په‌رله‌مانى کوردستان کێشه‌ى که‌میى کاره‌باى نیشتیمانى تاووتوێ ده‌کات

10.12.2019
جەماوەر نیوز
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 10-12-2019، به‌سه‌رۆکایه‌تیى هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونى منى نبى قه‌هوه‌چى سکرتێرى په‌رله‌مان، دانیشتنى ژماره‌ (9)ى ئاساییى خولى پایزه‌ له‌ ‌ساڵى یه‌که‌می خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تا هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان به‌ناوى خواو گه‌لى کوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌که‌ى کرده‌وهو سوپاسى ئاماده‌بوونى وه‌زیرى رۆشنبیرى و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ کاروبارى په‌رله‌مان و نوێنه‌رانى دیکه‌ى وه‌زاره‌ته‌کان که‌ ئاماده‌ى دانیشتنه‌که‌ بوون کرد‌، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چى سکرتێرى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ خوێندرایه‌‌وه‌ که‌ له‌ سێ خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌م بریتى بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاساى (رێکلامى بازرگانى له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق) به‌پێى حوکمى ماده‌کانى (87 و 88 و 89) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان، خاڵى دووه‌میش بریتى بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى پێشنیازه‌بڕیارى (رۆژانى بۆنه‌ فه‌رمییه‌کانى نه‌ته‌وه‌ى تورکمان)، به‌پێى حوکمى ماده‌کانى (79 و 80 و 82) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان، خاڵى سێیه‌م و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ قسه‌کردن و تاووتوێکردنى پرسى کێشه‌ى کاره‌باى نیشتیمانى و دابه‌شکردنى سووته‌مه‌نى له‌م وه‌رزى سه‌رمایه‌دا به‌سه‌ر هاووڵاتییان.
هه‌روه‌ها پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانى دانیشتنى پێشوو و کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێنده‌وه‌‌.

به‌ر له‌ جێبه‌جێکردنى خاڵه‌کانى به‌رنامه‌ى کار، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتاره‌وه‌ پێشنیازى ئه‌وه‌ خرایه‌روو که‌ خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کار بکرێته‌ خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کارو جێگۆڕکى به‌ڕیزبه‌ندیى خاڵه‌کان بکرێـت و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆکى دانیشتنى په‌رله‌مان له‌ژێر رۆشنایى حوکمه‌کانى په‌یڕه‌وى ناوخۆ خرایه‌ ده‌نگدان و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکراو به‌مشێوه‌یه‌ خاڵه‌که‌ ریزبه‌ندى خاڵى یه‌که‌مى وه‌رگرت.

دواتر خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار بریتى بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى پێشنیازه‌بڕیارى رۆژانى بۆنه‌ فه‌رمییه‌کانى نه‌ته‌وه‌ى تورکمان له‌لایه‌ن لیژنه‌ى کاروبارى یاسایی-یه‌وه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆکى دانیشتنى په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆ کراو له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ى لیژنه‌ى یاسایى و لیژنه‌ى رۆشنبیرى و سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران کرا بۆ گرتنه‌به‌رى رێککاره‌ یاساییه‌کانى تا خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ ئه‌نجامبدرێت.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى خاڵى نیزامى له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتاره‌وه‌ پێشنیازى ئه‌وه‌ خرایه‌ڕوو که‌ پێشنیازه‌بڕیارى رۆژانى بۆنه‌ فه‌رمییه‌کانى نه‌ته‌وه‌ى تورکمان تایبه‌تمه‌ندى په‌له‌کردنى واته‌ (سیفه‌ى ئیستعجالى) پێبدرێت و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆکى دانیشتنى په‌رله‌مان له‌ژێر رۆشنایى حوکمه‌کانى په‌یڕه‌وى ناوخۆ خرایه‌ ده‌نگدان و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکراو به‌مشێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانه‌وه‌ داوا له‌ لیژنه‌ى کاروبارى یاسایى و لیژنه‌ى رۆشنبیرى کرا که‌ کار له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیازبریاره‌ بکه‌ن و به‌زووترین کات راپۆرتى هاوبه‌شى له‌سه‌ر ئاماده‌ بکه‌ن.

