وه‌زیری دارایی: موچه‌ دوانه‌كه‌وتووه‌

14.03.2023
جەماوەر نیوز
وەزیری دارایی هەرێم، رایگەیاند ئەو 400 ملیار دینارەی لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە بۆ موچەیەو، جگە لە موچە بۆ هیچ شتێكی تر خەرج ناكرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئاداری 2023 ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگه‌یاند"رێككەوتنی تەواو لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا كراوە، پرۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندكراوەو دەچێتە پەرلەمانی عێراق، ئومێدەوارین لەوێش بەزوترین كات پەسەندبكرێت."
هەروەها وتیشی، پشكی هەرێم لە بودجەدا لەسەدا 12.67ە تا ئەو كاتەی سەرژمێری دەكرێت لە عێراق. جەختی كردەوە كە "ئەوە لای ئێمەوە ژمارەی كۆتایی نییە."
سەبارەت بەو 400 ملیار دینارەی كە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، وەزیری دارایی وتی"400 ملیار دینارەكە بۆ موچە هاتوە، جگە لە موچە بۆ هیچ شتێكی دیكە خەرج ناكرێت."
لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا پڕۆسەی دابەشكردنی موچەی مانگی دو بەو 400 ملیارەی هاتوە خێراتر دەكرێت؟ ئاوات جەناب وتی"موچەی مانگی دوو هەروەك ئەو خشتەیەی بڵاوكراوەتەوە بەڕێكوپێكی دەڕوات و موچەی مانگی سێش بەشێوەیەكی رێكوپێك دابەشدەكرێت. كەس خەمی موچەی مانگی سێی نەبێت."
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێستادا سەرقاڵی دابەشكردنی موچەی مانگی دووی مۆچەخۆرانە، لەكاتێكدا پێ دەنێینە ناوەڕاستی مانگی سێ، لەوەڵامی ئەوەی كە ئێستا موچەیەك دواكەوتوە؟ ئاوات  جەناب وتی"هیچ موچەیەك دوا نەكەوتوە، هەمو موچەیەك بەپێی مانگی خۆی دەدرێت، هیچ مانگێك دواناكەوێت و 12 مانگ موچە بەتەواوەتی دەدرێت."

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