نامه‌کانى به‌ر له‌هاتنى مه‌رگى ئه‌و 39 کۆچبه‌ره‌ى له‌ناو بارهه‌ڵگرێکدا کۆچى دوایانکرد

31.10.2019
جەماوەر نیوز

له‌و روداوه‌ نه‌خوازراوه‌ى له‌ وڵاتى به‌ریتانیا رویداو به‌هۆیه‌وه‌ 39 کۆچبه‌ر به‌شێوه‌یه‌کى جه‌رگبڕو تراژیدا گیانیان له‌ده‌ستدا، چه‌ندین چیرۆکى ناخ هه‌ژێنى کۆچبه‌ره‌کان به‌ر له‌ دوا ساته‌کانى ژیانیان له‌ میدیاکاندا بڵاوبۆته‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ى تر ئه‌م رووداوه‌ گه‌وره‌ترو خه‌فه‌تبارتر ده‌که‌ن.

ئه‌و 39 کۆچبه‌ره‌ که‌ 25 که‌سیان به‌ ره‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکى ڤێتنامن، 31 پیاوو 8 ژن بوون، ئه‌وپه‌ڕى هه‌وڵى خۆیانداوه‌ بۆ رزگاربوون له‌ مه‌رگ، به‌ڵام دواجار مه‌رگ یه‌خه‌ى به‌ هه‌موویان گرتووه‌.

ئانا بۆى سى نهۆنگ، کچێکى ته‌مه‌ن 19 ساڵانه‌ و دیزانه‌رى نه‌خشى نینۆکه‌ و، زیاتر له‌ 10 هه‌زار دۆلارى داوه‌ به‌هیواى گه‌یشتن به‌ ژیانێکى باشتر روى له‌ بریتانیا کردوه‌.
که‌سوکارى سنهۆنگ ده‌ڵێن، دایکى ئه‌و پێش چه‌ند مانگێک به‌هۆى نه‌خۆشیه‌وه‌ گیانى له‌ده‌ست داوه‌.

نهۆنگ چه‌ند رۆژێک پێش روداوه‌که‌ وێنه‌یه‌کى له‌ تۆرى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک بڵاوکردوه‌ته‌وه‌ نوسیویه‌تی” گه‌وره‌بون واته‌ شاردنه‌وه‌ى خه‌مه‌کانت له‌ تاریکیدا”.

یه‌کێکى دیکه‌ له‌ قوربانیه‌کان پێده‌چێت فام سرى ترا ماى بێت که‌ کچێکى ته‌مه‌ن 26 ساڵى ڤێتنامیه‌، چه‌ند کاتژمێرێک پێش دۆزینه‌وه‌ى بارهه‌ڵگره‌که‌، نامه‌یه‌کى بۆ دایکى ناردوه‌ که‌ تیایدا نوسیویه‌تی” لێم ببوره‌ دایکه‌، ئه‌مرم به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناتوانم هه‌ناسه‌ بده‌م”.

دایکى فام ده‌ڵێت هه‌رچى پاره‌م هه‌بو له‌ گه‌شته‌که‌ى کچه‌که‌مدا بۆ بریتانیا خه‌رجمکرد، به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ کچه‌که‌میان برد بۆ بریتانیا پێیان رانه‌گه‌یاندم چۆن ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن.

کارمه‌ندێک که‌ له‌بورارى مافى مرۆڤ کاریده‌کرد له‌ ڤێتنام وتی، ماى به‌و گه‌شته‌ پر مه‌ترسیه‌ هه‌ستاوه‌، بۆ رزگارکردنى خێزانه‌که‌ى له‌و قه‌رزه‌ زۆره‌ى که‌ به‌سه‌ریاندا که‌ڵه‌که‌ ببو.

خێزانى ماى وتیان، بۆ دابینکردنى پاره‌ى گه‌شتى کچه‌که‌یان خانۆکه‌یان له‌ برى قه‌رز داناوه‌.
نه‌جوین دینه‌ لۆج، کورێکى ته‌مه‌ن 20 ساڵانه‌ پێده‌چێت یه‌کێکى یکه‌ بێت له‌ سه‌رنشینانى بارهه‌ڵگره‌که‌، بۆ گه‌شته‌که‌ى به‌ره‌و بیتانیا 14 هه‌زار دۆلارى خه‌رج کردوه‌، پلانى ئه‌وه‌ى هه‌بوه‌ له‌ئارایشتگاى نینۆک رازاندنه‌وه‌ کاربکات له‌ بریتانیا.

دایکى لۆج ده‌ڵێت، زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌که‌ هیچ ده‌نگوباسێکمان له‌باره‌یه‌وه‌ نه‌بیستوه‌، ئاخیر جا له‌لایه‌ن پیاوێکى ڤێتنامیه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌کى ته‌له‌فۆنیان پێگه‌شتوه‌ که‌ پێى راگه‌یاندون، روداوێکى نه‌خوازراو رویداوه‌.

یه‌کێکى دیکه‌ که‌ گومان ده‌کرێت له‌نیو قوربانیه‌کاندا بوبێت، نه‌جوین دینه‌ تۆیه‌، 14 هه‌زار دۆلارى له‌ژیر ناوى ژنه‌که‌یدا وه‌رگرتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ڕێگاى نایاسایى بگات به‌ بریتانیا.

هاوسه‌ره‌که‌ى رایگه‌یاند، له‌ 21-ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ تۆ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کى پێوه‌نه‌کردوه‌، قه‌رزێکى زۆریشى به‌سه‌ردا جێهێشتوه‌، نه‌ هیواى ماوه‌ نه‌ تواناى ئه‌نجامدانى هیچ کارێکیش.
داکى دوانه‌یه‌ک ، ته‌مه‌نى 28 ساڵه‌ و باوکى دوانه‌یه‌که‌، خێزانه‌که‌ى زۆر نیگه‌رانن له‌وه‌ى له‌ناو قوربانیه‌کاندا بێت، له‌ چاوه‌ڕوانى راگه‌یاندنى فه‌رمى ئه‌نجامى لێکۆڵینه‌وه‌کانى پۆلیسى دادوه‌رى بریتانیادان.

له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ پورێکى ڤێتنامى وێنه‌ى دو برازاى خۆى بڵاوکرده‌وه‌، به‌هیواى دۆزینه‌وه‌یان، خێزانه‌که‌یان نیگه‌رانى ئه‌وه‌ن یه‌کێکبن له‌ قوربانیه‌کان.