ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئەنجومەنی ڕاوێژکاری و چاودێری، بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

06.03.2024
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ ٥ـی ئازاری ۲٠۲٤ لە گوندی گوڵەخانەی بناری سورێن، بە سەرپەرشتی سەرۆک محەمەد حاجی مەحمود، کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئەنجومەنی ڕاوێژکاری و چاودێری، بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا.
کۆبوونەوەکە بەساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حزب و گەل دەستیپێکرد، دواتر لەبارەی یادی ۳۳ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ۱۹۹۱، بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود ڕوداوەکەی بە مێژوویی و خاڵی وەرچەرخان لەبزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا پێناسە کرد، ڕۆڵی سەرکردە و فەرماندەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی بەرزنرخاند لە پێشڕەوایەتی خەڵک و جەماوەری کوردستان بۆ گڕدانی مەشخەڵی ڕاپەڕین و ڕوخاندنی قەڵای بەعسییەکان. لە کۆبوونەوەکەدا، بە شانازییەوە، یادی شەهیدی فەرماندەی سۆسیالست، کاکە بەختیار ڕانیەیی وەک یەکەمین شەهیدی دەروازەی ڕاپەڕین کرایەوە.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ڕەوشی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و ڕۆڵ و کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان تاوتوێکراو، بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود جەختی کردەوە کە ڕوداو و گۆڕانکارییەکان لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی عێراق نییە بۆیە بەناچاری و کاتی بەشێک لە داخوازییە ڕەواکانی کورد جێبەجێ دەکەن.
لە تەوەرێکی تردا، باس لە گرنگی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرا وەک زامنێک بۆ كۆتاییهێنان بە زۆرێک لە کێشەکان و بەردەوامیدان بە هەرێمێکی کوردستانی دیموکراسی و بەهێز و ئارام و گەشەسەندو، سەرۆکی حزب هەڤاڵانی ڕاسپارد کە پرسی هەڵبژاردن بخرێتە ئەولەویەتی بەرنامەی کار و هەموو هەوڵ و تواناکان بۆ ئەو پرسە چڕ بکرێتەوە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، باس لە چارەنووسی گێرەشێوێنەکان کرا و کۆبوونەوە بەگرنگی زانی لەپێناو بەرژەوەندی حزب و پاراستنی ڕیزەکانمان ئەو پرسە یەکلابکرێتەوە، هەربۆیە بەپێی بەندەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی کۆنگرەی حەوتەم و بەتێکڕای دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیاری دوورخستنەوەی (عەبدوڵا مەحمود محەمەد سان ئەحمەد)درا لەڕیزەکانی حزب و وەرگرتنەوەی سەرجەم ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی حزب لە ناوبراو.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئەنجومەنی ڕاوێژکاری و چاودێری، بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
٥ـی ئازاری ۲٠۲٤

زۆرترین خوێندراو