حکومه‌تی خۆجێی سلێمانی خانه‌واده‌یه‌ک له‌ مردن ڕزگار ده‌کات

20.07.2019
جەماوەر نیوز
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاودێری‌و گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پارێزگای سلێمانی به‌ پاڵپشتی ڕاسته‌وخۆی به‌ڕێز پارێزگاری سلێمانی‌و به‌شداری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی ته‌ندروستی سلێمانی‌و بنکه‌ی پۆلیسی به‌ختیاری‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی به‌رگری شارستانی سلێمانی خانه‌واده‌یه‌ک له‌ سلێمانی ڕزگار ده‌که‌ن که‌ له‌ دۆخێکی خراپی ژیاندابوون و له‌ ڕووی ته‌ندروستى و کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تى و کێشه‌ی جۆراو جۆره‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ژیانێکی تایبه‌ت بوو بوونه‌وه‌، که‌ به‌ پێی ڕاپۆرته‌ پزیشکییه‌کان ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵی فریاکه‌وتنه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 20 ڕۆژدا یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ گیانی له‌ده‌ستده‌دا.

له‌باره‌ی کێشه‌کانی ئه‌و خێزانه‌و شێوازی فریاکه‌وتنیه‌وه‌، به‌ڕێز م.عومه‌ر گوڵپی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێری‌و گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پارێزگای سلێمانی ڕایگه‌یاند:" پاشئه‌وه‌ی هاووڵاتیه‌کی چاکه‌کار زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌و خێزانه‌و شێوازی ژیانیان له‌ شاری سلێمانی پێ گه‌یاندین، به‌ پشتیوانی‌و پاڵپشتی هه‌ریه‌که‌ له‌ به‌ڕێزان پارێزگاری سلێمانی‌و ته‌ندروستی‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی پۆلیس‌و به‌رگری شارستانی له‌ کاتی پێویستدا و به‌مه‌به‌ستی به‌هاناوه‌چوونیان له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کاندا کاری پێویستیان بۆ ئه‌نجامدرا و ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌دا ڕزگارکران".

له‌باره‌ی کێشه‌کانی ئه‌و خێزانه‌و جۆری گرفته‌که‌یان، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌ وتی:" ئه‌م خێزانه‌ پێکهاتوون له‌ باک‌و دایکێکی به‌ساڵاچوو، کچێکی ته‌مه‌ن 21 ساڵ که‌ کێشه‌ی ژیریی‌و ده‌روونی هه‌یه‌، کوڕێکی 25 ساڵ به‌ هه‌مان شێوه‌، دوو ئه‌ندامی تری خێزانه‌که‌ که‌ به‌جۆرێک له‌ جۆره‌کان کێشه‌یان هه‌یه‌، هه‌ریه‌که‌ له‌ باوک‌و دایکی خێزانه‌که‌ سه‌ره‌ڕای به‌ساڵاچوون یه‌کێکیان نابیناو ئه‌ویاتریشیان که‌ دایکی منداڵه‌کانه‌ نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه‌".

له‌باره‌ی دۆخی ژیانیانه‌وه‌ وتی:" شیرازه‌و بنه‌ماکانی ژیانکردن له‌م ماڵه‌دا به‌ ته‌واوه‌تی پچڕابوون، ماڵه‌که‌ به‌ ته‌واوه‌تی بووبوویه‌ زبڵدانێکی گه‌وره‌ی پێ‌ له‌ مێش‌و مه‌گه‌ز به‌ ئاستێک که‌ هیچ که‌س نه‌یده‌توانی تیایدا بمێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌که‌ له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ به‌بێ بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی تری خێزانه‌که‌ ده‌ژیان، نه‌خۆشی جۆراو جۆری جه‌سته‌یی و ده‌روونی، تووشبوون به‌ وشکبوونه‌وه‌و لێکه‌وته‌کانی تری به‌د خۆراکی به‌هۆی خراپی و که‌می خواردنه‌وه‌، نه‌بوونی هیچ مه‌رجێکی ته‌ندروستی له‌ ماڵه‌که‌دا".

