هه‌ڵه‌بجه‌... گردبونه‌وه‌ى ناره‌زایى له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستگیرکردنى (ناسح عه‌بدولره‌حیم) ئه‌نجام ده‌درێت

5/21/2015 8:10:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

رۆژى 20 ى ئایارى 2015 کۆمه‌ڵێک چالاکوانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ به‌رده‌م دادگاى هه‌ڵه‌بجه‌ گردبونه‌وه‌یه‌کى ناڕه‌زایان له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستگیر کردنى چالاکوان (ناسح عه‌بدولره‌حیم)  ده‌ربڕى ، که‌ناوبراو ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر کۆمه‌ڵێک ڕه‌خنه‌ى ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى شاره‌زوور کردبوو به‌رامبه‌ر به‌ ته‌واونه‌کردنى بیناى نه‌خۆشخانه‌ى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌و سستى به‌رَیوه‌به‌رانى شاره‌که‌ به‌رامبه‌ر به‌که‌رتى ته‌ندروستى ، هه‌ر له‌و گردبونه‌وه‌یه‌دا ڕاگه‌یه‌نراوێکیان بڵاوکرده‌وه‌ وێنه‌یه‌کیان بۆ جه‌ماوه‌رنیوز ناردووه‌ .

 ئه‌مه‌ ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یه‌ :

  بۆ :
-ڕاى گشتی
-ڕاگه‌یاندنه‌کان.
- نوسینگه‌ى پارله‌مان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید.
- قائیمقامیه‌تى قه‌زاى مه‌رکه‌زى هه‌ڵه‌بجه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌شت ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ته‌واونه‌بوونى نه‌خۆشخانه‌ى بریندارانى چه‌کى کیمیایی، زیاتر له‌پێنج مانگیش تێده‌په‌رێت به‌سه‌ر ئه‌و مۆڵه‌ته‌ى به‌ وه‌زیر دراوه‌ بۆ چاکسازى له‌که‌رتى ته‌ندروستى له‌سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ نه‌ک هیچ له‌و خاڵانه‌ جێبه‌جێنه‌کراون، به‌ڵکو وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى بۆ بێده‌نگکردنى ده‌نگى ناڕه‌زایه‌تى جارێک سزاى ئیدارى و جارێکیش له‌ڕێگه‌ى دادگاوه‌ ڕێگاى چاکسازى هه‌رچى ته‌سکتر ده‌که‌نه‌وه‌.

که‌رتى ته‌ندروستى له‌هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ئیستادا له‌ته‌رمیناڵیکى گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆش زیاتر له‌هیچ شتێکى تر ناچێت، نه‌بوونى کارمه‌ندى ته‌ندروستى به‌ ژماره‌ و پسپۆڕى پێویست، له‌پاڵ پابه‌ند نه‌بوونى ئه‌و ژماره‌ که‌مه‌ى پزیشکان به‌ ده‌وامى فه‌رمیان و به‌ربڵاوى گه‌نده‌ڵى دارایى و ئیدارى له‌م سنوره‌دا—هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ پاڵپشتى خودى وه‌زیرى ته‌ندروستی—نه‌خۆشى سنورى هه‌ڵه‌بجه‌ى ناچارکردووه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ها له‌ده‌ره‌وه‌ى که‌رتى گشتی.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى گروپى شه‌قامى هه‌ڵه‌بجه‌ جارێکى تر پێداگرى ده‌کات له‌سه‌ر تێکڕاى ئه‌و داواکاریانه‌ى کۆتایى ساڵى ڕابردوو و سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ خراونه‌ته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، هاوکات پێداگرى ده‌کات له‌سه‌ر ده‌ستبه‌جێ ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى شاره‌زوور وه‌ک به‌رپرسى یه‌که‌مى ده‌سه‌ڵاتى خۆجێی، هه‌روه‌ها کارکردن بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌وه‌زیرى ته‌ندروستى وه‌ک به‌رپرسى یه‌که‌م له‌ناته‌ندروستى وه‌زاره‌ته‌که‌ی—نه‌ک به‌ ته‌نها له‌هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ڵکو له‌ته‌واوى ناوچه‌کانى دیکه‌ى کوردستانیش.

ئێمه‌ له‌ماوه‌ى ڕابردوودا به‌ ڕێگاى جیاواز هاوکارى که‌رتى ته‌ندروستى بووین له‌دیاریکردنى گرفت و کێشه‌کان،زیاتر له‌پێویستیش مۆڵه‌تمان به‌ خودى وه‌زیر دا بۆ ئه‌نجامدانى چاکسازی، به‌ڵام چیدى چاوه‌رێ نابین و له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو له‌داواکارى گشتى کۆى گه‌نده‌ڵیه‌کانى پزیشک و به‌رپرسان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو و سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار ده‌که‌ین. هاوکات داوا ده‌که‌ین له‌قوربانیانى ده‌ستى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى سکاڵا تۆمار بکه‌ن و ئێمه‌ش هاوکاریان ده‌بین له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ى مافه‌کانیان. 

ئێمه‌ جارێکى تر به‌ڵێن ده‌ده‌ین به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر کار و چالاکیه‌کانمان بێ گوێدانه‌ هیچ ئاسته‌نگ و ڕێگریه‌ک، به‌ توندیش ئیدانه‌ى ده‌ستگیرکردنى ڕۆژنامه‌نوس و چالاکوان ناسیح عه‌بدول ڕه‌حیم ده‌که‌ین که‌ هه‌رده‌م و هیچ کات نه‌ میله‌کانى زیندان و نه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و نه‌ سزاى ئیدارى له‌توانایاندا نه‌بووه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ دلێره‌ بێده‌نگ بکه‌ن.

گروپى شه‌قامى هه‌ڵه‌بجه‌
٢٠ ى ئایارى ٢٠١٥


زۆرترین خوێندراو