له‌ خورماتوو حه‌شدى شه‌عبى پاشه‌کشه‌ ده‌کات

11.04.2020
جەماوەر نیوز

دیارکه‌رکوکى
له‌ خۆرئاواى شارۆچکه‌ى خورماتوو هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى به‌ درێژایى چه‌ند کیلومه‌ترێک ده‌ست به‌ پاشه‌کشه‌ ده‌که‌ن و ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ تێدا جێگیر بوون به‌ چۆڵى ده‌یهێڵنه‌وه‌.
مامۆستا یوسف ڕۆژ، دانیشتووى گوندى ته‌په‌سه‌وزى سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ى خورماتووه‌وه‌ به‌ جه‌ماوه‌رنیوزى ڕاگه‌یاند له‌ دواى په‌لاماره‌که‌ى شه‌وى 9ی نیسانی 2020 بۆ سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناو فڕۆکه‌خانه‌ى سه‌دیق له‌ خۆرئاواى شارۆچکه‌ى خورماتوو که‌ ژماره‌یه‌ک کوژراو بریندارى لێکه‌وته‌وه‌ ،حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوچه‌که‌ ده‌ستییان به‌ پاشه‌کشه‌کردن کردووه‌ و شوێنه‌ سه‌ربازییه‌کانیان به‌ ته‌واوه‌تى له‌ نزیک ئه‌و فڕۆکه‌خانه‌یه‌ چۆڵکردووه‌.
وتیشى دواى ئه‌و پاشه‌کشه‌یه‌ ناوچه‌که‌ له‌ ئێستادا بۆشاییه‌کى ئه‌منى به‌رفراوانى تێکه‌وتووه‌ و هیچ هێزێکى سه‌ربازى تێدا جێگیر نییه‌ که‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ ڕێگا خۆشکردن بۆ ئه‌وه‌ى چه‌کدارانى داعش به‌ ئازادانه‌ زیاتر جموجوڵ بکه‌ن و مه‌ترسى بخه‌نه‌ نێو دڵى دانیشتوانى ناوچه‌که‌ که‌ زۆرینه‌یان کوردن.
لاى خۆشیه‌وه‌ محه‌مه‌د فایه‌ق، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى خورماتوو به‌ جه‌ماوه‌ر نیوزى ڕاگه‌یاند له‌ گوندى پاره‌پاره‌ى خۆرئاواى شارۆچکه‌ى خورماتوو که‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ هێڵێکى گه‌رمى نێوان هێزه‌ سه‌ربازییه‌ عێراقییه‌کان و داعش داده‌نرێت هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى که‌ به‌ فه‌وجه‌ ئیمام حسێن ناسراون بنکه‌ و باره‌گاکانى خۆیانیان چۆڵکروبه‌ره‌و ناو فڕۆکه‌خانه‌که‌ پاشه‌کشه‌یان کرد.
وتیشى به‌ کشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌ ناوچه‌که‌ بۆشاییه‌کى فراوانى سه‌ربازى و ئه‌منى تێدا دروست ده‌بێت وداعشیش تێدا جموجوڵه‌کانى زیاتر ده‌بێت.

زۆرترین خوێندراو