نێچیرڤان بارزانی: نزیکبووینه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا پاشه‌که‌وتى مووچه‌ نه‌مێنێت

3/28/2018 6:07:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







دواى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28 ى مارسى  2018ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند پرسێکى په‌یوه‌ست به‌ مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان و خۆپیشاندان و توندوتیژییه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى شار و شارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و بارودۆخى ناوچه‌که‌ی خسته‌ ‌ڕوو.

سه‌ره‌تا نێچیرڤان بارزانى له‌ وته‌یه‌کدا ووتى "ئه‌مڕۆ کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانمان هه‌بوو، بابه‌تى سه‌ره‌کیى کۆبوونه‌وه‌، پاشه‌که‌وتى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان بوو. پێش ئێستا ئێمه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تایبه‌ت به‌ بابه‌تى مووچه‌، مووچه‌کانمان که‌م ده‌کرده‌وه‌ به‌پێى ئه‌و داهاته‌ى که‌ هه‌مانبوو، دواى سێ ساڵ له‌ سه‌ختیى ژیانى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى که‌ به‌ ‌ڕاستى به‌رگه‌ى زۆریان گرت. دیسان‌ ده‌مه‌وێ بڵێم جێگه‌ى ڕێز و پێزانین بۆ تێگه‌یشتنیان بۆ بارى داراییى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌و دۆخه‌ ناخۆشه‌ى دواى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ ساڵى 2014 و شه‌ڕى داعش و دابه‌زینى نرخى نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌کى به‌رچاو هاته‌ ئاراوه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووى هۆکار بوون که‌ نه‌توانین وه‌ک پێویست له‌م چه‌ند ساڵه‌دا مووچه‌ى ته‌واو بۆ مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان دابین بکه‌ین".

له‌ به‌رده‌وامیى وته‌که‌یدا ڕایگه‌یاند "ئه‌مڕۆ دواى سێ ساڵ خۆشحاڵم‌ ڕایبگه‌یه‌نم که‌ له‌ به‌رژوه‌ندیى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستاندا، هه‌نگاوێکى زۆر باشمان بڕیوه‌ به‌ ئاراسته‌ى کۆتاییهێنان به‌ پاشه‌که‌وتى مووچه‌. ئه‌مه‌ هه‌مووى نییه‌، به‌ڵام هه‌نگاوێکى گرنگه‌ و ده‌توانم بڵێم دواى ئه‌و چاکسازییانه‌ى که‌ ئێستا پڕۆژه‌که‌ى له‌ په‌رله‌مانى کوردستانه،‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و قۆناغه‌ى به‌ ته‌واوه‌تى بابه‌تى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا نه‌هێڵین. به‌ڕێزان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى و سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران که‌ له‌گه‌ڵ من لێره‌ن، ورده‌کاریى ئه‌م بڕیاره‌ى ئه‌مڕۆتان بۆ باس ده‌که‌ن. وه‌ک باسم کرد هه‌نگاوى باشمان ناوه‌ و زۆر نزیکبووینه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا به‌و چاکسازییانه‌ى ئه‌نجامى ده‌ده‌ین، بابه‌تى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ ته‌واوه‌تى نامێنێت".

دواتر له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ قۆستنه‌وه‌ى ناڕه‌زایه‌تیى مووچه‌خۆران له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێکى سیاسییه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانى ئاشکراى کرد "بابه‌تى داواکاریى ئه‌وانه‌ى دێنه‌ سه‌ر شه‌قام، داواکارییه‌کى ڕه‌وایه‌ و مافى خۆیانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ى ڕابردوودا بینیمان، بابه‌ته‌که‌ داواکاریى شه‌قام، مامۆستا و کارمه‌ندانى ته‌ندروستى نه‌بوو، به‌قه‌د ئه‌وه‌ى هێزه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان ده‌یانه‌ویست بۆ مه‌رامى سیاسی، خۆپیشاندانه‌که‌ بۆ به‌رژوه‌ندیى خۆیان بقۆزنه‌وه‌. وه‌ک حکوومه‌ت، دژى ئه‌م ڕه‌فتاره‌ین و قبووڵیشى ناکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى دیکه‌یان که‌ خه‌ڵک داواى هه‌یه‌، خه‌ڵک مافى خۆیه‌تى و پرسى خۆپیشاندانیش به‌ یاسا ڕێکخراوه‌ و زۆر ئاسایییه‌ خۆپیشاندان بکه‌ن و داواى مافى خۆیان بکه‌ن و بێگومان حکوومه‌تى هه‌رێمیش تێگه‌یشتنێکى ته‌واوى بۆ ئه‌م پرسه‌ هه‌یه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ى نه‌گاته‌ بابه‌تى تێکدان و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ له‌ کوردستان. ئێمه‌ تێگه‌یشتنمان هه‌یه‌، به‌ڵام که‌ ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک حزب بیانه‌وێت سوود له‌و بابه‌ته‌ ببینن، بێگومان حکوومه‌ت قبووڵى ناکات و زۆریش به‌ توندى وه‌ڵامى ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌داته‌وه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت ئاژاوه‌ له‌ کوردستان بنێنه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى ڕابردوو، سه‌رۆکى حکومه‌ت ڕایگه‌یاند "په‌یوه‌ندیى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا زۆر باشه‌ و له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا ئه‌مه‌ریکا یارمه‌تیى هه‌رێمى کوردستانى داوه‌ و به‌بێ یارمه‌تیى ئه‌مه‌ریکا زۆر سه‌خت بوو بتوانین داعش له‌ شوێنى خۆى بوه‌ستێنین و هه‌رده‌م ڕێز و پێزانینمان بۆ ئه‌مه‌ هه‌یه‌. ئه‌مه‌ریکا یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ دابینکردنى به‌شێک له‌ بودجه‌ى پێشمه‌رگه‌ که‌ نزیکه‌ى 25 ملیار دیناره‌ و به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى په‌یوه‌ندییه‌کانى ئێمه‌ و ئه‌مه‌ریکا باشه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کى دۆستانه‌یه‌ و هیوادارین بتوانین له‌ هه‌موو بواره‌کاندا ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ په‌ره‌ى پێ بده‌ین، به‌تایبه‌تى له‌ ‌ڕووى ئابوورییه‌وه‌".

ده‌رباره‌ى دروستبوونى توندوتیژى له‌ خۆپیشاندانه‌کاندا، به‌ڕێزیان ئاشکراى کرد "بۆ کۆتاییهێنان به‌ دروستکردنى ئاژاوه‌ له‌ وڵات و شاره‌کانى خۆماندا، هه‌موو ڕێگاکان ده‌گرینه‌ به‌ر و هه‌رچى پێویست بێت ده‌یکه‌ین و ناهێڵین ئاژاوه‌ و ڕێگرى و کێشه‌ له‌ناو شاره‌کان دروست ببێت".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى ووتى "جه‌نابى وه‌زیرى دارایى باسى ئه‌و ورده‌کارییانه‌تان بۆ ده‌کات و ژماره‌کانتان بۆ باس ده‌کات که‌ چ بڕیارێک دراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بڕیارێکى باشمان داوه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان و زۆر له‌وه‌ نزیکبووینه‌ته‌وه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا بابه‌تى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ هه‌ر نه‌مێنێت".

ده‌رباره‌ى سوود وه‌رگرتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و کاندیده‌کانیان له‌ ناڕه‌زایه‌تیى خۆپیشانده‌ران و تۆمه‌تبارکردنى حکوومه‌ت، ئاشکراى کرد "ئه‌و لایه‌نانه‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا سه‌ریان له‌ به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراقیش تێکدابوو، سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق نه‌یده‌زانى چى بکات، چونکه‌ پێیان ده‌گوت مووچه‌ى هه‌رێمى کوردستان ڕاسته‌وخۆ بۆ حکوومه‌ت مه‌نێره‌، پێیان ده‌گوت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێم مه‌که‌ و ئامۆژگارییان ئه‌وه‌ بوو بۆی، خۆشبه‌ختانه‌ خودى به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانیش ئه‌وه‌ى باس کرد که‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ ئه‌و شتانه‌یان پێ گوتووه‌ و هه‌ندێک له‌ په‌رله‌مانتاران و حزبى سیاسی، به‌رده‌وام له‌ ڕێى به‌غدا بوون بۆ ئه‌وه‌ى ئامۆژگاریى عه‌بادى بکه‌ن که‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان نه‌کات. به‌ سوپاسه‌وه‌ جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیران ده‌ستوورى پێشێل نه‌کرد، چونکه‌ به‌پێى ده‌ستوور لایه‌نى به‌رامبه‌ر که‌ پێویسته‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ بکات حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌ وه‌ک قه‌واره‌یه‌کى سیاسى و ده‌ستووری".

هه‌روه‌ها ووتى "قسه‌م بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌م چه‌ند مانگه‌ى که‌ بودجه‌ دواکه‌وتووه‌ و نه‌هاتووه‌، ئه‌وان لێی به‌رپرسیارن، چونکه‌ سه‌ریان له‌ جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیران تێکدابوو، که‌ چ بڕیارێک ڕاسته‌ بیدات و چ بڕیارێک هه‌ڵه‌یه؟!‌ خۆشبه‌ختانه‌ به‌هۆى ئه‌و ڕوونکردنه‌وانه‌ى ئێمه‌ بۆمان دا، ئه‌و له‌ ئه‌نجامدا له‌ بابه‌ته‌که‌ تێگه‌یشت و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد و به‌ سوپاسه‌وه‌ فڕۆکه‌خانه‌کانیشى کرده‌وه‌ و ئه‌مه‌ش جێگه‌ى پێزانین و سوپاسه‌. ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌مانه‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ى که‌ ناردوویه‌تى به‌شى ته‌واوکاریى مووچه‌ى هه‌موو مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان ناکات، به‌ڵام ده‌ستپێکردنێکى باشه‌ و هیوادارین له‌ ئاینده‌دا بتوانین ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌رى کۆتایى بۆ بدۆزینه‌وه‌".

ده‌رباره‌ى بڕیارێکى په‌رله‌مانى عێراقیش نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند "شتێکى دیکه‌ که‌ گرنگه‌ و ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ى پێ بده‌م، خۆتان ده‌زانن دوێنێ په‌رله‌مانى عێراق بڕیارێکى سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ى شه‌هیدان ده‌رکرد و ئه‌م به‌یانییه‌ به‌ڕێز وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى هه‌رێمى کوردستان کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانى له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامدا. له‌ ساڵى 2015ه‌وه‌ هه‌م به‌ڕێزیان و هه‌م وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حکوومه‌تى عێراق له‌سه‌ر هێڵن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، بڕیارى په‌رله‌مانى عێراق ڕوونه‌ که‌ ده‌ڵێت ده‌بێ مووچه‌ى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌ چوارچێوه‌ى بودجه‌ى سیادیى عێراقدا بێت، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکى زۆر باشه‌ و ده‌مه‌وێ سوپاسى به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق بکه‌م، چونکه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندى ئه‌و دراوه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ که‌ لێکه‌وته‌ى دارایى هه‌یه‌ و سوپاسى نووسینگه‌ى سه‌رۆک وه‌زیران، د. مه‌هدى عه‌لاق و په‌رله‌مانى عێراق ده‌که‌م که‌ به‌ کۆى ده‌نگ ئه‌و بڕیاره‌یان په‌سه‌ند کردووه‌ و ئه‌مه‌ جێگه‌ى ڕێز و پێزانینه‌. سوپاسى وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هید و ئه‌نالکراوانى هه‌رێم و کاک دکتۆر ئامانج و تیمه‌که‌ى ده‌که‌م که‌ یارمه‌تیان دا تاکو ئه‌م بابه‌ته‌ بگاته‌ ئه‌نجام".

هه‌ر له‌باره‌ى هه‌ندێ لایه‌نى سیاسییه‌وه‌ که‌ ده‌یانه‌وێ ڕێپێوان و خۆپیشاندانى مامۆستایان و مووچه‌خۆران بۆ مه‌رامى خۆیان به‌کار بێنن، ووتى "خۆپیشاندانه‌کان قۆزراونه‌ته‌وه‌، داواکاریى خه‌ڵک زۆر ڕه‌وایه‌، به‌ڵام هه‌ندێک هێزى سیاسى خه‌ریکى قۆستنه‌وه‌ى داواکاریى ڕه‌واى ئه‌م خه‌ڵکه‌ن، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ سندووقى ده‌نگدان هاتووه‌ و بێگومان به‌ سندووقى ده‌نگدان ده‌ڕوات، له‌وه‌ زیاتر که‌سى دیکه‌ ناتوانێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ لابدات، ته‌نیا ئه‌م میلله‌ته‌ و سندووقى ده‌نگدان ده‌توانێت ئه‌وه‌ بکات، پرۆسه‌یه‌کمان هه‌یه‌، پرۆسه‌ى دیموکراسییه‌، هه‌ڵبژاردنه‌، ده‌نگدانه‌ و میلله‌ت هه‌ر لایه‌نێکى هه‌ڵبژارد که‌ نوێنه‌رایه‌تى بکات، بێگومان ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌توانێ خۆى به‌ نوێنه‌رى خه‌ڵکى کوردستان بزانێت."

