنگال، ئاریان سەلاحەدین، بریكاری وەزارەت وتارێكی پێشكەش كرد.

لە وتارەكەیدا، بریكاری وەزارەت بە ناوی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەخێرهاتنی میوانانی كۆنفرانسەكە و ئامادەبووانی كرد و ڕایگەیاند، وەزارەت وەك ئەركی خۆی بەردەوام لە هەوڵی كاری هەمەلایەنەیە بۆ خزمەتی دۆسییەی ئافرەتان و قوربانیانی دەستی تاوانەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.

ڕوونیكرده‌وه‌، یه‌كه‌ی جێنده‌ر له‌ وه‌زاره‌ت، یه‌كه‌یه‌كی نوێی ئیدارییه‌ و له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌ت كار ده‌كات بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵمه‌تی نیشتمانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌ ڕه‌گه‌زییه‌كان و به‌دواداچوونی ماف و داواكاری ئافره‌تان.

ئاریان سه‌لاحه‌دین، وتیشی: له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئامانجی سەرەكی كۆنفرانسەكە، تاوتوێكردنی ڕۆڵی ڕۆشنبیرانە لە ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەكان، پرسی میدیا، ڕەهەندە مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەو تاوانە، كە لە لایەن تیرۆریستانەوە دەرهەق بە خەڵكی شنگال كرا.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، ئاریان سەلاحەدین، ئامادەیی و پشتیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی بۆ هەموو چالاكی و پڕۆژەیەكی ڕۆشنبیری و كولتووری لە پێناو خزمەتكردنی دۆسییەكانی تایبەت بە شنگال و جینۆسایدی كوردانی ئێزدی دووپاتكردەوە.

دووپاتیكردەوە، ئافرەتانی ئێزدی قوربانی یەكەمی تاوانەكانی كۆمەڵكوژی و داگیركردنی شنگالن و پێویستە هەرچی زیاترە ئاوڕ لە ژیانیان بدرێتەوە و هەموو لایەك كار بكەین بۆ ئەوەی كاریگەری و لێكەوتەكانی ئەو تاوانانەی جینۆساید لەسەر دەروون و ژیانی داهاتووی ئەو ئافرەتانە كەمبكەینەوە.

دواتر پانێلێك بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی پەیوەست بە كۆنفرانسەكە بەڕێوەچوو.

لە پانێلەكەدا، هەریەك لە پانێلیستەكان تەوەری بابەتەكانیان خستەڕوو، كە بریتی بوون لە:

* ناسر كرێت: ڕۆڵی ڕوناكبیران لە ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەكان.

* سعود مستۆ: پێنگاڤ و ئاستەنگێن ناساندنا جینوسایدێ و رۆلێ حكومەتا هەرێما كوردستانێ.

* د. چنار نامق: ڕۆڵی میدیا لە ناساندنی پرسی جینۆسایدی ئافرەتانی ئێزدی.

* داود مراد: ڕەهەندە مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكانی جینۆسایدی ئێزدییەكان لە ژیانی ژناندا.

لە كۆتایی كۆنفرانسەكەدا، گەڵاڵەی ڕاسپاردەكانی كۆنفرانس ئامادەكران بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەزارەتەوە كار بكرێت بۆ جێبەجێكردنیان و گەیاندنیان بە ناوەندە پەیوەندیدارەكان.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