حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌که‌ڵ پرۆژه‌ى نه‌ته‌وه‌و یاسایه‌کدایه‌ ژیانى جه‌ماوه‌رى کوردستان مسۆگه‌ر بکات

6/30/2015 10:43:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


مه‌کته‌بى راگه‌یاندنى ناوه‌ندى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان راگه‌یه‌ندراوێک بۆ راى گشتى و جه‌ماوه‌رى کوردستان له‌سه‌ر ره‌وشى ساسى هه‌رێم بڵاو ده‌کاته‌وه‌و تیایدا هاتووه‌ ئێمه‌ وه‌ک حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان جه‌ماوه‌رى کوردستان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ین، ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ خۆمان به‌راست و پێویستى ده‌زانین، ئێمه‌ بۆ دروستکردنى ئه‌مرۆ خوێنێکى زۆرمان به‌خشیوه‌ بۆیه‌ به‌خوێنیش پاراستوومانه‌و ده‌یپارێزین .

ئه‌مه‌ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یه‌ :

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
له‌که‌ڵ پرۆژه‌ى نه‌ته‌وه‌و یاسایه‌کدایه‌ ژیانى جه‌ماوه‌رى کوردستان مسۆگه‌ر بکات


جه‌ماوه‌ری تیکۆشه‌ری کوردستان ...

 رۆژى 23-6-2015 په‌رله‌مانی کوردستان یان ڕونتر بلێین چوار حزب له‌ پێنج حزبه‌که‌ی ده‌سه‌لات کۆبوه‌وه‌، بۆ خویندنه‌وه‌ی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک به‌ناوی هه‌مواری یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمى کوردستان.

 ئیمه‌ له‌ حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان پێمانوایه‌ له‌م رۆژانه‌دا هه‌رێمى کوردستان به‌ بارودۆخێکى دژوارى ناوخۆیى و ده‌ره‌کیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، قۆناغێک که‌: 

1- ماوه‌ى پتر له‌ 18 مانگه‌ جه‌ماوه‌رى کوردستان ڕووبه‌ڕووى هه‌ڵمه‌تێکى توندى برسیکردن و شه‌ڕى بڕینى قوت و مووچه‌و بودجه‌ى له‌که‌ڵ ده‌کرێت له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه‌و ئه‌وه‌ ساڵ و نیوێکه‌ ژیانى ئابوورى کوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵته‌کاندن و وێرانکردنێکى دڵره‌قانه‌دایه‌، پرۆژه‌کانى ژێرخان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌، بنیادنان و پێداویستى خزمه‌تگوزارى ئیفلیج بوون، نه‌ک موچه‌ى کابانى ماڵ و نه‌خۆش و که‌مئه‌ندام و پیرو به‌ککه‌وته‌ دابین نه‌کرا به‌ڵکو موچه‌ى فه‌رمانبه‌رو سه‌رپه‌رشتیاره‌ کرێکارو که‌ناس و کارگوزارو هه‌ژاره‌کانیشیان به‌ 90 رۆژ جارێک به‌هه‌زار فه‌لاکه‌ت ده‌گاته‌ ده‌ستیان .

2- ماوه‌ى ساڵێکه‌ کوردستان له‌شه‌ڕێکى خوێناویدایه‌ دژ به‌تیرۆرستانى داعش و ئه‌وه‌ ساڵێکه‌ ڕۆڵه‌ى ئه‌م میلله‌ته‌ له‌ که‌رکوک و موسڵ و دیاله‌ خوێنى لێ ده‌چۆڕێت، ڕۆژانه‌ سندوقى ته‌رمى کوڕى هه‌ژارى کورد له‌ بازگه‌کانى هه‌ولێرو سلێمانى و دهۆک و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و سۆران و شاره‌زووره‌وه‌ به‌ به‌رگى خوێنینه‌وه‌ ده‌گاته‌ وه‌ خێزان و که‌سوکاریان.

3- به‌ سه‌دان هه‌زار به‌ڵکو ملیۆن ئاواره‌ له‌خوشک و برایانى کوردى ڕۆژئاواى کوردستان و موسڵ و شه‌نگال و سه‌عدیه‌و جه‌له‌ولاو ناوچه‌کانى ترى کوردستان و عێراق ڕوویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌و سه‌ره‌ڕاى خراپى دۆخى ژیان و گوزه‌رانى ئه‌وان، بارگرانیه‌کى قورسیشه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌.


