ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سیستمى نوێى دابه‌شکردنى مووچه‌ى له‌ به‌رژوه‌ندیى مووچه‌خۆراندا په‌سه‌ند ده‌کات

3/28/2018 6:19:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ى مارسى 2018 به‌ سه‌رۆکایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کۆبووه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌ره‌تا مه‌حموود حاجى ساڵح وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان، کورته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى بڕیارێکى دوێنێى په‌رله‌مانى عێراق خسته‌ ڕوو که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى که‌سوکارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و زیندانییانى سیاسیى هه‌رێمى کوردستاندایه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا ئه‌و توێژه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ بڕیاره‌که‌ سوودمه‌ند ده‌بێت، مینحه‌ و ئیمتیازاتیان له‌گه‌ڵ عێراق یه‌کده‌خرێت و ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆى حکوومه‌تى فیدراڵى عێراقه‌وه‌ وه‌ک له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش له‌ ساڵى 2015ـوه‌ کارى له‌سه‌ر کردووه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ستایشى هه‌وڵه‌کانى به‌ڕێزان وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و د. ئامانج ڕه‌حیم سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و تیمه‌کانیانى کرد بۆ کار و ماندووبوونیان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى د. حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق، په‌رله‌مانتارانى عێراق به‌گشتى و په‌رله‌مانتارانى کوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌تایبه‌تى کرد که‌ ڕۆڵیان له‌ ده‌رچوونى ئه‌و بڕیاره‌دا هه‌بووه. 

ئینجا ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، سیستمى نوێى مووچه‌ى ڕوون کرده‌وه‌ و تیایدا ورده‌کاریى چۆنیه‌تیى خه‌رجکردنى مانگانه‌ى مووچه‌ى خسته‌ ڕوو که‌ گۆڕانگارییه‌کى گه‌وره‌ به‌ ئاراسته‌ى که‌مکردنه‌وه‌ى ڕێژه‌کانى پاشه‌که‌وت له‌خۆ ده‌گرێت به‌ جۆرێک که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و خانه‌نشینان و که‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌کان و ئه‌وانه‌یش که‌ مووچه‌یان له‌ (400) هه‌زار دینار که‌متره‌، مانگانه‌ ته‌واوى مووچه‌کانیان به‌بێ هیچ پاشه‌که‌وت و لێبڕینێک وه‌رده‌گرن.

به‌پێى ئه‌و سیستمه‌ نوێیه‌، ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ى له‌ (400) هه‌زار دینار به‌ره‌و ژوور تا سێ ملیۆن دینار وه‌رده‌گرن، به‌پێى زۆر و که‌میى مووچه‌کانیان، به‌ ڕێژه‌ى 90% تا 75%یان بۆ خه‌رج ده‌کرێت، هه‌رچى پله‌ تایبه‌ته‌کانه‌، مووچه‌کانیان به‌پێى سیستمى پاشه‌که‌وتى جاران ده‌درێت و ته‌نها 25%ى مووچه‌یان بۆ خه‌رج ده‌کرێت. دواتر به‌ڕێزان د. ئاشتى هه‌ورامى، وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌کان و ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، داهات و خه‌رجیى مانگانه‌ى چاوه‌ڕوانکراویان بۆ هه‌رێمى کوردستان خسته‌ ڕوو.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌ر زیادبوونێکى داهات ده‌بێته‌ هۆى که‌مکردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى پاشه‌که‌وتى مووچه‌، جه‌ختى له‌ به‌رده‌وامیى پرۆسه‌ى شه‌فافیه‌ت و چاکسازى و پابه‌ندبوون به‌ پڕۆژه‌ى وردبینیى داهات و خه‌رجییه‌کان کرده‌وه‌ که‌ ئێستا له‌لایه‌ن هه‌ردوو کۆمپانیاى نێوده‌وڵه‌تیى دیلۆیت و  ئیواى ـیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕایگه‌یاند که‌ ئامانجى ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌نگاوه‌کانى داهاتوودا پاشه‌که‌وتى مووچه‌ به‌ یه‌کجاره‌کى نه‌مێنێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌رکردنى یاساى چاکسازى له‌ مووچه‌ و خانه‌نشینى که‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانى کوردستانه‌، به‌ هه‌نگاوێکى گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانى ڕاسپارد که‌ ورده‌کاریى سیستمى نوێى مووچه‌ و ده‌ستکاریى پاشه‌که‌وت بۆ هاووڵاتیان ڕوون بکه‌نه‌وه‌.  



زۆرترین خوێندراو