نەخشە ڕێگای پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکانی کوردستان

24.08.2022
جەماوەر نیوز

وەک ھەموو خەڵکی کوردستان ئاگادارن بارودۆخی ئابووری و سیاسی و بێ متمانەیی گەشتووەتە ئاستێکی زۆر ئاڵۆز و چەقبەستوو ، قەیران بە دوای قەیراندا بووەتە بارێکی گران بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بژێوی ژیان و باری گوزەران و خزمەتگوزارییەکان لە پاشەکشەدان بە تایبەتی لە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كه‌لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 ئه‌نجامدراو بەشێوەیەکی بەرچاو دۆخه‌كه‌ چەقیبەستووە تا ئەو ڕادەیەی گەیشتوه‌ته‌ بنبەست، لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ھەڵبژاردنی حکومەتی نوێی عێراق, ناکرێت دان بەو ڕاستیەدا نەنرێت ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراقی پێدا تێدەپەرێت ڕەنگدانەوە و پریشکی زیانەکانی بەر ھەرێمی کوردستان ناکەوێت یا نەیبێت، وەک گشت جارەکانی دیکە (پارتی سۆسیالیست) نەخشە ڕێگە و پێشنیارێک لە مەڕ چارەسەری قەیران و ئه‌و ئاستەنگانه‌ی سەریان ھەڵداوە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەخاتە بەردەم سەرجەم حزبەکان و سەرۆکایەتی ھەرێم وەک ڕێگەچارە، لە کاتێکدا کار گەیشتووەتە ئاستی ئەوەی وەک نێوەندگیری دەرەکی و تەنانەت ڕێکخراوی نێونەتەوەیی یۆنامی ڕاستەوخۆ بێتە نێوان حزبەکانی کوردستان، چی وەک نێوەندگیری بێت یان چاودێر یان ڕاوێژکردن بێت, بۆ ئەو مەبەستەش خاتو(جینین پلاسخارت)کەوەک نوێنەرایەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بەشداری کۆبونەوەی سەرۆکایەتی ھە رێم و سەرکردایەتی حزبەکانی کوردستانی کردووە ، ئەمە جگە لە سەردانەکانی بۆلای ھەندێک لە حزبە کوردستانییەکان، بەڵام ھەمیشە بە نیگەرانی و ڕەخنەوە لێی ھاتووەتە دەرەوە، دواجاریش کۆبوونەوەی بەڕێزان کەسی یەکەمی حزبە سیاسییەکانی کوردستان كه‌لە ھەولێر به‌ڕێوه‌چوو له‌ 10/8/2022 کە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کرا، بەڵام بەداخەوە کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بوو، ئەمە جگە لە ھێنانە ئارای ڕاو بۆچوونی دیکە بۆ ناوەڕۆکی کۆبونەوەکان، بۆ دواجار کۆبوونەوەکە نیگەرانی گشت لایەکی لێکەوتەوە.
بۆیە ناچار کاتێکی دیکە دیاریکرا بۆ سەرەتای مانگی ( ئەیلول 2022 )، لە ئەنجامدا گشت لایەنەکان رێککەوتن لە دەستنیشانکردنی کاتی تەواوی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کە بڕیاربوو پێش کۆتایی ساڵی 2022 ئەنجام بدرایە، دواخستن و موماتەڵەکردن بە پرسی ھەڵبژاردنەوە لەلایەک پاشەکشەی دیموکراسیە کە ئەم ھەرێمە شانازی پێوە دەکات لە چاو وڵاتانی ناوچەکە، لە لایەکیتر چارەنوسی ھەرێمی كوردستان بەرەو دۆخی عێراق و ئه‌و ووڵاتانه‌ ده‌بات كه‌ پشێوییان تیادایه‌ و متمانەیان نه‌ماوه‌.
پێویسته‌ جەخت بکرێتەوە لەسەر چارەسەری سیاسی کێشەی نێوان حزبەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی و دروستکردنی کەشێکی متمانەپێکراو، ئەگەرنا لە دۆخی ناکۆکی و بێ متمانەییدا ھەڵبژاردن بکرێت دوور نییە دۆخی ھەرێمیش لە ڕووی سیاسییەوە ھاوشێوەی عێراقی لێ نه‌یه‌ت و چەقبەستوویی سیاسی ڕوو لە ھەرێمیش نه‌كات.
پێشنیارکرا ئەمجارە بۆ کۆبونەوەکان ئیدی ئالیەتی ھەڵبژاردن و شێواز و ئامادەکارییەکان بە تەواوی لەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەی مانگی(9) بڕیاری کۆتایی تێدا بدرێت.