 له‌ وه‌ها دۆخێکدا که‌ خه‌ڵکى کوردستان ڕۆژانه‌ کوڕو کچى له‌ به‌ره‌کانى جه‌نگدا شه‌هید ده‌بن، ڕۆژانه‌ ڕۆڵه‌ى ئه‌م میلله‌ته‌ بریندارو که‌نه‌فتى سه‌ر جێگه‌ ده‌بن، خه‌ڵکى کوردستان بێ موچه‌و گوزه‌رانه‌و له‌ هه‌ژاریه‌کى کوشنده‌دا ده‌ژین، خزمه‌تگوزاریه‌کانى ئاو و ئاره‌با وه‌ک پێویست نین، قه‌یرانى سوته‌مه‌نى و گازو به‌نزین شه‌قامه‌کانى پڕکردوه‌ له‌سه‌ره‌ى جۆراو جۆرو ڕۆژانه‌ هه‌ره‌شه‌ى مه‌ترسى ترو گرانى ترو قه‌یرانى تر هاووڵاتیانى کردۆته‌ ئامانج، نه‌خۆشخانه‌کان ده‌رمانى پێویستیان تێدا نیه‌، سیسته‌مى ته‌ندروستى بۆته‌ بـــه‌ربه‌رستانێک که‌ ڕۆژانه‌ خه‌ڵک تیایدا ده‌بێته‌ قوربانى، خێزانێک ( 13 ) ساڵ چاوه‌ڕوانى کۆرپه‌یه‌و له‌ڕۆژى له‌دایکبوونیدا به‌ که‌مته‌رخه‌مى و خوێنساردى نه‌خۆشخانه‌کان ده‌مرێت، سیسته‌مى په‌روه‌رده‌و خوێندن وێران بووه‌و رۆژانه‌ خوێندکارى کورد یان له‌ به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى ده‌سته‌و ئه‌ژنۆیه‌ یان له‌ژێر بارى گرانى ده‌روونیدا خۆى ده‌کوژێت، زۆر سه‌یره‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ وه‌ک با به‌لاى گوێى ده‌سه‌ڵاتى پێج حزبه‌که‌دا دێ و ده‌ڕوات و له‌برى چاره‌سه‌ر هه‌وڵ ده‌درێت له‌ئێستاوه‌ خه‌ڵک بۆ هه‌ڵبژاردنى دوو ساڵى تر جۆش بدرێن و به‌ڵێنه‌کانى پێشووى بیرچێته‌وه‌.

جه‌ماوه‌رى کوردستان...

 حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان حزبى ڕۆژانى سه‌ختى خه‌باتى کوردو ناهه‌موارییه‌کانى ئێوه‌یه‌، ئێمه‌ سه‌لماندمان کـــه‌ حــزبـــــى ســۆسیـــالیست و جه‌نابى کاک محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود هه‌ر ڕۆژێک مه‌ترسى هه‌بێت له‌گه‌ڵتانه‌و له‌هێڵى پێشه‌وه‌ى به‌رگریدایه‌ بۆ پارێزگارى له‌بوون و که‌رامه‌تى جه‌ماوه‌رى کوردستان، ئه‌گه‌ر له‌ حکومه‌ت و کۆبوونه‌وه‌کانی دابه‌شکردنى ده‌سه‌ڵات و پۆست و ئیمتیاز بێبه‌ش ده‌کرێین، ئه‌وا له‌ ته‌نگانه‌دا سکرتێرو حزبى سۆسیالیست له‌برى بڕینى بلیتى ته‌یاره‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ى کوڕو خێزان بۆ شاره‌ ئارامه‌کانى پاریس و له‌نده‌ن و ڕۆماو ئه‌وانى تر، رۆڵه‌کانى خۆمان ده‌نێرینه‌ به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى جه‌نگ و بێئه‌وه‌ى منه‌ت به‌سه‌ر که‌سدا بکه‌ین ڕۆڵه‌کانمان له‌و پێناوه‌دا به‌کوشت ده‌ده‌ین، دڵنیاشین خه‌ڵکى کوردستان ئه‌و ڕاستیانه‌یان هه‌میشه‌ له‌بیرو زاکیره‌یدایه‌ و باش تێده‌گه‌ن که‌ ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێت ته‌نها بۆ خافڵاندنى شه‌قام و خه‌ڵکه‌، ئه‌گه‌ر نا:

1- ئه‌وه‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگه‌ کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ندامانى پێچ حزبه‌که‌ به‌ناوى کۆمیسۆنى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ پۆست و پله‌یان به‌شکردوه‌و به‌شده‌که‌ن، (11) که‌سیان به‌ پله‌ى وه‌زیرو وه‌کیل وه‌زیر موچه‌ وه‌رده‌گرن و دۆست و ئه‌حباب و ئه‌ندامی خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واریان به‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و به‌ڕێوبه‌ر داده‌مه‌زرێنن له‌م کۆمیسۆنه‌ وه‌همیدا، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستى ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردن بکرێت بۆ خۆیان ئاماده‌ نه‌کرد، ئه‌وان که‌ نوێنه‌رى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مڕۆ و ئۆپۆزسیۆنى دوێنێن بۆ که‌سێک نه‌یوت ئاخر شه‌ش مانگ موچه‌ى وه‌کیل وه‌زیرى به‌بێئه‌وه‌ى به‌ردێک له‌سه‌ر به‌رد دابنرێت حه‌رامه‌، ئێوه‌ ده‌زانن به‌گوێره‌ى لێکدانه‌وه‌و حاسیبه‌که‌ى جارانى خۆیان، موچه‌ى هه‌ریه‌ک له‌و به‌ڕێزانه‌ 5 ملیۆن دینارو ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر دابه‌شبکرێت ده‌کاته‌ موچه‌ى 20 مانگى  کرێکارێکى شاره‌وانى، خزمه‌تگوزارێک.

2- خوێندنه‌وه‌ى هه‌ر پرۆژه‌ یاسایه‌ک به‌بێ هه‌ر پێنج حزبه‌که‌ى ده‌سه‌ڵات و ڕێکه‌وتنى ژێربه‌ژێرو پێشوه‌خته‌ى خۆیان ته‌نها خه‌ڵک مه‌شغول کردنه‌، چونکه‌ به‌پێى یاسا هه‌ر بڕیار و یاسایه‌ک له‌ په‌ڕله‌مان به‌زۆرینه‌ى (نیوه‌+یه‌ک) ده‌رده‌چێت ده‌بێت سه‌رۆکى هه‌رێم ئیمزاى بکاو ئه‌گه‌ر سه‌رۆک ئیمزاى نه‌کرد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ په‌ڕله‌مان و ئه‌مجاره‌ ده‌بێت به‌ ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ده‌ربچێت که‌ ته‌نها به‌هه‌ر پێنجیان ڕه‌تده‌بێت وه‌ک چۆن هه‌موو شتێکى ئه‌م ووڵاته‌ ته‌قسیمى پێنج کراوه‌، واته‌ ئه‌وه‌ى کراوه‌ ته‌نها که‌سبى کات و ده‌نگى ناڕه‌زایی خه‌ڵکه‌، ئه‌گه‌رنا خۆ ئاماده‌کردنه‌ بۆ ململانێیه‌ک که‌ ته‌نها جه‌ماوه‌رى کوردستان باجه‌که‌ى ده‌دات.


 ئێمه‌ ئه‌و ڕاستیانه‌ ده‌زانین و پێمانوایه‌ خه‌ڵک له‌وه‌ ماندووتره‌ که‌ مه‌ترسى شه‌ڕو ململانێى ناوخۆیی پیشان بدرێ و سه‌ربارى قورسى ژیان و مه‌ترسى داعش و ماڵوێرانى، ئه‌م مه‌ترسیه‌ش بخرێته‌ سه‌رشانیان.

ئێمه‌ جارێکى تر جه‌ماوه‌رى کوردستان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌ به‌ره‌و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ین، ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ خۆمان به‌راست و پێویستى ده‌زانین، ئێمه‌ بۆ دروستکردنى ئه‌مرۆ خوێنێکى زۆرمان به‌خشیوه‌ بۆیه‌ به‌خوێنیش پاراستوومانه‌و ده‌یپارێزین، دڵنیاش بن قه‌رزارى پێدانى وه‌زیرو وه‌کیل وه‌زیرو کۆمیسۆن و مسته‌شارو مودیرعام و پۆست و پله‌ى زۆرو زه‌وه‌ندى هیچ حزب و که‌سێک نین که‌ ئه‌مرۆ شانه‌ کزو ده‌سته‌و خوارى بین و شه‌رم له‌ڕاى خۆمان بکه‌ین، ئه‌وه‌ی ئێستاش هه‌وڵى به‌لاڕێدا بردنى ئه‌و ڕاستیانه‌ بدات، بیگومان کات له‌پێشه‌و هه‌ر ڕوونده‌بێته‌وه‌، ڕۆژانى سه‌خت ماون و قولى ڕه‌ش و سپى له‌بواردا ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وکات با جه‌ماوه‌رى کوردستان حه‌که‌م بێت.




مه‌کته‌بى ڕاگه‌یاندنى ناوه‌ندى
حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
30-6-2015


زۆرترین خوێندراو