سه‌باره‌ت به‌ بایکۆتى هه‌ندێک له‌ مامۆستایان و کارمه‌ندانى ته‌ندروستی، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ خه‌ڵکى کوردستان و مووچه‌خۆران ده‌بێ له‌وه‌ تێبگه‌ن که‌ مه‌عقوول نییه‌ حکوومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى هه‌بێ و ئیمکانییاتى له‌به‌ر ده‌ست بێت و نه‌یداته‌ خه‌ڵک! ئه‌مه‌ شتێکه‌ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌کرێت. ئایا ئێمه‌ ئه‌و ئیمکانییه‌ته‌مان هه‌یه‌ و نایخه‌ینه‌ به‌ر ده‌ستى خه‌ڵک و نایده‌ین؟! نه‌خێر، ئیمکانییه‌تمان نه‌بووه‌، کێشه‌مان هه‌بووه‌، کێشه‌کانیش ئاشکران که‌ چییه‌، به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌ کوێیه‌؟ ئه‌وه‌نده‌ سه‌ریان له‌م خه‌ڵکه‌ تێکداوه‌، خه‌ڵک نازانێت کامه‌ى ڕاسته‌ و کامه‌ى ڕاست نییه‌!. ئه‌وه‌نده‌ به‌ شێوه‌یه‌ک قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ده‌کرێت، به‌ چه‌واشه‌، به‌ درۆ، به‌ زانیاریى هه‌ڵه‌، به‌ڵام وه‌ک ده‌سه‌ڵات، وه‌ک حکوومه‌ت، هیچ حکوومه‌تێک حه‌ز له‌وه‌ ناکات مووچه‌ى مووچه‌خۆران ببڕێت، له‌ هیچ کوێى دنیا نییه‌، ئه‌گه‌ر پێى بکرێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یدات. ئێمه‌ پێش ئێستا نه‌مانده‌توانی، ئێستا گۆڕینێکى زۆر باش کراوه‌ که‌ ئه‌م گۆڕینه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستانه‌. به‌و هیوایه‌ ئێمه‌ کار ده‌که‌ین که‌ له‌ له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا هیوادارم بابه‌تى پاشه‌که‌وت هه‌مووى نه‌هێڵین."

سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆى ڕێکه‌وتنێکى نهێنیى حکوومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، سه‌رۆک وه‌زیران وێڕاى ڕه‌تکردنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌نگۆیه‌، ڕایگه‌یاند "ئێمه‌ هیچ ڕێککه‌وتنى ژێربه‌ژێرمان له‌گه‌ڵ به‌غدا نییه‌، هه‌مووى شه‌فاف و ئاشکرایه‌، ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا دانوستانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا کردووه‌ و زۆریش شه‌فافانه‌ کردوومانه‌، هیچ ڕێککه‌وتنێکمان به‌ شێوه‌ى ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌کردووه‌."

ده‌رباره‌ى هه‌وڵه‌کانى حکوومه‌ت بۆ کردنه‌وه‌ى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى نێوان سلێمانى و تورکیاش، به‌ڕێزیان گوتى "له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ به‌رده‌وامم بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێک بدۆزینه‌وه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ى گه‌شته‌کانى فڕۆکه‌ بۆ سلێمانیش، له‌وانه‌یه‌ که‌مێک کاتى بوێت، به‌ڵام هیوادارم بتوانین ئه‌و بابه‌ته‌ش چاره‌سه‌ر بکه‌ین."

سه‌باره‌ت چۆنیه‌تیى جێگیربوونى سیستمى نوێى مووچه‌ و پێدانى له‌ کاتى خۆیدا، نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ "به‌و بڕیاره‌ى داومانه‌، دڵنیاین له‌وه‌ى ده‌توانین مووچه‌ دابین بکه‌ین و ورده‌کایه‌کانیش به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى ده‌یخاته‌ ڕوو."

