سندووقی شێرپەنجە: داوا ده‌کات دەستبەجێ خۆڵکردنە چاوی خەڵک رابگیرێت

11.06.2017
جەماوەر نیوز
سەرۆکی ئەنجوومەنی سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە ڕاگه‌یه‌نراوێکی بڵاوکرده‌وه‌ تێدا هاتووه‌ "وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ خەمخۆری خەڵک و بەتەنگەوەھاتنی سەرجەم چین و توێژەکان بۆ دابینکردنی دەرمان و چارەسەرەکانی شێرپەنجە، رایدەگەیەنین کە کەمبوونەوەی ھەندێک دەرمانی شێرپەنجە پەیوەندی نەبووە بە دابینکردنی پارە بۆ کڕینی دەرمان بەڵکو ھۆکارەکان لۆجیستی بوون و پەیوەندی ھەبووە بە دواکەوتنی بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدڕاڵ و گۆڕینی سیستمی کڕینی دەرمان لە سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکان".

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو " بەداخەوە بەدڕەوشتیی سیاسی گەیشتووەتە ئەو راددەیەی کە بۆ بانگەشەکردن بۆ کاندیدێکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا دۆڕاوە، لایەنێک هاتووە ناسکترین مرۆڤی ئەم وڵاتە کە تووشبووانی شێرپەنجەن بەکاردەهێنێت و دەنگۆی نەمانی دەرمانی شێرپەنجە بڵاودەکاتەوە و کەمپین سازدەکات، لەراستیدا ئەوە کەمپینی کۆکردنەوەی دەنگە نەک کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە".

دەقی روونکردنەوەکەی سندووقی شێرپەنجەیە

وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ خەمخۆری خەڵک و بەتەنگەوەھاتنی سەرجەم چین و توێژەکان بۆ دابینکردنی دەرمان و چارەسەرەکانی شێرپەنجە، رایدەگەیەنین کە کەمبوونەوەی ھەندێک دەرمانی شێرپەنجە پەیوەندی نەبووە بە دابینکردنی پارە بۆ کڕینی دەرمان بەڵکو ھۆکارەکان لۆجیستی بوون و پەیوەندی ھەبووە بە دواکەوتنی بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدڕاڵ و گۆڕینی سیستمی کڕینی دەرمان لە سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکان، کەمبوونەوەی دەرمان لە کۆگاکانی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە تەنیا چەند جۆرێکی دیاریکراو بووە، چارەسەری کاتیی بۆ کراوە و نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار، رێگەش نەدراوە بگاتە ئەو ئاستەی کە یەک نەخۆشی شێرپەنجەش ناچاربێت خۆی دەرمان بکڕێت.

بەداخەوە بەدڕەوشتیی سیاسی گەیشتووەتە ئەو راددەیەی کە بۆ بانگەشەکردن بۆ کاندیدێکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا دۆڕاوە، لایەنێک هاتووە ناسکترین مرۆڤی ئەم وڵاتە کە تووشبووانی شێرپەنجەن بەکاردەهێنێت و دەنگۆی نەمانی دەرمانی شێرپەنجە بڵاودەکاتەوە و کەمپین سازدەکات، لەراستیدا ئەوە کەمپینی کۆکردنەوەی دەنگە نەک کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە.

بە تووندی ئیدانەی بەکارهێنانی نەخۆش و هونەرمەند و کەسایەتییەکانی کوردستان لەو بانگەشە چەواشەکارییەدا دەکەین، داوا دەکەین دەستبەجێ خۆڵکردنە چاوی خەڵک رابگیرێت و کاری قێزەونی وا دووبارەنەکرێتەوە.

داوا لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکەین بە کەمپینە چەواشەکارییەکانی ئەو لایەنە و دەزگا راگەیاندنەکەی باوەڕنەکەن، دڵنیابن سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە پێویستی بە هەڵمەتی وا نییە، ئەمە جگە لەوەی کە هەڵمەتی وا پێویستە  
بە مۆڵەتی پێشوەختەی ئەنجوومەنی سندووق ئەنجام بدرێن کە بەیاسای ژمارە ١١ لەساڵی ٢٠١٢ لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێکھێنراوە هەموو کارەکانی لەلایەن چاودێری دارایییەوە چاودێریدەکرێن، سندووقی شێرپەنجە هەروەک چۆن هەموو توانایەکی خستووەتە گەڕ بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە و پاراستنی ژیانیان، هەموو رێکارە یاساییەکانیش دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی کەڕامەتی نەخۆشە ئەزیزەکانمان و رێگەگرتن لە بەکارهێنانیان لەلایەن چەند هەلپەرستێکی دۆڕاوەوە وەک کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان.

بیری هەمووانی دەهێنینەوە لەکاتێکدا کە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی یەخەی وڵاتی گرتبوو نەمانهێشت دەرمانی شێرپەنجە کەمببێتەوە، کە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتبووە ئاستی شەڕ و پێکدادان و بەغدا دەرمانی بۆ نەدەناردین نەمانهێشت دەرمان کەمببێتەوە، ئێستا کە دۆخەکە لە هەموو رووێکەوە لەوسا باشترە چۆن دەهێڵین قورسایی کڕینی دەرمان بکەوێتە سەر تووشبووانی شێرپەنجە؟

 تەنیا لەم ساڵدا بە بەھای زیاتر لە 10 ملیار دینار دەرمان و پێداویستی پزیشکی دابینکراوە، بەمزووانە دەرمانە دەگمەنەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە دەگەنە هەرێمی کوردستان، لەو رووەوە نەخۆشەکانمان و سەرجەم ھاوڵاتیان دڵنیادەکەینەوە کە ھیچ کێشەیەکی دارایی لە ئارادا نییە و سندووقی شێرپەنجە دەسەڵات و توانای دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجەی هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

لە ماوەی رابردوودا سندوقی شێرپەنجە بەشێوەیەکی هاوتەریب کاری لەسەر دروستکردن و بەهێزکردنی ژێرخانی پزیشکیی چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە و ناردنی ئەو تووشبووە ئەزیزانەی کە لێرە چارەسەرییان نییە بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، زیاتر لە سێ هەزار تووشبووی شێرپەنجە بۆ دەرەوەی وڵات نێردراون بەمەبەستی ئەنجامدانی چارەسەرە جۆراوجۆرەکان، چاندنی مۆخ، پێت سکان و ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییانەی کە لە نێوخۆی وڵات ئەنجامنادرێن، ئەمە جگە لەوەی لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە پەرەپێدان و فراوانکردن و بەهێزکردنی بەردەوامدان و ئامانجمان ئەوەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا لەلایەک پێشگیری لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە بکەین و لەلایەکی دیکەش تەواوی تووشبووانی شێرپەنجە لەنێوخۆی وڵات چارەسەربکرێن، ئەمانە و کۆمەڵیک داتای دیکە لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا لە کۆنفرانسێکدا دەیانخەینە بەر دیدی هاووڵاتییانی کوردستان.

چی دەکەن بیکەن بەڵام تکایە نەخۆشخانەی هیوا و تووشبووانی شێرپەنجە مەئاخننە نێو ململانێ تەسکە حزبی و کەسییەکانتان و سۆزی جەماوەریی بۆ مەرامی تایبەتی مایەپووچتان بەکارمەهێنن.

د. دارا رەشید

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی
سەرۆکی ئەنجوومەنی سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە

زۆرترین خوێندراو