وه‌زیرى نه‌وتى عێراق: رێکه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وت کاریگه‌رى له‌سه‌ر بوودجه‌ى 2020ى عێراق ده‌بێت

15.09.2019
جەماوەر نیوز
وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ده‌ڵێت ''رێکه‌وتنى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر پرسى نه‌وت کاریگه‌رى له‌سه‌ر بوودجه‌ى ساڵى 2020ى عێراق ده‌بێت''.

له‌ لێدوانێکدا سامر غه‌زبان، وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ڕایگه‌یاند : "گفتوگۆکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر راده‌ست کردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ حکوومه‌تى عێراق به‌رده‌وامه‌ و چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى ئه‌رێنى هه‌رێمى کوردستانین".

 باسى له‌وه‌ش کرد :"رێککه‌وتنى نه‌وتى له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا کاریگه‌رى له‌سه‌ر بوودجه‌ى ساڵى 2020ى عێراق ده‌بێت".

وه‌زیرى نه‌وتى حکومه‌تى عێراق ڕاشیگه‌یاند ''ڕێککه‌وتنى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى عێراق له‌سه‌ر پرسى نه‌وت، واده‌کات هه‌نارده‌ى ڕۆژانه‌ى نه‌وتى عێراق بۆ چوار ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل به‌رز بێته‌وه‌''.

پێشتر ئاژانسى بلومبێرگ بڵاویکرده‌وه‌، ''عێراق ده‌یه‌وێت به‌ ڕێککه‌وتنه‌ نه‌وتییه‌که‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان پله‌ى دووه‌مى وڵاتانى ئه‌ندام له‌ ڕێکخراوى ئۆپیک به‌ده‌ست بهێنێت''.

وه‌زیرى نه‌وتى عێراق گه‌شبینى خۆى به‌ ئه‌نجامدانى ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم نیشاندا و وتى "هه‌ردوولا له‌یه‌ک که‌شتیداین، بۆیه‌ پێویسته‌ بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن".


زۆرترین خوێندراو