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ گه‌یشتنى هه‌ولێر و به‌غدا به‌ ڕێککه‌وتنى کۆتایى له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، ڕایگه‌یاند "له‌ ڕۆژى یه‌که‌مه‌وه‌ قسه‌یه‌کمان کردووه‌ و گوتوومانه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان، پشت به‌ داهاتى حکوومه‌ت ده‌به‌ستین، داهاتى حکوومه‌ت چه‌ند به‌رز ببێته‌وه‌، ئێمه‌ش به‌و ڕاده‌یه‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ین. ئێستا داهاته‌که‌ تۆزێک به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاتین مه‌سه‌له‌ى ئه‌و پاشه‌که‌وته‌مان به‌و شێوه‌یه‌ چاره‌سه‌ر کرد که‌ ئێستا بۆ نموونه‌ جاران که‌سوکارى شه‌هیدان هه‌موو مانگێک مووچه‌یان وه‌رنه‌ده‌گرت، ئێستا وه‌ک خۆى وه‌ریده‌گرن، خانه‌نشینان له‌مه‌ودوا مانگانه‌ وه‌ریده‌گرن، زیندانیانى سیاسى وه‌ک خۆى وه‌ریده‌گرن، ئه‌وانه‌ى که‌ مووچه‌یان له‌ (400) هه‌زار دینار که‌متره‌، پاشه‌که‌وتیان لێ ناکرێت که‌ ئه‌وانه‌ش زۆرن. ئه‌مانه‌ هه‌مووى ده‌ستکه‌وتن، جاران پاشه‌که‌وت ٥٠ تا ٦٠٪ بوو، ئێستا له‌مه‌ودوا زۆرترین ئاست له‌ ٢٥٪ تا ٣٠٪ زیاتر نابێت. هیوادارین له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌ر بکه‌ین، ئیعتمادى ئێمه‌ له‌سه‌ر داهاتى خۆمان ده‌بێت و ئه‌وله‌ویه‌تى یه‌که‌میشمان ئه‌وه‌یه‌ بتوانین مووچه‌ى مووچه‌خۆران وه‌ک خۆى دابین بکه‌ین."

سه‌رۆک وه‌زیران له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌یدا باسى له‌ چۆنیه‌تیى پاراستنى سنووره‌کانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ کرد و ووتى "پره‌نسیپى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت خاکى کوردستان بۆ دروستکردنى ئاژاوه‌ له‌گه‌ڵ دراوسێکانمان به‌کار بهێنرێت، ئه‌م پره‌نسیپه‌ بۆ تورکیا و سووریا، بۆ ئێران و هه‌موو وڵاتێک جێگیره‌. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ڕازى نین و قبووڵ ناکه‌ین هه‌رێمى کوردستانى عێراق شوێنێک بێت بۆ دروستکردنى ئاژاوه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌. زۆر به‌داخه‌وه‌، زۆرجار هه‌وڵمان داوه‌ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ که‌ ناکرێت و مه‌عقوول نییه‌ له‌ خاکى کوردستانه‌وه‌ بچن ئۆپه‌راسیۆنى سه‌ربازى له‌ تورکیا بکه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان. ئه‌مه‌ مه‌عقوول نییه‌، چه‌ندین جاره‌ ئه‌و داوایه‌مان لێیان هه‌یه‌، هۆکارێک هه‌یه‌ که‌ ئه‌م کاره‌ ده‌کرێ، ئه‌م هۆکاره‌ ده‌بێت یه‌که‌مجار چاره‌سه‌ر بکرێت، هه‌تا ئه‌و هۆکاره‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت، ناتوانین باسى شته‌کانى دیکه‌ بکه‌ین."

