سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌ئه‌نکه‌ره‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌به‌رپرسانى تورکیا کۆده‌بێته‌وه‌

4/22/2015 7:14:00 PM
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22 ى نیسانى 2015 ، له‌ کۆشکى کۆماریى له‌ ئه‌نکه‌ره‌ى پایته‌خت پێشوازییه‌کى ره‌سمیى له‌فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عێراق کرا که‌ سه‌رۆکى تورکیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان و ژماره‌یه‌ک له‌ گه‌وره‌ لێپرسراوانى تورکیا ئاماده‌ى بون.

رێوڕه‌سمیى پێشوازیکردنه‌که‌ به‌ سڵاوى نیشتمانیى عێراق و ته‌قاندنى 21 تۆپ بۆ به‌خێرهاتن و پێشوازیکردن له‌ سه‌ردانى سه‌رۆک کۆمارى عێراق ده‌ستیپێکرد، دواتر به‌ڕێزیان و سه‌رۆک ئه‌ردۆگان پاسه‌وانى شه‌رفیان پشکنی.

دواى ئه‌و رێوڕه‌سمه‌ هه‌ردو سه‌رۆک به‌ دوقۆڵیى کۆبونه‌وه‌ و چه‌ندین دۆسیه‌ و مه‌سه‌له‌ى گرنگى جێ بایه‌خى هاوبه‌شیان تاوتوێکرد له‌هه‌مویان گرنگتر قه‌ڵاچۆکردنى تێرۆر بو له‌ ناوچه‌که‌، رێوشوێنه‌کانى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ردو وڵاتیش له‌ بواره‌کانى سیاسیى و ئابوریى گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا.

دواى کۆبونه‌وه‌ دوقۆڵییه‌که‌ى نێوان هه‌ردو سه‌رۆک، کۆبونه‌وه‌یه‌کى فراوان به‌ڕێوه‌چوو که‌ وه‌فدى هاوڕێى سه‌رۆک کۆمار و هاوتا تورکییه‌که‌ى له‌ خۆ گرتبوو تیایدا ئه‌و رێوشوێنانه‌ باسکران که‌ فاکته‌رى فراوانبونى روبه‌رى هاریکاریى نێوان هه‌ردو ده‌وڵه‌تى دۆستن له‌ ئاسته‌ جیاجیاکاندا به‌ تایبه‌ت ئه‌منیى و ئابوریی، ئه‌و میکانیزمانه‌ش تاوتوێکران که‌ کاره‌کانى ئه‌نجومه‌نى سیاسه‌تى ستراتیژیى هاوبه‌ش کارا و چالاک ده‌که‌ن.

چه‌ندین مه‌سه‌له‌ى په‌یوه‌ست به‌ مه‌سه‌له‌ ى ئاسایشى ناوچه‌که‌ و رێوشوێنه‌کانى قه‌ڵاچۆکردنى تێرۆرله‌ ناوچه‌که‌ش باس و خواسیان له‌باره‌وه‌ کرا.


زۆرترین خوێندراو