چه‌ند زانیارییه‌کى سه‌رنجڕاکێش سه‌باره‌ت به‌ گه‌وره‌ترین وڵاتى جیهان

09.02.2024
جەماوەر نیوز
وه‌رگێڕانى له‌ئینگلیزییه‌وه‌: والى عه‌لی

روسیا یه‌کێکه‌ له‌وڵاته‌ زلهێزه‌کان و رۆڵێکى به‌رچاوى هه‌یه‌ له‌ئاڕاسته‌ى سیاسى و سه‌ربازى له‌جیهاندا. ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌کى سه‌رنجڕاکێشن سه‌باره‌ت به‌م وڵاته‌:

گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ى گازى سروشتییه‌ له‌جیهاندا. له‌سه‌دا 21.3ى کۆى سه‌رجه‌م گازى سروشتى له‌جیهاندا، له‌لایه‌ن ئه‌م وڵاته‌وه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت.

چه‌ندین دارستانى زه‌به‌لاحى تێدایه‌ که‌ بونه‌ته‌ ژینگه‌ى 266 جۆر گیاندارى مه‌مکدارو 780 جۆر باڵنده‌.

خشته‌ى خولى توخمه‌ کیمیاییه‌کان، داهێنانى زانایه‌کى روسییه‌ به‌ناوى دیمیترى مێدیلیڤ.

له‌ڕوى روبه‌ره‌وه‌، گه‌وره‌ترین وڵاته‌ له‌جیهاندا. روبه‌ره‌که‌ى به‌ 17.13 ملیۆن کیلۆمه‌تر دوجا ده‌خه‌مڵێنرێت.

هێنده‌ گه‌وره‌یه‌ که‌ 11 ته‌وقیتى جیاوازى هه‌یه‌.

به‌ به‌راورد به‌ هه‌ر وڵاتێکى ترى جیهان، سنورى له‌گه‌ڵ زۆرترین وڵاتدا هه‌یه‌ که‌ 16 وڵاته‌.
 ژماره‌ى دانیشتوانه‌که‌ى  به‌گوێره‌ى ئامارى 2021، سه‌دو 43 ملیۆن و 400 هه‌زار که‌سه‌. له‌سه‌دا 80ى ئه‌م دانیشتوانه‌، له‌خۆرئاواى وڵاته‌که‌دا ده‌ژین.

له‌سه‌دا 50ى خاکى ئه‌م وڵاته‌ به‌ دارستان داپۆشراوه‌.

پاش جه‌نگى جیهانیى یه‌که‌م، ئیمپراتۆریه‌تى روسیا داڕماو یه‌کێتیى سۆڤیه‌ت دروستبوو.

پاش ئه‌وه‌ى جه‌نگى جیهانیى دووه‌مى برده‌وه‌، یه‌کێتیى سۆڤیه‌ت بوو به‌ زلهێزێکى جیهانیى رکه‌به‌رى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ڕوى هه‌ژمونى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌سه‌ر جیهاندا.

له‌ساڵى 1991 یه‌کێتیى سۆڤیه‌ت، داڕماو روسیاى فیدراڵیى مۆدێرن سه‌رى هه‌ڵدا.

روسیا خاوه‌نى گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گى چه‌کى ئه‌تۆمییه‌ له‌جیهاندا.

له‌ پێنج کورسییه‌ هه‌میشه‌ییه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، یه‌کێکیان هى ئه‌م وڵاته‌یه‌.

ساردترین شار له‌جیهاندا ده‌که‌وێته‌ ئه‌م وڵاته‌وه‌، ئه‌ویش شارى یاکوتسکه‌. به‌گشتى پله‌ى گه‌رما له‌م شاره‌، 8.8ى ژێر سفره‌. ئه‌م شاره‌ ده‌که‌وێته‌ باشورى بازنه‌ى جه‌مسه‌رى باکورى گۆى زه‌وى به‌ دوریى 450 کیلۆمه‌تر. سه‌ربارى ئه‌م که‌شوهه‌وا سارده‌ بێوێنه‌یه‌ى ئه‌م شاره‌، 300 هه‌زار که‌سى تێدا ده‌ژی، ئه‌م ژماره‌یه‌ش دوو ئه‌وه‌نده‌ى ژماره‌ى ته‌واوى دانیشتوانى کۆمارى ساخایه‌ که‌ کۆمارێکى سه‌ر به‌ روسیایه‌.

خاوه‌نى گه‌وره‌ترین هێڵى شه‌مه‌ندۆفێره‌ له‌جیهاندا که‌ ناوى هێڵى شه‌مه‌ندۆفێرى سیبیریابڕه‌. ئه‌م هێڵه‌ که‌ یه‌کێکه‌ له‌قه‌ره‌باڵغترین هێڵه‌کانى شه‌مه‌ندۆفێر له‌جیهاندا، درێژییه‌که‌ى به‌ نۆ هه‌زار کیلۆمه‌تر ده‌خه‌مڵێنرێت. له‌خۆرئاواوه‌، له‌ مۆسکۆ ده‌ستپێده‌کات بۆ ڤلادیڤۆستۆک له‌خۆرهه‌ڵات. چه‌ند هێڵێکى لاوه‌کی، به‌شى خۆرهه‌ڵاتى هێڵه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ به‌ چه‌ند وڵاتێکى دراوسێى وه‌ک چین و مه‌نگۆلیاو کۆریاى باکوره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. ساڵانه‌ 200 هه‌زار کۆنته‌ینه‌ر به‌م هێڵه‌دا ده‌گوازرێنه‌وه‌ که‌ نزیکه‌ى 60 ملیۆن تۆن بار له‌خۆده‌گرن. رۆژانه‌ شه‌مه‌ندۆفێر به‌گشتى 900 کیلۆمه‌تر له‌م هێڵه‌دا ده‌بڕێت.

روسه‌کان تاڕاده‌یه‌ک بڕوایان به‌ خورافیات هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ هه‌ندێکیان له‌و بڕوایه‌دان که‌ خوراندنى چنگى سه‌گ به‌ ده‌ستى چه‌پت، به‌ختێکى باشت بۆ ده‌هێنێت. خورافیاتێکى کۆنى روسیش هه‌یه‌ ده‌ڵێت یه‌که‌م که‌س که‌ ده‌چێته‌ خانویه‌کى تازه‌وه‌ ده‌مرێت، به‌هۆى ئه‌مه‌وه‌ یه‌که‌مجار پشیله‌یه‌کیان ده‌کرده‌ ناو خانووه‌ تازه‌که‌یانه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر پشیله‌که‌ نه‌چویایه‌ته‌ ناو خانووه‌که‌، روسه‌کان خانووه‌که‌یان ده‌ڕوخاندو یه‌کێکى تریان دروستده‌کرد.

مۆزه‌خانه‌یه‌کى لێیه‌ به‌ناوى هێرمیته‌یج که‌ له‌سه‌ده‌ى هه‌ژده‌هه‌مدا دامه‌زرێنراوه‌. ئێستا ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ زیاتر له‌ سێ ملیۆن مادده‌ى تێدایه‌. ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین مۆزه‌خانه‌ى هونه‌رییه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا.

له‌م وڵاته‌ هه‌موو نێرینه‌یه‌کى ته‌مه‌ن 18 بۆ 27 ساڵ پێویسته‌، ساڵێک خزمه‌تى سه‌ربازى بکات.

سه‌رچاوه‌: کتێبى زانیاریخانه‌/ چاپى 34هه‌م/ والى عه‌لی/ زانیاریى ژماره‌ 77 بۆ 94


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