موزاحم ئه‌لحوێت : پێشمه‌رگه‌ له‌ حه‌شدى شه‌عبى وسوپاى عێراق باشتره‌

17.03.2019
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
عومه‌رئاواره‌

موزاحم ئه‌لحوێت،وته‌بێژى هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌کانى پارێزگاى موسڵ له‌ دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر نیوز ،باس له‌ ڕه‌فتاره‌کانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوچه‌که‌یان وچه‌ند پرسێکى دیکه‌ ده‌کات.
جه‌ماوه‌رنیوز: چۆن ده‌ڕواننه‌ ڕه‌فتاره‌کانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوچه‌که‌تان؟
موزاحم ئه‌لحوێت:- حه‌شدى شه‌عبى بۆ خۆى تیرۆریسته‌ وهیچى له‌ داعش که‌متر نییه‌،بگره‌ له‌ داعش دڕنده‌تره‌،ئێمه‌ وه‌کو هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌کانى ناوچه‌ کێشه‌ له‌ سه‌ره‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین که‌ حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوچه‌که‌مان بمێنێته‌وه‌، ئه‌وان درۆ ده‌که‌ن بۆ پاراستنى ئێمه‌ نه‌هاتوون، ئه‌وان هاتوون له‌ ناومان به‌رن،ڕۆژ نییه‌ تاوانى جۆراوجۆر ده‌رهه‌ق دانیشتوانى ناوچه‌که‌نمان ئه‌نجام نه‌ده‌ن ،له‌ ناوچه‌که‌ماندا ئه‌جینداى ئێران جێبه‌جێ ده‌که‌ن وئێرانیش ده‌یه‌وێت سوننه‌ نه‌هێڵێت وله‌ ناوى به‌رێت ، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ناوچه‌که‌مان ئه‌جینداى وڵاتێکى دیکه‌ جێبه‌جێبکات پێویست ناکات له‌ وڵاته‌که‌مان بمێنێت.
جه‌ماوه‌رنیوز: باس له‌ دزینى نه‌وتى موسڵ ده‌کرێت له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ،تا چه‌ند راسته‌؟
موزاحم ئه‌لحویت: به‌ڵێ وایه‌،حه‌شدى شه‌عبى له‌ ئێستادا ده‌ستى به‌ سه‌ر ئه‌و نه‌وته‌ى که‌ له‌ سنورى موسڵدا هه‌یه‌ گرتووه‌ وبه‌بێ پرس کردن به‌ حکومه‌تى عێراق ئه‌و نه‌وته‌ بۆ خۆى ده‌بات وده‌یفرۆشێت،ئه‌و ئه‌و نه‌وته‌ى که‌ له‌ باشورى شاره‌که‌دا هه‌یه‌ به‌ تانکه‌ر به‌ره‌و ئێران ده‌بات،بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانمان ئاگادار کردۆته‌وه‌ به‌ڵام که‌س گوێى لێى نه‌گرتووین،بۆ چاوپۆشیکردنیش له‌م دیارده‌یه‌ پارێزگارى شاره‌که‌ تومه‌تبار کرا به‌وه‌ى که‌ شه‌ریکه‌ له‌و دزێتییه‌،به‌ڵام وا نییه‌ ته‌نها حه‌شدى شه‌عبى ده‌ستى به‌سه‌ر نه‌وته‌که‌دا گرتووه‌ وبۆ خۆى ده‌یبات.
جه‌ماوه‌رنیوز : له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌دان بۆ ناوچه‌که‌تان؟
مه‌زاحم ئه‌لحویت: بۆ ئێمه‌ى عه‌ره‌بى سوننه‌مه‌زهه‌ب هێزى پێشمه‌رگه‌ سه‌دقات له‌ حه‌شدى شه‌عبى وسوپاى عێراق باشتره‌،نه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین که‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌که‌مان به‌ڵکو جه‌خت له‌ سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌که‌ین وداواکارین له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ زوترین کات هێزى پێشمه‌رگه‌ بنێرته‌ ناوچه‌که‌مان چونکه‌ له‌و کاته‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌که‌مان نه‌ماوه‌ ئارامى وخۆشگوزه‌رانى نه‌ماوه‌،،له‌ لایه‌کى دیکه‌وه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌ هێزى خۆمانى ده‌زانین وئه‌و نه‌بوایه‌ ئه‌وا داعش هه‌موومانى قه‌تڵ وعام ده‌کرد.
جه‌ماوه‌رنیوز : ده‌وترێت زیندانى نهێنى له‌ شارى موسڵدا هه‌یه‌ ،راسته‌؟
موزاحم ئه‌لحویت: به‌ڵى راسته‌ وکه‌سێکى نزیک له‌ نورى مالکى سه‌رۆک وه‌زیرانى پیشوتر سه‌رپه‌رشتى ده‌کات وله‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ پاسه‌وانى ده‌کرێت،ئه‌و زیندانه‌ نهێنییه‌ چه‌ندین به‌ند کراوى تێدایه‌ که‌ به‌بێ هۆ ده‌ستگیر کراون له‌ لایه‌ن هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌که‌و له‌ به‌رامبه‌ر ئازادکردنیان داواى پاره‌یه‌کى زۆر له‌ که‌س وکاره‌کانیان ده‌که‌ن.
جه‌ماوه‌رنیوز : تا چه‌ند له‌گه‌ڵ مافه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندان ؟
موزاحم ئه‌لحویت : ئێمه‌ش خۆمان به‌ به‌شێک له‌ هه‌رێمى کوردستانداده‌زانین وهیوادارین به‌ ته‌واوه‌تى بچینه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان،کوردستان ماڵى هه‌موومانه‌ به‌ کوردوعه‌ره‌ب وته‌واوى ئاینزا ونه‌ته‌وه‌کانى دیکه‌،له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستانداین وهه‌رچیش به‌ ئێمه‌ بکرێت دریغی له‌گه‌ڵدا ناکه‌ین ، له‌ ڕیفڕاندۆمه‌که‌ى ساڵى 2017 به‌شداریمان کرد وده‌نگمان به‌ ئازادى وسه‌ربه‌خۆیى کوردستان ودروستبوونى ده‌وڵه‌تى کوردیدا.