به‌ر له‌جێبه‌جێکردنى خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کار که‌ بریتى بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاساى (رێکلامى بازرگانى له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق)، وه‌زیرى کاره‌باى حکومه‌تى هه‌رێم له‌وکاته‌دا ئاماده‌ى دانیشتنه‌که‌بوو، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتاره‌وه‌ پێشنیازى ئه‌وه‌ خرایه‌ڕوو که‌ خاڵى سێیه‌مى به‌رنامه‌ى کار که‌ بریتى بوو له‌ قسه‌کردن و تاووتوێکردنى پرسى کێشه‌ى کاره‌باى نیشتیمانى و دابه‌شکردنى سووته‌مه‌نى له‌م وه‌رزى سه‌رمایه‌دا به‌سه‌ر هاووڵاتییان بکرێته‌ خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کارو جێگۆڕکى به‌ڕیزبه‌ندیى خاڵه‌کان بکرێـت و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆکى دانیشتنى په‌رله‌مان له‌ژێر رۆشنایى حوکمه‌کانى په‌یڕه‌وى ناوخۆ خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکراو به‌مشێوه‌یه‌ خاڵه‌که‌ ریزبه‌ندیى خاڵى دووه‌مى وه‌رگرت.

پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆکى دانیشتنى په‌رله‌مان رێگه‌درا سه‌رجه‌م ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى ئیمزاى یاداشتى پێشنیازى زیادکرنى خاڵى تایبه‌ت بۆ قسه‌کردن و تاووتوێکردنى پرسى کێشه‌ى کاره‌باى نیشتیمانى و دابه‌شکردنى سووته‌مه‌نى له‌م وه‌رزى سه‌رمایه‌دا به‌سه‌ر هاووڵاتییان بۆ به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ کردبوو، پێشنیازو روونکردنه‌وه‌کانى خۆیان بخه‌نه‌ڕوو، هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى ئه‌م خاڵه‌ى به‌رنامه‌ى کار ژماره‌یه‌کى دیکه‌ له‌په‌رله‌مانتارانى فراکسیۆن و کوتله‌و پێکهاته‌کانى په‌رله‌مان به‌هه‌مان شێوه‌ تێبینى و پێشنیازه‌کانى خۆیان له‌سه‌ر دۆخى کاره‌با له‌هه‌رێم خسته‌ڕوو.

دواتر له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک له‌په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ پێشنیازى ئه‌وه‌ کرا وه‌زیرى کاره‌باى حکومه‌تى هه‌رێم که‌ ئاماده‌ى دانیشتنه‌که‌ بوو، روونکردنه‌وه‌کانى وه‌زاره‌ته‌که‌ى له‌باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه‌ بخاته‌ڕوو، ئه‌م پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆکى دانیشتنه‌که‌ى په‌رله‌مان خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

له‌روونکردنه‌وه‌کانیدا وه‌زیرى کاره‌باى هه‌رێم رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا 13 وێستگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با له‌هه‌رێمى کوردستان بوونى هه‌یه‌و پێکه‌وه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانى سه‌روو 6700 مێگاوات-یان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بودجه‌و سووته‌مه‌نیى پێویست هه‌بێت، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى رێژه‌ى سووته‌مه‌نیى پێویست و هه‌روه‌ها نه‌بوونى بودجه‌ى ته‌واو ئه‌وا رێژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با سنووردار بووه‌و تێکڕاى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌باش له‌مساڵدا له‌نێوان 3400 بۆ 3600 مێگاوات بووه‌".

