نێچیره‌ڤان بارزانی: پارتی و یەکێتیی دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا ڕابگرن

26.05.2022
جەماوەر نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا رابگرن.
ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 26ی ئایاری 2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە و وادەکات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بکەنە بەشێک لە ناکۆکیی حزبی، ئەوەش مەترسییەکی جیدییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و یەکڕیزی و یەکێتیی هەرێمی کوردستان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە "جارێکی دیکە لێرەوە وەکو داخوازییەکی خەڵکی کوردستان، وەکو پێویستییەکی نیشتمانی، وەکو ئەرکی یاسایی خۆم داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا رابگرن."

ده‌قی بەشێک لە گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان :

ئامادەبووانی بەڕێز، پێشمەرگە قارەمانەکان؛ فەرماندە و مامۆستا و راهێنەرانی رێزدار، دەرچووانی خۆشەویستی خولی 27ی بنەڕەتی لە کۆلێژی سەربازیی 2 لە زاخۆ و کەسوکاری ئەو ئازیزانە و هەموو لایەک بەخێربێن سەرچاو.
بەخێرهاتنی نێردەی وڵاتانی هاوپەیمان دەکەین، ئەوانەی لە شەڕی داعشدا هاوکاریی ئێمەیان کرد [هاوکارییان] بەرز دەنرخێنین و بەخێرهاتنیان دەکەین. بەخێرهاتنی نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی بیانی لە هەولێر دەکەین، هەموو لایەک بەخێربێن سەر چاو.
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرەم لە زاخۆ لەگەڵ ئێوەی رێزدار بۆئەوەی هەموومان لە دڵەوە پێکەوە پیرۆزبایی لە یەک بە یەک لەو 499 دەرچووەی خولی 27ی بنەڕەتیی کۆلێژی سەربایی 2 لە زاخۆ بکەین. پیرۆزبایی لە ئێوەی خۆشەویست و دایک و باوک و کەسوکاری ئێوە دەکەم بۆ ئەو سەرکەوتنە، تەمەن درێژبن، سەرکەوتوو بن بۆ خزمەتکردنی وڵاتی خۆتان.
من دەمەوێت لێرە سەرەڕای پیرۆزبایی لە هەمووتان، پیرۆزباییەکی تایبەت لە ئەفسەر ئیلدات ئەبریم یەلدەخانی بکەم کە تاکە قوتابی و دەرچووی مەسیحییە لەو خولەدا. هیوادارم لە خولەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر مەسیحی و تورکمان و ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و برا ئێزدییەکانیش بەشداربن.
زۆر دڵخۆشبووم لە کۆلێژی سەربازیی 3 لە قەڵاچوالان ژمارەیەک دەرچووی ئافرەتم بینی، پێشتریش لێرە ئافرەتان لەو خولانەی لە زاخۆ کراونەتەوە دەرچوونە. هیوادارم لە خولەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر و بەرچاوتر لەوان ببینین.
خۆشحاڵم ئەمڕۆ دەبینم دەرچووانی ئەو خولە خەڵکی هەرچوار پارێزگای هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمن. بەشداریکردنی خەڵکی هەموو دەڤەرەکان لەو خولانەدا و پێکەوەبوونیان لە یەک شوێندا هاریکارییە بۆ یەکخستن و یەکبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
دەستخۆشییەکی تایبەت لە راگری کۆلێژی سەربازیی 2 لە زاخۆ دەکەم، هەروەها دەستخۆشی لە هەموو ئەو مامۆستا و راهێنەرە سەربازییانە دەکەم کە بە درێژایی ئەو خولە قوتابیانیان فێری زانست و تەکنیکی سەربازی و گیانی باڵای پێشمەرگایەتی کردوون.
سوپاسی کاری بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەم بۆ سەرکەوتنی ئەو خولە و، هەروەها سوپاسی هاریکاریی وەزارەتی بەرگریی عێراقیش دەکەم.
جێگەی دڵخۆشییە کە کۆلێژی سەبازیی 2 لە زاخۆ لە ئاستێکی هەرە باڵایە لە عێراقدا، لە کاتی دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1996 تاوەکو ئێستا 56 خولی بنەڕەتی و ئەفسەران لەو کۆلێژە دەرچوونە.
دامەزراندن و پێشخستنی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ هەردەم لە رۆژی دامەزراندنیەوە جێگەی بایەخی تایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی بووە.
بەناوی خۆم و ئێوەوە، سوپاسی جەنابی سەرۆک دەکەین، هەروەها لەو دەرفەتەدا 60 ساڵ بوون بە پێشمەرگایەتیی سەرۆک بارزانی و خزمەتی جەنابیان لەپێناو دۆزی رەوای کوردستان پیرۆز و بەرز دەنرخێنین.
پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان.. ئەمڕۆ 26ی گوڵانە، بیرەوەرییەکی پیرۆزە لە مێژووی شۆڕش و شۆڕشگێڕی و بەرخودانی کوردستان، 26ی گوڵان بیرەوەریی خۆڕاگری و سەرهەڵدانی خەباتی پێشمەرگایەتییە لە کوردستاندا لە رۆژێکی گەلێک دژواردا. ئەوکات پەیامی ئەوەیان بە دووژمندا کە پێشمەگە ماوە و کوردستان هەر دەمێنێت، ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو ساڵە، دیسان بە رێز و تەقدیرەوە بیرەوەریی ئەو خەباتکارانە و ئەو دڵسۆزانە و ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەکەینەوە.
سڵاو لە هەموو ئەو قارەمانانەی رۆژی شۆڕش و خەباتی پێشمەرگایەتییان دەستپێکرد، سڵاو لە گیانی پاک و پیرۆزی ئەو قارەمانانە بێت کە گیانی خۆیان کردە فیدا و قوربانی بۆ مانەوەی کوردستان و نەهێشتنی دیکتاتۆریەت و بەدەستهێنانی ئازادی بۆ گەلی کوردستان و هەموو عێراق.
سڵاو لە بیرەوەریی هەردوو شۆڕشی 26ی گوڵان و شۆڕشی نوێ کە لەپێناو ئازادی و خەبات و بەرخودان و رزگارکردنی میللەتی ئێمە دەستیانپێکرد و خەباتیان بۆ کرد.
زۆر خۆشحاڵم لەو دەرفەتەدا لێرەم لە زاخۆ، زاخۆی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕ، زاخۆ و زاخۆییەکان رۆڵێکی زۆر کاریگەر و سەرەکییان لە شۆڕشی گوڵاندا گێڕا، شۆڕشی گوڵانیش لەو دەڤەرە دەستیپێکرد و بناخەی سەرکەوتنی دانا. زاخۆ لەبەرئەوەی ناوەندی سەرەکیی خەباتی پێشمەرگە بووە، هەربۆیە ئەو کۆلێژە لێرە دامەزرا.
ئامادەبووانی خۆشەویست.. هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێزی پارێزەری کوردستانە و بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق. لە سەردەمی شەڕی داعشدا وەکو هێزێکی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی داعش بووە بەشێک لە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندن و لەنێوبردنی داعش و پاراستنی ئارامیی دەڤەرەکە و ئازادی و ئارامی لە جیهاندا.
بەداخەوە داعش هێشتا ماوە و هێرشەکانی زیاتر دەبن لە هەندێک ناوچە، بەتایبەتی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان. رۆژانە ئەو هێرشانەی داعش دەبنە هۆکاری شەهیدبوونی خەڵکی ئەو ناوچانە و پێشمەرگە و حەشد و سەربازانی سوپای عێراق.
ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بوونەتە مۆڵگە و رێڕەوێک بۆ تیرۆریستانی داعش و شوێنی خۆڕێکخستنەوەیان، ئەمەش هەڕەشە و مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆسەر هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق. هەروەها مەترسییەکی گەورەشە بۆسەر هەموو جیهان.
زیادبوونی هێرشەکانی داعش و هەڕەشەکانی رۆژانە لەسەر ژیانی گوند و شارۆچکەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بە تێڕوانینی ئێمە پێویستی بە پێکەوە کارکردنی هەمەلایەنەیە. دەبێت دڕندەیی و مەترسیی داعش بە کەم سەیر نەکەین، چونکە داعش کۆمەڵکوژیی زۆر گەورەی بەرامبەر بە گەلی ئێمە ئەنجامداوە و چەندین ناوچەیان وێرانکردووە، بوونەتە مەترسی بۆسەر عێراق و کوردستان و هەموو جیهان. ئێستاش داعش خاوەنی هەمان بیر و ئاراستەی کوشتن و وێرانکردنە. بۆیە پێکەوە کارکردنی زیاتری پێشمەرگە و سوپای عێراق و دەستبەکاربوونی بەپەلە و خێرای هەردوو لیوای هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە زۆر پێویستە لەو ناوچانەدا.
لەو بارودۆخەدا دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە، پێشخستنی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە، پێویستییەکی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
پێشمەرگە پێویستی بە هەموو پێداویستییەکی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییە، پێشمەرگە تاوەکو ئێستا بە چەکی زۆر سادە بەڵام بە فیداکارییەکی زۆر و خوێنی خۆی زۆر قارەمانیی پیشانداوە و زۆر داستانی گەورەی لە بەرخوداندا تۆمارکردووە. ئێستا پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانانەوە زۆر پێویستە، ئێستا زۆر پێویستترە لە جاران. بۆیە داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانان دەکەم زیاتر هاوکاریی پێشمەرگە بکەن بە مەشق و ئامێر و چەکی پێشکەوتوو و راهێنان.
ئامادەبووانی خۆشەویست، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.. ناوبانگ و رێزی پێشمەرگە ئەمڕۆ لە جیهاندا لە هەموو کاتێک زیاترە، بەشداریی پێشمەرگە لە پاراستنی هەموو پێکهاتەکان لە هەموو کاتێک دیارترە، ئەوە ئەو خاڵەیە کە هەموو کاتێک ئێمە پێی سەرفراز و سەربەرزین. کەواتە دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. هەروەها هەبوونی دەستوەردانی حیزبی وادەکات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت کە پێشمەرگە بکەنە بەشێک لە ناکۆکییە سیاسییە حیزبیەکان لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش هەڕەشەیەکی زۆر جیددییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و بەڕێوەبردن و یەکێتیی هەرێمی کوردستان. بۆیە جارێکی دیکە لێرەوە وەکو داخوازییەکی خەڵکی کوردستان و وەکو پێویستییەکی نیشتمانی و ئەرکی یاسایی خۆم داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەم دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگە رابگرن و بەبێ پەشیمانی و دوو دڵی دەبێت کۆتایی بە دەستوەردان بهێنن.

زۆرترین خوێندراو