دەمانەوێت ئێمە وەک (پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ) بۆ خۆئامادەکردن لە کۆبونەوەی حزبەکانی کوردستان، پێشوەخت نەخشە و پلان و پێشنیازی خۆمان بخەینە بەرچاو خەڵکی بەشەرەف كه تاكه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌و دۆخه‌ن به‌سپۆنسه‌ری حزبه‌كان.
جەماوەری کوردستان:
له‌پێناوی به‌رچاوڕوونی خه‌ڵكدا به‌بێ مجامەلەکردن و ده‌ست خستنه‌ سه‌ر برینه‌كان، (پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ) به‌رله‌ ئه‌نجامدانی کۆبوونەوەی ئایندەی حزبە سیاسییەکانی کوردستان کە بڕیارە مانگی (ئەیلولی 2022) به‌ڕێوه‌بچێت، ئەم چەند خاڵەی لای خوارەوە وەک نەخشە ڕێگا پێشنیاز ده‌كه‌ین بەو ھیوایەی کاری بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت :
یەکەم :
ھەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ خوولی شەشەم کە دەبوو پێش کۆتایی ساڵی 2022 بە ئەنجام بگەیندرایە بەڵام بە پاساوی لاواز دواخراوه‌، بۆ ئەم کۆبوونەوەیەی مانگی ئەیلولی حزبە سیاسییەکانی کوردستان، بەئامادەبونی خاتوو(جینین پلاسخارت)نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، پێشنیاز دەکەین پێش مانگی (ئازاری 2023 ) دوا کاتی ھەڵبژاردن دیاری بکرێت.
دووەم:
بە زووترین کات یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێته‌وه‌ لە پەرلەمانی کوردستان بە ئالیەتی نوێ و یاسای نوێ و سیستمی ھەڵبژاردنی نوێ .
سێھەم:
پێویسته‌ دام و دەزگا حکومییە پەیوەندیدارەکان بەسەرژمێری دانیشتوانی هه‌رێم، ئالیەتێکی گونجاو دابنێن لەسەر ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی رێژەی دانیشتوانی کوردستان لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992 دا (ملیۆنێک و 112 ھەزار) کەس مافی دەنگدانی ھەبوو، کورسییەکان (100) کورسی دیاریکرا, بەڵام لە دواین خولی پەرلەمانی کوردستان له‌ساڵی 2018 دا (3 ملیۆن و 85 ھەزار) کەس مافیدەنگدانی ھەبووە ھەر 100 کورسی دیاری کراوە؟ بۆیە پێمان وایە دەبێت کورسییەکان زیادبکرێن.
چوارەم:
پێداچوونەوە بە ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بە ڕێکكەوتن لەسەر (گۆڕینی کۆمیسیۆن و کارکردنیان بە ئالیەتێکی نوێ، یاخود بە یاسا کۆمیسیۆنێک پێکبھێنرێت لە کەسانی شارەزا و بێلایەن یاساناس و دادوەر ) کە بژارده‌ی دادوه‌ر لە ھەمووی پەسەندترە کە کۆمیسیۆن لە دادوەران بن, جێی متمانەی زیاترن، لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا ھەروایە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان یاساناس و دادوەرەکان دەیبەن بەڕێوە، ئەگەر کۆمیسیۆن کاراکرایەوە با کۆمیسیۆنی (5) حزب نەبێت و نوێنەری ئەو حزبانەشی بۆ زیادبکرێت کە بەشداری ھەڵبژاردن دەکەن، یان کە دوادەکەوێت کۆمیسیۆنێکی نوێ متمانەی پێبدرێت و نوێنەری ئەو حزبانەی تێدابێت کە بەشداری ھەڵبژاردنی کوردستان دەکەن .
پێنجەم:
بودجەیەک بۆ ھەڵبژاردنەکان بخەمڵێنرێت تا وەزارەتی دارایی لە ئێستاوە بیکاتە بەرنامەی بوودجەی ساڵی ئایندەوە .
