سه‌رۆکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى میحوه‌ره‌کانى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى داعش کۆده‌بێته‌وه‌

5/19/2015 4:20:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ 18 ى ئایارى 2015 له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و کۆسره‌ت ڕه‌سول  جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم به‌ئاماده‌بونى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود فه‌رمانده‌ى میحوه‌رى که‌رکوکى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌رپرسانى میحوه‌رکانى روبه‌رونه‌وه‌ى داعش کۆبونه‌وه‌ .

له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که‌ به‌ ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و وه‌زیرانى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ته‌ندروستى و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، به‌ خوله‌کێک وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانى پاکى شه‌هیدانى کوردستان و شه‌هیدانى شه‌ڕى دژى داعش ده‌ستى پێکرد و ئاماده‌بووان هیواى چاکبوونه‌وه‌یان بۆ برینداران خواست و خۆڕاگرى و قاره‌مانێتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانیان له‌ به‌رانبه‌ر چه‌گداره‌ سه‌رلێشێواوه‌کان به‌رز نرخاند.

له‌م دیداره‌دا سه‌رۆکى هه‌رێم تیشکى خسته‌ سه‌ردانه‌که‌ى بۆ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانى ئه‌وروپایى و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ سه‌رۆک و به‌رپرسانى جیهان به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ قاره‌مانێتیى پێشمه‌رگه‌ و سه‌ره‌خۆشیشیان له‌ گه‌لى کوردستان کردووه‌ بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى گیانى خۆیان به‌خشیوه‌ و شه‌هید بوونه‌ و ده‌ستخۆشیشیان له‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان کردووه‌.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا فه‌رمانده‌ مه‌یدانییه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان باسیان له‌ بارودۆخى به‌ره‌کان و گوزه‌رانى پێشمه‌رگه‌ و پێداویستییه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان کرد و تێبینى و پێشنیاره‌کانى خۆیان بۆ باشترکردنى بارودۆخى پێشمه‌رگه‌ و به‌ره‌کانى شه‌ڕ خسته‌ ڕوو. هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا جێگرى سه‌رۆک و وه‌زیرانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ڵێنى ئه‌وه‌یاندا که‌ کار بۆ نه‌هێشتنى که‌موکورتییه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان بکه‌ن و پشتگیریى ته‌واوى خۆیشیان بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ و خێزانى شه‌هید و پێشمه‌رگه‌کان و هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رکردنى بریندارانى شه‌ڕى تیرۆریستان دووپاتکرده‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو