کۆمسیۆن ده‌نگى 103 وێستگه‌ ڕه‌تده‌کاته‌وه‌

5/21/2018 2:35:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ عێراق ڕایگه‌یاند، ده‌نگى 103 وێستگه‌ له‌ 33 بنکه‌ى ده‌نگدان که‌ سکاڵاى سورى له‌سه‌ربووه‌  ڕه‌تکرانه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21ى  مایسى 2018  کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژادنه‌کانى عێراق ڕاگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا پاڵپشت به‌ یاساى کۆمسیۆن ژماره‌ 11ى ساڵى 2007ى هه‌موارکراو که‌ ڕێگا یاساییه‌کانى تانه‌گرتنى دیاریکردووه‌ بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ى که‌ زه‌ره‌ر‌مه‌ند بوون له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ڕێگه‌ى پێشکه‌شکردنى سکاڵاى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ ڕۆژى ده‌نگدان، به‌گوێره‌ى ڕێوشوێنه‌ یاسایى و هونه‌رییه‌کان که‌ کۆمسیۆن دایناوه‌، له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه‌ ده‌نگى ژماره‌یه‌ک له‌ بنکه‌کان ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌.

کۆمیسیۆن له‌راگه‌یه‌نراوه‌که‌یدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کردووه‌ که‌  1436 سکاڵاتۆمارکرابوون، دواى پێداچوونه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى کۆمیسیارانه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووه‌ 33 سکاڵاى سوور هه‌بوونه‌.

له‌باره‌ى ئه‌و 103 وێستگه‌یه‌ى هه‌ڵوه‌شێندراونه‌ته‌وه‌، کۆمیسیۆن روونکردنه‌وه‌ى داوه‌ و رایگه‌یاندووه‌: "وێستگه‌کان له‌ هه‌ولێر، ئه‌نبار، به‌غدا، سه‌ڵاحه‌ددین و نه‌ینه‌وا هه‌ڵوه‌شێندراونه‌ته‌وه‌".

جه‌ختیشى کردووه‌ته‌ که‌ هه‌ر که‌سێک و لایه‌نێک تانه‌ى له‌ ئه‌نجامه‌کان هه‌یه‌، ده‌توانێت له‌ نووسینگه‌که‌مان له‌ سه‌رجه‌م شاره‌کانى عێراق تۆمارى بکات.
 
دواى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق که‌ له‌ ڕۆژى 12 ى ئه‌م مانگه‌ به‌رێوه‌چوو  ، ژماره‌یه‌ک له‌ لیست و قه‌واره‌ جیاوازه‌کان سکاڵایان له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان تۆمارکردووه‌ که‌ گه‌یشتۆته‌ 1436 سکاڵاو ئه‌نجومه‌نى کۆمسیارانیش ئه‌و سکاڵایانه‌ى بینیوه‌.


زۆرترین خوێندراو