سەرۆکی حکومەتی هەرێم: پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت

12.02.2020
جەماوەر نیوز
ئه‌مرۆ چوارشەممە 12ى شوبات ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی داواکاری گشتی ئامادەیبوون، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەیدا بە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ و گوتی ئەنجامدانی چاکسازی خواست و داوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکان بوو. بۆیە داوا لەپارت و لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم دوور لە موزایەدە و بە کردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە. گوتیشی هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی دارایی وکارگێڕیدا کار لە سەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەوانەش داهاتی نەوت وگاز دەکەین کە دەمانەوێت شەفاف و روون بێت، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەکانی راسپارد کە لە ماوەی پازدە رۆژدا، پێشنیارەکانی خۆیان بۆ رەشنووسی پەیڕەوی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکەن و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەر لە کۆبوونەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی کردەوە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.

زۆرترین خوێندراو