شەشەم:
گۆڕینی سیستمی ھەڵبژاردن بە شێوازێکی نوێ بە پێی یاسا ڕێکبخرێت، کە ئێمە وەک (پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان) لە دوای بەدواداچوون و گەڕان بە دوای ئەزموونی زۆربەی ئەو وڵاتانەی پەیڕەوی پرەنسیپەکانی دیموکراسی دەکەن، گونجاوترین شێواز بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان، دواجار سیستمی ( نوێنەرایەتی ڕێژەیی تێکەڵه‌ ) واتە Mixed Member Proprtional) کە بەکورتکراوەیی ( MMP) ناسراوە لە زۆرێک لەو وڵاتانەی سیستمی حوکمڕانیان فیدراڵیە ئەم شیوازەی ھەڵبژاردنەیان بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان ھەڵبژاردووە و پەیڕەوی دەکەن، کە بە پێی واقیعی باری سیاسی و کۆمەڵایەتی ووڵاتی خۆیان گونجاو بووە و سەرکەوتوو بوون. لە ئەڵمانیا لە ساڵی 2007 ئەم شێوازەیان تاقیکردەوە و سەرکەوتووبوون، ڕۆمانیا ساڵی 2008 و نیوزلەندا ساڵی 2017 و پاشان لە ھەرێمی کیبیک لە کەنەدا و زۆرێک لە ووڵاتانی دیکە بەپێی گونجانی بارودۆخی خۆیان مومارەسەی ئەو سیستەمەیان کردووە .
شێوازی ئەم ھەڵبژاردنە بە ھەردوو سیستمی (یەک بازنەیی نیشتمانی ) داخراو بۆ دیاری کردنی ڕێژە و ژمارەی کورسی حزبە بەشداربووەکانی تێدا دیاری دەکرێت و (فرە بازنەیی ناوخۆیی کراوە) کە تێیدا کاندیدەکان کێبڕکێی ھەڵبژاردن دەکەن لە ناوچەکانی خۆیان بەپێی ڕێژەی ژمارەی ئەو کورسیانەی دیاری دەکرێت بۆ ھەر بازنەیەک واتە دەنگدەر دوو فۆرمی ھەیە بۆ ھەڵبژاردن فۆرمێکیان (نیشتمانییە) لە یەک بازنەییدا دەنگ بە حزبی خوازراوی دەدات، فۆرمی دووەم بۆ کاندیدی بازنەی ناوچەی دەنگدەرەکەیە لە بازنەکەی خۆیدا، ئەو کات بۆ دیاریکردنی رێژەی کورسی حزبەکان کۆی دەنگی فۆرمی (نیشتمانی ) کۆدەکرێتەوە و بەپێی رێژەی دەنگەکان کورسی بۆ حزبەکان دیاری دەکرێت، پاشان زۆرترین دەنگی کاندیدەکان لە ناوچەکانی خۆیان کۆدەکرێتەوەو ئەو کورسیانە پڕدەکاتەوە کە لە ڕێژەی فۆرمی یەک بازنەیی نیشتمانیدا ئەو حزبە بەدەستی ھێناوە، ئەگەر بەژمارەی کاندیدی فرە بازنەی ناوچەکان ئەو رێژەی کورسیەی حزبەکە تەواو نەبوو ئەوە لە لیستی داخراوی حزبەکان کە بۆیەک بازنەیی نیشتمانی ئامادەی کردووە پڕیان دەکاتەوە، بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی و شیکردنەوەی کە لێرەدا ئەو بوارە ھەر ئەوەندە ڕەخساوە باسی لێوە بکرێت دەتوانرێت تا ماوەی کۆبوونەوەی مانگی ئەیلول بۆ حزبەکان بواری زۆریان لەبەر دەستە بەدواداچونی بۆ بکەن .
حەوتەم:
دوا خاڵی ئەم پێشنیار و نەخشە ڕێگایە دەمانەوێت بە ڕای گشتی خەڵکی کوردستان رابگەیەنین کە ئیتر ئەمە دوا ھەلی رێکكەوتنە لە نێوان حزبەکانی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی ئایندەیان لە مانگی ئەیلول، خۆ ئەگەر ڕێگە چارەی دیکە ھەیە، با پێش ئەو کۆبوونەوەیە لەبەردەم سەرۆک و سەرۆکایەتی ھەرێم و نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکاندا بیخەنە بەرچاو، دەرفەت ماوە تا ئەو ڕۆژە گەنگەشە بکرێت و خۆیان تێدا یەکلایی بکەنەوە. ھەروەھا خشتەی کات بە دیاری کراوی بۆ ھەر ھەنگاوێک لەوانەی لە خاڵەکاندا ئاماژەمان پێداون دیاری بکرێت بە بێ ھیچ پاساوێک لە خشتەی کاتەکاندا دوا نەکەوێت .
ئێمە وەک دەرفەتێك دەزانین کە لەکۆبونەوەی ئایندەدا بابەتە ھەڵواسراوەکان کە بوونەتە مایەی کێشە و ناکۆکی نێوان حزبەکان یەکلابكرێته‌وه‌ کەلە حکومەتدان.
لەگەڵ ڕێزو حورمەتی زۆرمان بۆ خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و گشت لایەنەکان .
محەمەد حاجی مەحمود 2022/8/14 گوڵەخانە

زۆرترین خوێندراو