له‌باره‌ی شێوازی چاره‌سه‌رو ئه‌و کارانه‌شه‌وه‌ بۆ ئه‌و خێزانه‌ کران، عومه‌ر گوڵپی وتی:" به‌ ئاماده‌بوونی ده‌زگاو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کۆبوونه‌وه‌یه‌کمان کرد، پاشان ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌مان گواسته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر، پاشان هێشتنه‌وه‌یان له‌ بینایه‌کی چاودێری کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ماوه‌ی 40 ڕۆژ، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ته‌واوی جه‌سته‌یی و ده‌روونی وه‌رگرن، و پاشان ده‌رفه‌تی پاککردنه‌وه‌و ته‌عقیمکردن و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ماڵه‌که‌شیان بڕه‌خسێت، به‌هۆی کۆبوونه‌وه‌ی زۆری پیسیشه‌وه‌ نه‌وه‌ک ته‌واوی که‌ل و په‌لی ماڵه‌که‌ فڕێدران، به‌ڵکو هه‌موو ماڵه‌که‌ له‌ سه‌قف و دیوارو بۆیاخ‌و ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌و سیستمی ئاو و ئاوه‌ڕۆوه‌ کاره‌باوه‌ سه‌ر له‌ نوێ نۆژه‌نکرایه‌وه‌".

به‌ پێی لێدوان‌و زانیارییه‌کانی عومه‌ر گوڵپی، له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 40 ساڵی ڕابردوودا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری کۆمه‌لایه‌تی سلێمانی ڕووبه‌ڕووی که‌یسی له‌مجۆره‌ نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ئاڵۆزی و فره‌ کێشه‌یی خێزانه‌که‌شه‌وه‌ پێویست بووه‌ زیاتر له‌ ڕێکارێک و ڕێوشوێنێک بگرنه‌به‌ر، پرۆسه‌که‌ش له‌ 6ی 5ی 2019 ه‌وه‌ ده‌ستی پێکردوه‌ تا 17ی 7ی 2019، که‌ له‌ ئه‌نجامدا خێزانه‌که‌ گه‌ڕێنرانه‌وه‌ ماڵی خۆیان له‌ دۆخێکی نوێ‌و هه‌ل و مه‌رجێکی ته‌ندروستی شیاودا بۆ ژیان.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و خێزانه‌ هیچ کێشه‌یه‌کیان نه‌ماوه‌؟ عومه‌ر گوڵپی وتی:" نه‌خێر کێشه‌ی ئه‌و خێزانه‌ کۆتایی نه‌هاتووه‌و ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین و کار ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چاودێریان بکه‌ین و زیاتر هاوکاریان بین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێکی ڕابردوودا کرا بوویه‌ هۆی ڕزگاربوونی خێزانه‌که‌ و لاچوونی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیدی له‌سه‌ر ژیانیان و ڕزگارکردنى به‌لای که‌مه‌وه‌ دوو ئه‌ندامی خێزانه‌که‌ له‌مردن، بۆ داهاتووش ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بێت چاودێریان ده‌که‌ین و هاوکاریان ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ دۆخه‌ خراپه‌که‌ی پێشوو".

هه‌ر له‌ باره‌ی سه‌رجه‌می پڕۆسه‌که‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی به‌ پێویستی زانی زۆر سوپاسی هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ بکات که‌ هاوکاربوون له‌و پرۆسه‌ی به‌هاناوه‌چوونه‌وه‌، به‌تایبه‌ت به‌ڕێز کاک د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگاری سلێمانی‌و به‌ڕێزان و هاوڕێیان‌و هاوپیشه‌کانیان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی و ستاف و کارمه‌ندانی پۆلیسی سلێمانی‌و پۆلیسی به‌رگری شارستانی سلێمانی و به‌شه‌کانی پلان‌و پارێزگاری خێزان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتى کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رو کارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری کۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی‌و به‌رپرس و کارمه‌ندانی ماڵه‌کانی منداڵان و به‌ساڵاچووان، هه‌روه‌ها کۆمپانیای (موڤ) و هاووڵاتیان و نوێژخوێنانی مزگه‌وتی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی ماڵه‌ هه‌ژاره‌که‌ی لێبوو که‌ به‌پێی توانای خۆیان هاوکاربوون.


زۆرترین خوێندراو