راگه‌یاندراوى کۆبونه‌وه‌ی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى عێراق

4/6/2015 1:56:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

له‌کۆبونه‌وه‌ی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى عێراق  گۆڕانکارییه‌ سیاسیی و ئه‌منییه‌کان و رزگارکردنی تکریت دو ناوچه‌کانی تری پارێزگای سه‌لاحه‌ددین و،کاره‌کانی کۆنگره‌ی  باڵای عه‌ره‌بیی   و پلانه‌کانی سه‌رخستنی ئاشتبونه‌وه‌ی گشتیی و رێوشوێنه‌کانی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ئاواره‌بوه‌کان به‌ چڕیی خرانه‌ روو.

ئێواره‌ی رۆژی یه‌ک شه‌ممه‌5 ى نیسانى 2015 له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غداد به‌ ئاماده‌بونی  فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمار وحه‌یده‌ر ئه‌لعیبادی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ، سه‌لیم جبوریی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ، مه‌دحه‌ت ئه‌لمه‌حمود سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای قه‌زایی ، جێگرانی سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ، کۆبونه‌وه‌ی سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا گۆڕانکارییه‌ سیاسیی و ئه‌منییه‌کان و سه‌رکه‌وتنه‌ کانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانمان له‌ رزگارکردنی تکریت و ناوچه‌کانی تری پارێزگای سه‌لاحه‌ددین و،کاره‌کانی کۆنگره‌ی  باڵای عه‌ره‌بیی   و پلانه‌کانی سه‌رخستنی ئاشتبونه‌وه‌ی گشتیی و رێوشوێنه‌کانی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ئاواره‌بوه‌کان به‌ چڕیی خرانه‌ رو.

کۆبونه‌وه‌که‌ پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشیی کرد  له‌ سه‌رکه‌وتنی جه‌نگاوه‌رانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانمان و حه‌شدی شه‌عبیی و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌کانی عه‌شایر و خۆبه‌خشه‌کانی ناوچه‌ ئازاد کراوه‌کان  له‌ به‌گژاچونه‌وه‌ی تێرۆریستان و تێکشکاندنیان له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌کان به‌ تایبه‌ت له‌ شاری تکریت ناوه‌ندی پارێزگای سه‌لاحه‌ددین .

 سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ دوپاتیان کرده‌وه‌ ، پێویسته‌ ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ په‌ره‌یان پێ بدرێت و به‌رده‌وام بن تا هه‌موو ناوچه‌کانی هه‌ردو پارێزگای ئه‌نبار و نه‌ینه‌واش بگرێته‌وه‌ ،دوای ته‌واو کردنی ئاماده‌کاریی پێویست بۆ سه‌رخستنی ئه‌م ئه‌رکه‌ و قوڵکردنه‌وه‌ی کاری هاوبه‌ش ،ئاماده‌بوانی کۆبونه‌وه‌ی سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌  هه‌نگاوی پێویستیشیان دانا بۆ چاره‌سه‌رکردنی که‌مو کورتیی و پێشێلکارییه‌کان که‌ له‌ کاتی رزگارکردنی تکریتدا رویان داوه‌ و که‌سانی نه‌فام و هه‌لپه‌رست و ئه‌و که‌سانه‌ لێی به‌رپرسیارن که‌ خۆیان خزاندۆته‌ ناوه‌وه‌ ،سه‌ره‌نجامیش هێزه‌ ئه‌منییه‌کانمان سه‌رکه‌وتو بون له‌ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخه‌که‌ و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی قانون.

کۆبونه‌وه‌که‌ ره‌زامه‌ندی نیشان دا بۆ پلانه‌کانی حکومه‌ت له‌  پشتیوانیی و چه‌کدارکردنی رۆڵه‌کانی ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی کاریگه‌ری خۆیان ببینن له‌ رزگارکردنی ناوچه‌کانیان و هه‌روا ئه‌و رێوشوێنانه‌ی حکومه‌ت دایناوه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌ بوه‌کان بۆ زێدی خۆیان له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان  .

هاوکات کۆبونه‌وه‌که‌ نیازی حکومه‌تی په‌سه‌ند کرد  بۆ ده‌ستبه‌جێ  سه‌پاندنی قانون   له‌و ناوچانه‌ی که‌ ئازاد ده‌کرێن  تا  دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت هه‌مویان بتوانن ئه‌رکی خۆیان رابپه‌ڕێنن له‌و ناوچانه‌دا ،داوایشیکرد پلانی به‌په‌له‌ دابنرێت بۆ سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کان و کۆمه‌ک کردنی ئاواره‌بوه‌کان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان و پشتیوانیکردنی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی فیدراڵیی بۆ چه‌سپاندن و جێبه‌جێکردنی قانون و به‌دیهێنانی شه‌رعییه‌ت به‌ ته‌واوی .

کۆبونه‌وه‌ی سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌، به‌ ئیجابیه‌وه‌ رۆڵی عێراقی له‌ کۆنگره‌ی  باڵای عه‌ره‌بیی هه‌ڵسه‌نگاند و پشتگیریی هه‌ڵوێسته‌کانی نێرده‌ و نوێنه‌رانی عێراقی کرد له‌ کاتی کاره‌کانی کۆنگره‌که‌دا.

کۆبونه‌وه‌که‌ گرنگیی پلانه‌کانی ئاشتبونه‌وه‌ی گشتیی  سه‌رتاسه‌ریی و گرنگیی خستنه‌ گه‌ڕی هه‌وڵه‌کان بۆ کۆتایی هێنان به‌ مه‌ینه‌تیی ئاواره‌ بوه‌کانی دوپاتکرده‌وه‌ و پشتگیریی بانگه‌شه‌ی به‌ستنی کۆنگره‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تیی کرد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ .

که‌ش و هه‌وایه‌کی پڕ له‌ راشکاویی و ئیجابیی بۆ گه‌ڵاڵه‌ کردنی تێڕوانینه‌کان باڵی کێشابو به‌سه‌ر کۆبونه‌وه‌که‌دا ، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ رێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌م نزیکانه‌ کۆببنه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی  به‌دواداچونی جێبه‌جێکردنی ئه‌و خاڵانه‌ی  که‌ له‌سه‌ری رێککه‌وتون ،هه‌روه‌ها بۆ ته‌واوکردنی گفتوگۆی پێویست له‌ باره‌ی مه‌سه‌له‌ هه‌نوکه‌ییه‌کان له‌ هه‌مو ئاسته‌کاندا.


زۆرترین خوێندراو