عه‌بادی: دانوستاندن له‌باره‌ى پرسى کۆنترۆڵکردنى ده‌روازه‌ سنورییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کان وناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم درێژه‌ى هه‌یه‌

1/16/2018 8:11:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز






حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق  رایگه‌یاند هه‌ڵبژاردنه‌کانى وڵاته‌که‌ى دواناخرێت که‌ بڕیاره‌ له‌مانگى ئایارى ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ بچێت و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌دانوستان له‌سه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرانى قۆناغى  داهاتوو نه‌کردووه‌ .

عه‌بادى له‌ کۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى هه‌فتانه‌ى خۆى له‌به‌غدا رایگه‌یاند: "هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌رگیز دواناخرێت و له‌ واده‌ى خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت. پرسى رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا جێگه‌ى باسه‌، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا هیچ دانوستانێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌کراوه‌ که‌ببێت به‌سه‌رۆک وه‌زیران له‌ قۆناغى داهاتوودا ".

سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حه‌شدى شه‌عبى و گرووپه‌ چه‌کداره‌کانى دیکه‌ به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان ناکه‌ن و وتیشی: "هه‌وڵى زه‌مینه‌یه‌ک بۆ سیاسه‌ت ده‌ده‌ین که‌ له‌ سه‌رووى مه‌زهه‌به‌کان بێت و دوور بێت له‌ په‌رته‌وازه‌یی. هاوکات هه‌وڵه‌کانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ێ‌ بۆ ئه‌وه‌ى بڕیار و ئیراده‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق په‌یوه‌یست نه‌بێت به‌ هیچ وڵاتێک".

حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق سه‌باره‌ت به‌گفتوگۆو دانوسان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان ووتى  که‌ دانوستاندن له‌باره‌ى پرسى کۆنترۆڵکردنى ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کان و هه‌روه‌ها ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان درێژه‌ى هه‌یه‌ و وتیشی: "هه‌وڵى چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م پرسانه‌ ده‌ده‌ین. هه‌ماهه‌نگییه‌ک له‌ لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران جددین". 


زۆرترین خوێندراو