سه‌رۆک کۆمارى عێراق سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌کات

3/2/2015 1:24:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 2 مارسى  2015 به‌مه‌به‌ستى به‌سه‌رکردنه‌وه‌و گه‌یاندنى پیرۆزبایى به‌پارێزگابوونى دکتۆر فۆاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عێراق و وه‌فدێکى هاوڕێ سه‌ردانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌یان کرد و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌رێکى به‌رفراوانى هه‌ڵه‌بجه‌و حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و ده‌زگا حکومییه‌کان و  بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و چین و توێژه‌کانه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌و به‌ ڕاخستنى فه‌رشى سوور پێشوازیان لێ کرا  .

دواتر سه‌رۆک کۆمارى عێراق به‌شه‌کانى مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌ى به‌سه‌رکرده‌وه‌ که‌ ده‌رخه‌رى زوڵم و زۆرى به‌عسییه‌کانه‌ به‌ڕووى هه‌وڵه‌بجه‌و خه‌ڵکه‌که‌یدا و پاشان له‌ هۆڵى مۆنۆمێنت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌دا کۆبۆوه‌.
له‌سه‌ره‌تاى کۆبونه‌وه‌که‌دا قائیمقامى هه‌ڵه‌بجه‌  ووته‌یه‌کى  پێشکه‌ش کرد که‌تیایدا دوالى به‌خێرهاتن چه‌ند داواکارى یه‌کى هه‌ڵه‌بجه‌ى خسته‌ ڕوو به‌مه‌به‌ستى کارکردن له‌سه‌رى له‌وانه‌ کارکردن بۆ کردنه‌وه‌ى مه‌رزى شوشمێ و سازان و بونه‌ ئه‌ندامى عێراق له‌دادگاى نێو ده‌وڵه‌تى و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى زیان لێکه‌وتووانى هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ له‌سه‌رده‌ستى ڕژێمى پێشوو لێى توشیان بووه‌و حکومه‌تى ئێستاش میراتگرى ئه‌و ڕژێمه‌ى پێشووه‌.

دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆک کۆمارى عێراق ووته‌یه‌ک پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌بوان کراو تیادا ڕۆڵ و پێگه‌ى گه‌وره‌و گرنگى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ باس کرد و مێژووى ئه‌و شاره‌ى به‌ مێژوویه‌کى پڕشانازى بۆ گه‌لى کورد وه‌سف کرد و ئاماژه‌ى کرد به‌وه‌ى که‌ ڕه‌چه‌ڵه‌کى خۆیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌و ووتى : له‌کاتى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌شدا کارى زۆرمان کردوه‌ که‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ بگه‌یه‌نینه‌ دونیا ، سه‌باره‌ت به‌داواکاریه‌کانى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌ڵێنیدا به‌دواداچوون بۆ هه‌مویان بکات و به‌ ئه‌وله‌ویه‌ت کاریان له‌سه‌ر بکات نچونکه‌ هه‌ڵه‌بجه‌و به‌ پارێزگابونه‌که‌ى داواى ئه‌وه‌ده‌کات که‌ به‌ زوویى کار بۆ بوژانه‌وه‌ى بکرێت. 

پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆکى یه‌که‌ى ئیدارى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ خه‌ڵاتى هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان به‌ سه‌رۆک کۆمار به‌خشرا و دوابه‌دواى ئه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌زارى شه‌هیدان تاجه‌گوڵینه‌ى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق دانرا.


زۆرترین خوێندراو