ده‌رباره‌ى لێکه‌وته‌کانى خۆپیشاندانه‌کانه‌وه‌ن، نێچیرڤان بارزانى ووتى "ئێمه‌ دژى گرتن و ئه‌زیه‌تدانى خه‌ڵکین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک دروستکردنى ئاژاوه‌ قبووڵ ناکه‌ین و مومکین نییه‌ قبووڵى بکه‌ین ئاژاوه‌ دروست ببێت، مومکین نییه‌ قبووڵ بکه‌ین حیزبه‌ سیاسییه‌کان له‌ کوردستان هه‌وڵى قۆستنه‌وه‌ى داواکاریى مامۆستایان و که‌رتى ته‌ندروستى بده‌ن بۆ مه‌رامى سیاسیى خۆیان، ئه‌مه‌ قبووڵ ناکه‌ین. ئه‌گه‌ر وه‌ک حزب داواى خۆپیشاندان ده‌که‌ن، با بچن مۆڵه‌ت وه‌ربگرن، ئه‌گه‌رنا، قۆستنه‌وه‌ى خۆپیشانده‌ران بۆ ئێمه‌وه‌ وه‌ک حکوومه‌ت قابیلى قبووڵ نییه‌." هه‌روه‌ها ڕوونى کرده‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئاژاوه‌ نه‌مێنێ و خۆپیشاندان به‌ سروشتى بڕوات، به‌ سروشتى ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و ئه‌گه‌ر چه‌قۆ و ده‌مانچه‌یان پێ بێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.

سه‌باره‌ت به‌ ئاستى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى ناوه‌ندى له‌ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کرده‌وه‌ "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و به‌غدا، بنه‌مایه‌کمان هه‌یه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانمان که‌ ئه‌ویش ده‌ستوورى عێراقه‌، پێمانوایه‌ ڕاسته‌ شته‌کان دواکه‌وت، به‌ڵام ئه‌مه‌ى که‌ تا ئێستا کراوه‌، به‌ سوپاسه‌وه‌ هه‌م پرسى فڕۆکه‌خانه‌کان و هه‌م ناردنى به‌شێک له‌ پاره‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، ده‌سپێکێکى باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین هه‌موو کێشه‌کانى دیکه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ دیالۆگ له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، بنه‌ماکه‌یشى ده‌ستوورى عێراقه‌." به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ "هه‌ڵبژاردن هه‌بێت یان نا، ده‌بێ کێشه‌کان به‌پێى ده‌ستوور و له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ چاره‌سه‌یان بۆ بدۆزرێته‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌ پشکى هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراقدا، سه‌رۆک وه‌زیران ووتى "ئێمه‌ که‌ سوپاسى عێراقمان کرد، بۆ پرسى بودجه‌ نییه‌، له‌ بودجه‌دا سته‌مێکى زۆر له‌ هه‌رێمى کوردستان کراوه‌، ئه‌وه‌ى که‌ جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیران بۆ ئێمه‌ى ناردووه‌، له‌ چوارچێوه‌ى بودجه‌دا نییه‌، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ى که‌ ناردوویه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى یه‌ک له‌سه‌ر دوانزده‌یه‌ که‌ به‌پێى یاساى بودجه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌دات به‌ سه‌رۆک وه‌زیران خه‌رجى بکات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بچینه‌ ناو بودجه‌، له‌ناو یاساى بودجه‌ى عێراقدا به‌ ڕاستى سته‌مێکى گه‌وره‌ له‌ کورد و له‌ هه‌رێمى کوردستان کراوه‌، هیوادارین پێداچوونه‌وه‌ به‌و ته‌رخانکردنه‌ داراییانه‌دا بکرێت و مافى هه‌رێمى کوردستان بدرێته‌وه‌."

ده‌رباره‌ى ئاواره‌کانیش له‌ هه‌رێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى ووتى "ئه‌وانه‌ میوانى ئێمه‌ن و ئێره‌ ماڵى خۆیانه‌، ئه‌وه‌ى پێمان بکرێت بۆیان بکه‌ین، بێگومان درێغى ناکه‌ین، هیوادارین ئاسایش و سه‌قامگیرى به‌ زووترین کات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و ئه‌م خه‌ڵکه‌ش به‌ شێوه‌یه‌کى سه‌ربه‌رزانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان".

له‌ کۆتاییدا سه‌رۆکىىى   حکومه‌تى هه‌رێم دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ پرسى پێدانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ئاستى داهاتى حکوومه‌تى هه‌رێم و گوتى " ئه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ داهاتى ئێمه‌، ئه‌گه‌ر داهات به‌ره‌و باشى بڕوات، هه‌وڵى یه‌که‌ممان ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین."

 



زۆرترین خوێندراو