په‌یامى سه‌رۆکى هه‌رێم به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى ڕۆژووى ئێزیدیان

12/19/2014 7:09:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

به‌رێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌بۆنه‌ى  جه‌ژنى ڕۆژووى ئێزیدی  په‌یامێک ئاراسته‌ى ئێزیدیان ده‌کات که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :

به‌ناوى خوداى مه‌زن و دلۆڤان

خۆشحاڵم که‌ له‌ بۆنه‌ى جه‌ژنى ڕۆژووى ئێزیدییاندا سه‌رکه‌وتنى گه‌وره‌ى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانى کوردستان به‌ دیارى پێشکه‌شى خوشک و برایانى ئێزیدى ده‌که‌ین و، ئه‌مه‌ شیاوترین پیرۆزباییه‌ له‌وان ده‌که‌ین.

ده‌ستپێکردنى ئۆپڕاسیۆنى ڕزگارکردنى ده‌ڤه‌رى شنگال له‌ ڕۆژى ئاڵاى کوردستان و گه‌ییشتنى پێشمه‌رگه‌ به‌ چیاى شنگال له‌ 18 ى کانوونى یه‌که‌مى 2014 ماناى خۆى هه‌یه‌. با هه‌موو دوژمنان و ناحه‌زان بزانن ئه‌گه‌ر جارێک بۆیان بڕه‌خسێت کینى خۆیان به‌رانبه‌ر کورد و کوردستان ده‌ربکه‌ن، له‌ کۆتاییدا باجى تاوانه‌کانیان ده‌ده‌ن و ئه‌بێ تیرۆریستانى داعش ببنه‌ په‌ند بۆ هه‌موو دوژمنان.

هیوادارم به‌یه‌کگه‌ییشتنى ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ مه‌زنه‌ و جه‌ژنى ڕۆژووى خوشک و برایانى ئێزیدى ببێته‌ هۆى ساڕێژبوونى برینى ئێمه‌ و ئه‌و ئازیزانه‌ و گه‌لى کوردستانیش له‌وه‌ دڵنیا ده‌که‌ین که‌ سه‌رى دوژمنان ده‌که‌وێته‌ ژێر پێیان.

هه‌زارن سڵاو له‌ گیانى پاکى شه‌هیدانى هه‌میشه‌ زیندوو. دوعاى چاکبوونه‌وه‌ى به‌ په‌له‌ش بۆ برینداره‌کان و ده‌ست و چاوى هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان ماچ ده‌که‌م که‌ من ده‌زانم چ قاره‌مانییه‌کى مه‌زنیان تۆمار کردووه‌.

مسعود بارزانی
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان
19ـى 12ـى 2014


زۆرترین خوێندراو