نێچیرڤان بارزانى و شاندێکى ئه‌مه‌ریکى جه‌خت له‌ هاریکارى و هه‌ماهه‌نگى دوولایه‌نه‌ ده‌که‌نه‌وه‌

3/28/2018 8:50:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28مارسى 2018 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ جه‌نه‌رال وۆلتر پایێت فه‌رمانده‌ى نوێى هێزى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و کێن  گرۆس کونسوڵى گشتیى ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌رێمى کوردستان و شاندێکى یاوه‌ریان کرد.

له‌ دیدارێکدا که‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوو، شاندى میوان خۆشحاڵیى خۆى بۆ هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى ‌نێوان هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان ده‌ربڕى و به‌ پێوستیان زانی خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى شانازى به‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانى پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆرستانى داعش بکه‌ن که‌ بۆ ته‌واوى مرۆڤایه‌تى بووه‌، ئاماده‌ییى وڵاته‌که‌شیان بۆ به‌رده‌وامى و پته‌وکردنى زیاترى ئه‌و هاوکارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ و باشترکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، نیشان دا‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تى ئه‌مه‌ریکاى کرد بۆ هاوکاریکردنى هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعشدا که‌ به‌هۆیه‌وه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ توانى به‌رگرى له‌ هه‌موو پێکهاته‌کانى هه‌رێم‌ بکات و ئاماده‌ییى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیشى بۆ هه‌ر هاوکارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ک نیشان دا به‌تایبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى که‌ خه‌ریکه‌ مه‌ترسیى تیرۆر تیایدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ بوونى میکانزمێکى پته‌وى له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ پاڵپشتیى هاوپه‌یمانان دووپات کرده‌وه‌ و جه‌ختى له‌ هه‌ڵنانى چه‌ند هه‌نگاوێکى سیاسى و ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تى کرده‌وه‌ بۆ دڵنیاکردنه‌وه‌ى ئاواره‌کان تاکو بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌کانى خۆیان.

تاوتوێکردنى چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندیى دوولایه‌نه‌ و دۆسیاى ئه‌منى و دۆخى ناوچه‌که‌، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو.



زۆرترین خوێندراو