هه‌روه‌ها وه‌زیرى کاره‌باى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ تا نیوه‌ى یه‌که‌مى مانگى رابردوو به‌رێژه‌ى تێکڕاى سه‌روو 21 کاتژمێر کاره‌با دابین کراوه‌، به‌ڵام دواى ئه‌و رێکه‌وته‌ به‌هۆى وه‌رزى سه‌رماوه‌ داخوازى و خواست له‌سه‌ر به‌کارهێنانى کاره‌با له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ به‌رزبۆته‌وه‌ بۆیه‌ دابینکردنى کاره‌با به‌ڕێژه‌ى‌ تێکڕا بۆ 11 سه‌عات دابه‌زیوه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ هه‌رێمى کوردستان سه‌ره‌ڕاى کێشه‌ ته‌کنیکییه‌کان که‌ نزیکه‌ى 13% به‌فیڕۆ ده‌ڕاوت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌کێشه‌ى دابینکردنى سووته‌مه‌نى و نه‌بوونى بودجه‌ى ته‌واو، ئه‌وا کێشه‌ى له‌چۆنیه‌تیى دابه‌شکردنى بڕى کاره‌باى به‌رهه‌مهاتوو هه‌یه‌و هه‌روه‌ک رێژه‌یه‌کى زۆریش به‌هۆى سه‌رپێچییه‌کانه‌وه‌ به‌فیڕۆ ده‌راوت.

له‌به‌شێکى دیکه‌ى روونکردنه‌وه‌کانیدا وه‌زیرى کاره‌باى هه‌رێم ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ له‌ماوه‌ى پێشوودا سێکته‌رى کاره‌باى هه‌رێم پشتى به‌پێنج جۆر بودجه‌ به‌ستبوو، وه‌ک بودجه‌ى ئاسایى و داهاتى وه‌زاره‌ت و بودجه‌ى گه‌شه‌پێدانى پارێزگاکان و بودجه‌ى پترۆدۆلار، به‌ڵام له‌ئێستادا ته‌نها بودجه‌ ئاساییه‌که‌ ماوه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌زیادکردنى به‌رهه‌مى کاره‌با وه‌زیر رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌گه‌ڵ ره‌چاوکردنى خواستى هاووڵاتییان له‌م وه‌رزه‌دا بۆ ماوه‌ى 30 رۆژ هه‌زار مێگاوات زیاد بکه‌ین ئه‌وا تێچووى گشتى ده‌گاته‌ 147 ملیۆن دۆلارو ئه‌م بودجه‌یه‌ش به‌و قه‌باره‌ گه‌وره‌یه‌ سانا نییه‌، بۆیه‌ وه‌زیرى کاره‌با داواى له‌په‌رله‌مانتاران کرد له‌جێگیرکردنى پێوه‌رى زیره‌کى کاره‌با پشتیوانیى حکومه‌ت بکه‌ن و داواشیکرد ببێـه‌ کامپه‌ینێکى نیشتیمانی، چونکه‌ له‌رێگه‌ى جێبه‌جێکردنى دانانى پێوه‌رى زیره‌کى کاره‌با ئه‌وا له‌زۆر رووه‌وه‌‌ کۆنترۆڵى چۆنیه‌تیى دابه‌شکردنى کاره‌با به‌شێوه‌یه‌کى کاراترو باشتر ده‌کرێت، هه‌روه‌ها رێگه‌ ده‌گرێت له‌به‌فیڕۆدان و چۆنیه‌تیى زیاد له‌پێویست به‌کارهێنانى وزه‌ى کاره‌با کاریگه‌ریى گه‌وره‌و به‌رچاوى ده‌بێت.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى روونکردنه‌وه‌کانیدا به‌داتاو زانیاریى پێویست وه‌زیرى کاره‌با چۆنیه‌تیى دابه‌شکردنى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌باى له‌نێوان پارێزگاو ناوچه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌جیا بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و قسانه‌شى ره‌تکرده‌وه‌ که‌باس له‌نادادپه‌روه‌رى له‌ دابه‌شکردنى کاره‌با ده‌که‌ن و به‌سه‌رچاوه‌ى زانیاریى نادروست وه‌سفى کردن، وه‌زیرى کاره‌باى هه‌رێم به‌رده‌وام بوو له‌خستنه‌ڕووى چه‌ندین زانیارى و داتاى تایبه‌ت به‌سێکته‌رى کاره‌باو پرۆسه‌ى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌باو قه‌رزه‌کانى کاره‌با که‌ له‌لاى هاووڵاتییان و حکومه‌ت و کارگه‌کانن باسکرد.

