وتارى به‌رێز عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌ساڵیادى تاوانى گوندی صۆریا

16.09.2019
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16 ى ئه‌یلولى 2019 ،له‌شارى دهۆک ساڵیادى تاوانى گوندی صۆریا که‌به‌رامبه‌ر مه‌سیحیه‌کان ئه‌نجامدرا به‌رێوه‌چوو تیایدا وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان ووتارێکى پێشکه‌ش کرد که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :


میوانه‌ به‌رێزه‌کان 

که‌سوکاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی کۆمه‌ڵکوژی صۆریا 

به‌ناوی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌ین.

ئه‌مڕۆ ئێمه‌ لێره‌ین بۆ یادکردنه‌وه‌ی تاوانێکی دیکه‌ی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی که‌ ڕژێمی به‌عسی ڕووخاو له‌ 16 ی ئه‌یلولی  1969 ده‌رحه‌ق به‌ پێکهاته‌ی خوشک و برا مه‌سیحیه‌کانمان له‌ گوندی صۆریا ئه‌نجامی داوه‌.

ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ی که‌ تێیدا 39 که‌س له‌ ژن و پیاو و منداڵ له‌ کریستیان و کوردی موسڵمان پێکه‌وه‌ گولله‌باران کران و زیاتر له‌ 22 که‌سیش بریندارکران و گونده‌که‌یان سوتێنرا و خه‌ڵکه‌که‌ی ئاواره‌بوون.

ئه‌م تاوانه‌ پیلانێک بوو له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی له‌ناوبردنی ته‌واوی پێکهاته‌کانی کوردستان به‌بێ جیاوازی و سڕینه‌وه‌ی نه‌ژاد و ژیان و ئاین له‌م ناوچه‌یه‌.



کلدان و مه‌سیحیه‌کان که‌ پێکهاته‌ی دێرین و گرنگی کوردستانن        و هاوشانی گه‌لی کوردستان به‌شداری شۆڕشه‌کانی ڕزگارییان کردووه‌ و شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ خه‌باتیان کردووه‌ و له‌و پێناوه‌شدا شه‌هیدو قوربانیان داوه‌.

بۆیه‌ هه‌میشه‌ دوژمنانی کوردستان له‌ هێرشه‌کانیاندا له‌ سه‌رده‌مه‌ جیاکاندا هاوشێوه‌ی پێکهاته‌کانی تر تاوانیان به‌رانبه‌ریان ئه‌نجامداوه‌ هه‌ر له‌ کۆمه‌ڵکوژی سیمیڵ له‌ سه‌رده‌می ره‌شید عالی گه‌یلانی و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی ڕژێمی به‌عس و کۆمه‌ڵکوژی ته‌قینه‌وه‌ و کرده‌وه‌ تیرۆستییه‌کان تا ده‌گات به‌ هێرشه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ڕێکخراوی تیرۆستی داعش ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ برا و خوشکانی مه‌سیحی بوونه‌ته‌ قوربانی و به‌ سه‌دان گوندیان خاپورکراوه‌ و خه‌ڵکه‌که‌یان ڕاگوێزراون.

ئه‌م هاوچاره‌نووسییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاکه‌ بووه‌ته‌ هه‌وێنی پێکه‌وه‌ژیان و ته‌باییمان و هه‌رکاتێک کورد ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی یان ئیداری هه‌بووبێت خوشک و برا مه‌سیحییه‌کانمان به‌شداربوون تێیدا و له‌ ئێستاشدا له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و ئیداریی هه‌رێمی کوردستاندا کورسیان له‌ په‌رله‌مان و وه‌زیریان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌ مافی خۆیان و میراتی شه‌هید و قوربانییه‌کانیانه‌ و نموونه‌ی به‌رچاوی ته‌بایی سه‌رجه‌م پێکهاته‌ و ئاین و ئاینزاکانه‌ که‌ کوردستانی کردووه‌ته‌ چه‌تری پێکه‌وه‌ژیانی هه‌موومان.



ئاماده‌ بووانی به‌رێز.

ئه‌مرۆ که‌ یادی 50 ساڵه‌ی کۆمه‌ڵکوژی صۆریا ده‌که‌ینه‌وه‌ جێگای خۆیه‌تی ئاماژه‌ به‌ تاوانی قه‌تل و عام و سوتانی ئه‌شکه‌وتی ده‌کا بکه‌ین له‌ سنووری قه‌زای ئاکرێ که‌ هه‌مان ساڵ ئه‌نجامدراوه‌ زیاتر له‌ (70) ژن و منداڵ بوونه‌ته‌ قوربانی 


خوشکو برایانی خۆشه‌ویست 

که‌یسی تاوانی کۆمه‌ڵکوژی صۆریا هاوشێوه‌ی که‌یسه‌کانی تری تاوانه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی ڕژێمی به‌عسی ڕووخاوه‌ که‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نجامی داون له‌( کۆمه‌ڵکوژی فه‌یلیه‌کان و بارزانییه‌کان و ئه‌نفالی گه‌رمیان وناوچه‌کانى تر و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌وانی تر )  له‌ دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق دۆسیه‌ی هه‌یه‌ و ده‌بێت به‌ جینۆساید و تاوانى دژ به‌ مرۆڤایه‌تى بناسێنرێت و به‌پێى ده‌ستوور حکومه‌تی عێراقی فیدراڵ قه‌ره‌بووی زیانه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بکاته‌وه‌.


ئێمه‌ له‌وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان  به‌ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین که‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی کوردستان و عێراق کاربکه‌ین بۆ دابینکردنی ماف و ئیمتیازات و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی که‌سوکاری شه‌هیدان و به‌ تایبه‌ت مۆنۆمێنتی گوندی صۆریا له‌ پلانماندایه‌ که‌ له‌م ساڵه‌دا گوژمه‌ی ماوه‌ی پرۆژه‌که‌ ته‌واو بکه‌ین و دۆکیۆمێنته‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵکوژییه‌ و مێژووی سته‌م به‌ نه‌وه‌کانی داهاتوو ئاشنا بکه‌ین .

له‌م یاده‌دا وه‌فاداری ده‌رده‌بڕین بۆ قوربانیانی گوندی صۆریا و سه‌ربه‌رزی و شکۆمه‌ندی بۆ که‌سوکاریان.