هونه‌رمه‌ند کامیل قادر ماڵئاوایى له‌ ژیان کرد

04.02.2024
جەماوەر نیوز
هونه‌رمه‌ندى فیلمساز "کامیل قادر" ئه‌ندامى لقى که‌رکووکى سه‌ندیکاى هونه‌رمه‌ندانى کوردستان کۆچى دوایى کرد.
له‌و باره‌یه‌وه‌، لقى که‌رکووکى سه‌ندیکاى هونه‌رمه‌ندانى کوردستان ڕایگه‌یاند، "دواى ململانێ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشى و چه‌ند ڕۆژێک مانه‌وه‌ى له‌ژێر چاودێرى پزیشک، ڕۆژى شه‌ممه‌ (3ـى شوباتى 2024)، هونه‌رمه‌ندى فیلمساز "کامیل قادر" ئه‌ندامى لقى که‌رکوکى سه‌ندیکاى هونه‌رمه‌ندان کۆچى دوایى کرد".
ته‌رمى هونه‌رمه‌ندى کۆچکردوو، به‌ ئاماده‌بوونى که‌سوکار و هاوڕێ و دۆستانى له‌ هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیریانى که‌رکووک، له‌ گۆڕستانى "ڕه‌حیمئاوا" به‌خاکسپێردرا.

وێستگه‌کانى ژیانى هونه‌رمه‌ند
- هونه‌رمه‌ند کامیل قادر حه‌مید، ساڵى 1964 له‌ که‌رکووک له‌دایکبووه‌.
- له‌ ساڵى 1980 وه‌ک ئه‌کته‌ر ڕۆڵى له‌ شانۆى "فایلى ژماره‌ 26" گێڕاوه‌.
- ساڵى 1982 وه‌ک سه‌رپه‌رشتیارى زانستى بۆ به‌شى وێنه‌گرتن کارى کردووه‌ و ڕاهێنان و خولى له‌ باره‌ى به‌کارهێنانى کامێرا بۆ گه‌نجانى که‌رکووک کردووه‌ته‌وه‌.
- ساڵى 1987 به‌شى ژمێریارى په‌یمانگه‌ى کارگێڕى له‌ ناسریه‌ ته‌واو کردووه‌.
- له‌ بوارى نووسینى ده‌قى شانۆیى و سینه‌ماییدا چه‌ندین به‌رهه‌مى له‌ دواى خۆى به‌جێهێشتووه‌. 
- ئه‌ندامى یه‌کێتى هونه‌رمه‌ندانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان بووه‌.
- ئه‌ندامى دامه‌زرینه‌رى هونه‌ره‌ ڕۆشنبیرییه‌کانى عێراق بووه‌.
- ئه‌ندامى ڕێکخراوى سینه‌ماى گه‌لان بووه‌.
- ئه‌ندامى ماڵى سینه‌ما بووه‌ له‌ که‌رکووک.
- ماوه‌ى چه‌ند ساڵێک له‌ ته‌له‌ڤزیۆنى که‌رکووک وه‌ک ئه‌کته‌ر و وێنه‌گرى فۆتۆگرافى کارى کردووه‌.


زۆرترین خوێندراو