دواى ته‌واوبووونى روونکردنه‌وه‌کان له‌باره‌ى پرسى کاره‌با، هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى له‌وه‌زیرى کاره‌باى هه‌رێم کرد که‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌و داتاو زانیارییانه‌ى له‌باره‌ى سێکته‌رى کاره‌با خرانه‌ڕوو ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى کوردستان بکرێت و هه‌روه‌ها لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ندى په‌رله‌مانى راسپارد که‌ دواى گه‌یشتنى راپۆرته‌که‌ى وه‌زاره‌تى کاره‌با رێککاره‌یاساییه‌کان له‌چوارچێوه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ئه‌نجامبدن و کۆبوونه‌وه‌ بکه‌ن تاوه‌کو سه‌رجه‌م تێبینى و پێشنیازه‌کانى په‌ر‌له‌مانتارانیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ له‌راپۆرته‌که‌یان جێبکه‌نه‌وه‌.

هێمن هه‌ورامى که‌ سه‌رۆکایه‌تى دانیشتنه‌که‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى ده‌کرد به‌ناوى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌وه‌ى بۆ ئه‌و ژماره‌ په‌رله‌مانتاره‌ روونکرده‌وه‌ که‌ داواى قسه‌کردنیان کردبوو له‌سه‌ر پرسى کاره‌باو رایگه‌یاند: "به‌هۆى زۆرى گفتوگۆکان و هه‌روه‌ها روونکردنه‌وه‌کانى وه‌زیرى کاره‌با ئه‌وا داواتان لێده‌که‌ین که‌ پێشنیازو تێبینییه‌کانتان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ به‌ نووسراو ئاراسته‌ى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندیدار بکه‌ن یاخود له‌ رێگه‌ى میکانیزمى پرسیارى په‌رله‌مانى ئاراسته‌ى وه‌زه‌راتى په‌یوندیدارى بکه‌ن"، هه‌روه‌ک داواشى له‌وه‌زیرى کاره‌با کرد له‌زووترین ماوه‌دا ئه‌و پرسیارانه‌ى له‌باره‌ى پرسه‌که‌ى ئه‌مڕۆ ئاراسته‌ى ده‌کرێن وه‌ڵامى په‌رله‌مانتاران بداته‌وه‌.

پاشان له‌لایه‌ن هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان بۆ ماوه‌یه‌کى کاتى دانیشتنه‌که‌ى هه‌ڵپه‌سێردرا.

‌سه‌عات 3ى پاشنیوه‌ڕۆ به‌شى دووه‌مى دانیشتنه‌که‌ به‌سه‌رۆکایه‌تى هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونى منى نبى قه‌هوه‌چى سکرتێرى په‌رله‌مان و وه‌زیرى رۆشنبیرى و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ کاروبارى په‌رله‌مان و نوێنه‌رانى دیکه‌ى وه‌زاره‌ته‌کان ده‌ستى پێکرده‌وه‌ بۆ ته‌واوکردنى خاڵه‌کانى به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌.

خاڵى سێیه‌م و کۆتایى به‌رنامه‌ى کار که‌ بریتى بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاساى (رێکلامى بازرگانى له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ى یاسایى و هه‌ردوو لیژنه‌ى رۆشنبیرى و لیژنه‌ى شاره‌وانى له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆکى دانیشتنى په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌سڵى پێشنیازى یاساکه‌ که‌ له‌لایه‌ن ژماره‌ى یاسایى په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ پێشکه‌شکرابوو له‌گه‌ڵ راپۆرتى هاوبه‌شى هه‌رسێ لیژنه‌ى تایبه‌مه‌ند له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ى پێشنیازى یاساکه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران خوێندرانه‌وه‌.

دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆکى دانیشتنى په‌رله‌مان له‌ژێر رۆشنایى حوکمه‌کانى په‌یڕه‌وى ناوخۆ پێشنیازى ئه‌وه‌ خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران که‌راپۆرتى هاوبه‌شى هه‌رسێ لیژنه‌ى تایبه‌مه‌ند بکرێـته‌ بنه‌ماى گفتوگۆکانى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م و ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

به‌ر له‌ده‌سپێکردنى گفتوگۆکان له‌باره‌ى ئاماده‌نه‌بوونى وه‌زیرى بازرگانیى حکومه‌تى هه‌رێم له‌کاتى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاساى رێکلامى بازرگانى له‌ هه‌رێم، هێمن هه‌ورامى سه‌رۆکى دانیشتنه‌که‌ رایگه‌یاند: "له‌دانیشتنى پێشوو په‌رله‌مانى کوردستان گفتوگۆکردنى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاساى رێکلامى بازرگانیى دواخست بۆ دانیشتنه‌که‌ى ئه‌مڕۆو له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا وه‌زیرى بازرگانى ئاماده‌ى کۆبوونه‌وه‌کانى هه‌رسێ لیژنه‌ى تایبه‌مه‌ند له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ى پێشنیازى یاساکه‌و ئاماده‌کردنى راپۆرتى هاوبه‌ش بوو، له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا پێشنیازو تێبینییه‌کانى وه‌زاره‌ته‌که‌ى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانى لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌کان تاووتوێ کردووه‌و خستۆته‌ڕوو، بۆیه‌ له‌دانیشتنه‌که‌ى ئه‌مڕۆ ئاماده‌ نه‌بووه‌".

دواتر ناوونیشان و بڕگه‌و ماده‌کانى پێشنیازه‌یاساى رێکلامى بازرگانى له‌ هه‌رێم، له‌لایه‌ن لیژنه‌ى یاسایى و هه‌ردوو لیژنه‌ى رۆشنبیرى و لیژنه‌ى شاره‌وانى له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆکى دانیشتنى په‌رله‌مان خرانه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران و ماده‌ به‌ماده‌ ده‌ست به‌گفتوگۆکردن و وه‌رگرتنى پێشنیازو تێبینییه‌کانى په‌رله‌مانتاران کرا. هه‌روه‌ها له‌چوارچێوه‌ى پێشکه‌شکردنى تێبینى و پێشنیازه‌کانى په‌رله‌مانتاران روونکردنه‌وه‌ى پێویست له‌لایه‌ن وه‌زیرى رۆشنبیرى و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ کاروبارى په‌رله‌مان پێشکه‌ش به‌په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کران.

دواى ته‌واوبوونى گفتوگۆکردنى بڕگه‌و ماده‌کانى پێشنیازه‌یاساى رێکلامى بازرگانى له‌ هه‌رێم، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانه‌وه‌ لیژنه‌ى یاسایى و هه‌ردوو لیژنه‌ى رۆشنبیرى و لیژنه‌ى شاره‌وانى راسپێردران بۆ جێکردنه‌وه‌و پوختکردنه‌وه‌ى پێشنیازو تێبینییه‌کانى په‌رله‌مانتاران و سه‌رنج و تێبینییه‌کانى وه‌زیرانى په‌یوه‌ندیدار له‌چوارچێوه‌ى راپۆرتى هاوبه‌شى هه‌رسێ لیژنه‌که‌دا تاوه‌کو ئه‌نجامدانى رێککاره‌یاساییه‌کانى له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاساکه‌ ته‌واو بکرێت و بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری. به‌مشێوه‌یه‌‌ کۆتایى به‌دانیشتنه‌که‌ هات.


زۆرترین خوێندراو