سه‌رۆکى لیژنه‌ى په‌رله‌مانى عێراق: "ماڵه‌که‌ى پێشڕه‌و دزه‌یى شوێنى نیشته‌جێبوون بووه‌ نه‌ک بنکه‌ى سیخوڕی"

21.01.2024
جەماوەر نیوز
ئه‌مرۆ یه‌کشه‌ممه‌ 2024.1.21، به‌سه‌رپه‌رشتى ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێم و به‌ ئاماده‌بوونى شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، له‌ دیوانى وه‌زاره‌تى ناخۆ، کۆبوونه‌وه‌یه‌کى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى تایبه‌تى په‌رله‌مانى عێراق که‌ له‌ ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامى هه‌ردوو لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگریى و په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌سه‌رۆکایه‌تى عه‌باس زاملى پێکهاتبوو، له‌باره‌ى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و هێرشه‌ى که‌هه‌فته‌ى ڕابردوو له‌لایه‌ن سوپاى پاسدارانى ئێرانه‌وه‌ کرایه‌ سه‌ر هه‌ولێرى پایته‌خت ئه‌نجامدرا.
دواى کۆبوونه‌وه‌که‌، له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌نووسیدا عه‌باس زاملی، سه‌رۆکى لیژنه‌که‌ مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌که‌یانى بۆ هه‌ولێر خسته‌ڕوو و ڕایگه‌یاند: "ماڵه‌که‌ى پێشڕه‌و دزه‌یى به‌ چه‌ند مووشه‌کێک کراوه‌ته‌ ئامانج که‌ پێمانوایه‌ مووشه‌کى بالیستین و زیانى زۆریان به‌ شوێنه‌که‌ گه‌یاندووه‌". گوتیشی، "ماڵه‌که‌ شوێنى نیشته‌جێبوونى هاووڵاتییانى سڤیل بووه‌ و هیچ ئاماژه‌یه‌ک نییه‌ که‌ بنکه‌یه‌کى سیخوڕى بووبێت".
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد، "هێرشه‌ مووشه‌کییه‌کانى ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان هیچ پاساوێک هه‌ڵناگرێت و پێشێلکردنى سه‌روه‌رى عێراقه‌. ئه‌گه‌ر به‌ڕاست بنکه‌یه‌کى سیخوڕى هه‌ر وڵاتێک له‌نێو هه‌رێمى کوردستان هه‌بووبێت؛ ئێران ده‌یتوانى له‌ رێگه‌ى هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و عێراقه‌وه‌ به‌ گفتوگۆ ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ربکات، نه‌ک هێرشى مووشکه‌ى بکاته‌ سه‌ر ماڵى هاووڵاتییه‌کى سڤیل".
پاشان شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند، "ئێمه‌ وه‌کو په‌رله‌مانى عێراق داوامان له‌ حکومه‌تى فیدراڵى کردووه‌ هه‌نگاوه‌ کردارییه‌کان بۆ رێگریکردن له‌و هێرشه‌ به‌رده‌وامانه‌ى ده‌کرێنه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان خێراتر بکات و پێویسته‌ سنوورێک بۆ ئه‌و هێرشانه‌ دابنرێن که‌ خه‌ڵکى هاووڵاتیى سڤیل ده‌کرێنه‌ ئامانج".
گوتیشی:"شه‌قامى عێراقى و هه‌رێمى کوردستانیش چاوه‌ڕێى زیاتر له‌ په‌رله‌مان و حکومه‌تى عێراق ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى چیدیکه‌ هه‌ڵوێسته‌که‌یان به‌ سه‌رکۆنه‌کردن کۆتایى نه‌یه‌ت، به‌ڵکوو هه‌نگاوى کردارى و نێوده‌وڵه‌تى بنێین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م هێرشانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و کۆتاییان پێ بێت".
جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق جه‌ختیشى کرده‌وه‌، "ئێمه‌ وه‌کو په‌رله‌مانى عێراق پشتیوانى هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌که‌ین که‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق له‌باره‌ى هێرشه‌ مووشه‌کییه‌که‌ى سه‌ر هه‌ولێر گرتوویه‌تییه‌به‌ر". دووپاتیشیکرده‌وه‌، "له‌ومه‌ودوا خه‌ڵکى عێراق له‌ ئێمه‌ قبووڵ ناکات هه‌ڵوێستمان له‌باره‌ى ئه‌و هێرشانه‌ى له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ده‌کرێنه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ته‌نها سه‌رکۆنه‌کردن بێت، به‌ڵکوو ده‌بێت هه‌نگاوى کردارى بگرینه‌به‌ر".
له‌کۆتایشدا رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا، ته‌واوى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌باره‌ى ماڵى شه‌هید پێشڕه‌و دزه‌یى و هێرشه‌ مووشه‌کییه‌که‌ى سوپاى پاسدارانى ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر، "پێویست بوون" خستوویانه‌ته‌ به‌رده‌ستى لیژنه‌که‌.
جه‌ختیشى له‌وه‌کرده‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ى له‌لایه‌ن سوپاى پاسدارانى ئێرانه‌وه‌ کراوه‌ته‌ ئامانج "شوێنێکى سڤیله‌ و خانووى سه‌رمایه‌دارێکى سه‌رکه‌وتوو و به‌ڕێزى شارى هه‌ولێره‌. ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ بوو خێزانه‌که‌ى تێیدا ده‌ژیان و، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ پرسه‌ سیاسى و سه‌ربازییه‌کانه‌وه‌ نه‌بووه‌. هه‌موو ئه‌و بیانوویانه‌ى باسده‌کرێن، بێ بنه‌مان".


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