ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پیرۆزبایى له‌ مامۆستایان ده‌کات

15.05.2019
جەماوەر نیوز
له‌ په‌یامێکدا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پیرۆزبایى ساڵیادى دامه‌زراندنى له‌ یه‌کێتیى مامۆستایانى کوردستان کرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى:
(٥٧)ه‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنى یه‌کێتیى مامۆستایانى کوردستان، له‌ سه‌رجه‌م مامۆستایانى کوردستان پیرۆز ده‌که‌ین، هیواى به‌رده‌وامى و پێشکه‌وتنى زیاتریان بۆ ده‌خوازین له‌پێناو خزمه‌تکردنى زیاتر به‌ مامۆستایان و داکۆکیکردن له‌ماف و خواسته‌ ڕه‌واکانیان.
یه‌کێتى مامۆستایانى کوردستان خاوه‌نى مێژوویه‌کى پێ‌ له‌ سه‌روه‌رییه‌ و له‌ هه‌موو قۆناغه‌کانى مێژووى بزاڤى ڕزگاریخوازیدا ڕۆڵى گرنگ و کاریگه‌رى هه‌بووه‌، ئێستاش وه‌ک پێشه‌نگى خه‌باتى مه‌ده‌نى و شارستانى له‌ کوردستان خاوه‌ن پێگه‌ و کاریگه‌ریى دیار و به‌رچاوه‌.
مامۆستایانى کوردستان هه‌میشه‌ به‌ گیانى له‌خۆبردوویى و به‌ وره‌ى به‌رزه‌وه‌ ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تیى خۆیان به‌جێ گه‌یاندووه‌، بۆیه‌ له‌ سه‌رکه‌وتنى هه‌ر تاکێک و له‌ پێشکه‌وتنى کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا هه‌میشه‌ پشکى شێریان به‌ر ده‌که‌وێ و چاوه‌ڕوانى به‌شداریى کارایان لێده‌که‌ین له‌ هه‌ر پرۆگرامێکى چاکسازى و پێشخستنى بوارى په‌روه‌رده‌ و خوێندندا.
حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌میشه‌ به‌ ڕێزه‌وه‌ له‌ پێگه‌ و به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ ڕۆڵ و کاریگه‌ریى مامۆستایانى کوردستانى ڕوانیوه‌ و په‌رۆشى دابینکردنى ژیانێکى باشتر و گوزه‌رانێکى ئه‌وتۆیه‌ بۆیان که‌ شایانى پێگه‌ى پیشه‌ پیرۆزه‌که‌یان بێت، ستایش و پێزانینى زۆریشى هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ى به‌ گیانى خۆڕاگرى و هه‌ڵوێستى دڵسۆزانه‌یان له‌ قۆناغى نه‌خوازراوى شه‌ڕى داعش و بڕینى بودجه‌ و کێشه‌ داراییه‌ چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌کاندا، نه‌یاهێشت پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندن په‌کى بکه‌وێت.
حکوومه‌تى هه‌رێم وه‌ک هه‌میشه‌ پشتیوانى هه‌موو مافێکى ڕه‌واى مامۆستایانى کوردستانه‌ و ستایشى ڕۆڵى یه‌کێتیى مامۆستایانى کوردستان ده‌کات بۆ هه‌وڵ و تێکۆشانیان له‌پێناو داکۆکیکردن له‌ ماف و داخوازیى مامۆستایان و هه‌موو پشتیوانییه‌کیان ده‌کات.
به‌رز و پیرۆز بێت ساڵیادى دامه‌زراندنى یه‌کێتیى مامۆستایانى کوردستان.
سڵاو له‌ گیانى به‌رز و پاکى مامۆستا شه‌هیده‌کانى ڕێگاى ڕزگارى و ئه‌وانه‌ى ژیانى خۆیان بۆ خزمه‌تى خوێندن و په‌روه‌رده‌ى ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان ته‌رخان کرد.
سڵاو له‌ گیانى پاکى سه‌رجه‌م شه‌هیدانى کوردستان.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان
15-5-2019



زۆرترین خوێندراو