ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران نیگه‌رانى خۆى بۆ ڕووداوه‌کانى عه‌فرین ده‌رده‌بڕێ

1/22/2018 5:39:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22 ى کانوونى دووه‌مى 2018 به‌ سه‌رپه‌رشتیى بنێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کۆبووه‌وه‌.

سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌‌ باس له‌ دوا پێشهاته‌کانى شارى عه‌فرین و ده‌وروبه‌رى له‌ سووریا کرا. ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران نیگه‌رانیى خۆى بۆ ڕووداوه‌کانى عه‌فرین ده‌ربڕی، به‌تایبه‌تى که‌ خه‌ڵکى سڤیل له‌و ڕووداوانه‌دا بوونه‌ته‌ قوربانی، داواى کرد هه‌موو لایه‌ک دان به‌خۆیاندا بگرن و کێشه‌کان دوور له‌ توندوتیژى چاره‌سه‌ر بکرێن و هاووڵاتیانى سڤیل له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیانه‌دا نه‌کرێنه‌ ئامانج.

دواتر باس له‌ سه‌ردانى شاندى باڵاى هه‌رێمى کوردستان بۆ به‌غدا کرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى سه‌ردانى به‌غدا و دیدار و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ پێشکه‌ش کرد.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌و سه‌ردانه‌ى به‌ هه‌نگاوێکى ئه‌رێنى و سه‌ره‌تایه‌کى باش بۆ توانه‌وه‌ى به‌سته‌ڵه‌کى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ده‌ستپێکرنى دانوستان و ئاساییکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌قه‌ڵه‌م دا، ئه‌وه‌ش بیرهێنرایه‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دیالۆگ و لێکگه‌یشتنى به‌ گونجاوترین ڕێگه‌ى چاره‌سه‌رى کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کان زانیوه‌ و ئێستاش ئه‌نجومه‌ن له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ گفتوگۆى هاوسه‌نگ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا به‌ شێوه‌یه‌ک مافه‌کانى گه‌لى کوردستانى تێدا ده‌سته‌به‌ر بکرێت، باشترین ڕێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان.

له‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ سه‌ردانى شاندى باڵاى هه‌رێمى کوردستان بۆ تارانى پایته‌ختى کۆمارى ئیسلامیى ئێران کرا. له‌مباریه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌ کردنه‌وه‌ى ده‌رگاکان به‌ڕووى هه‌رێمى کوردستاندا له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمى کرد و به‌ هه‌نگاوى زۆر به‌رهه‌مدارى بۆ هه‌رێمى کوردستان زانی. دواتر به‌ وردى باسى له‌ دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانى شاندى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌ به‌ڕێزان سه‌رکۆمار حه‌سه‌ن ڕۆحانی، سکرتێرى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عه‌لى شه‌مخانی، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران عه‌لى لاریجانى کرد و به‌ سه‌ردانێکى زۆر سه‌رکه‌وتوو و به‌رهه‌مداى وه‌سف کرد.

ڕاشیگه‌یاند ئێران هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌کانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و پاراستنى ئاسایشى یه‌کتریدا فراوانتر بکات، وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجام بدات و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌رکرنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌پێى ده‌ستوور و دابینکردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ ‌گه‌ر ده‌ستوور وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرابووایه‌ ئه‌وا هیچ کام له‌و کێشانه‌ى ئێستا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ن، نه‌ده‌هاتنه‌ ئاراوه‌.

دواى پێشکه‌شکردنى چه‌ند ڕا و سه‌رنجێک له‌لایه‌ن وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌کانه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌ردوو سه‌ردانى شاندى باڵاى هه‌رێمى کوردستانى بۆ به‌غدا و تاران به‌ هه‌نگاوى زۆر گرنگ و ئه‌رێنى وه‌سف کرد، به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ده‌ستپێکردنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و کرانه‌وه‌ى زیاتر به‌ڕووى وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمیدا.



زۆرترین خوێندراو