عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود له‌ بارزان تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفای لەسەر مەزاری شەهیدان دانا

30.07.2020
جەماوەر نیوز
ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ۳٠ / ۷ / ۲٠۲٠ لە یادی ۳۷ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکاندا عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە بەشداری کامەران عەبدوڵا، ڕاوێژکاری وەزارەت و داماو محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر و سیروان عەزیز، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان و ڕێبوار ڕەمەزان ،بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزان و بە ئامادەبوونی غەفور ئەحمەد، قائممقامی مێرگەسوور و بەشیر سدیق ،بەرێوەبەری ناحیەی بارزان بە وەکالەت و رەعد بارزانی، بەرێوەبەری شارەوانی بارزان، تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفای لەسەر مەزاری شەهیدان لە بارزان دانا .
عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکان ئاماژەیکرد بە گەورەیی کارەساتەکە و خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان.
هەروەها ڕایگەیاند : ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی تەندرووستی بۆ پاراستنی سەلامەتی کەسوکاری شەهیدان. یادی ۳۷ساڵەی جینۆساید بارزانییەکان بە مەراسیمی تاجەگوڵێنە کراوەتەوە.
هەر بەبۆنەی یادی (٣٧)ساڵەی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی :
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانییانی جینۆسایدی بارزانیەکان
ئەمرۆ ( ٣٧ ) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانێکی گەورەی دژ بە بەهاکانی
ئایین و سروشت و مرۆڤایەتی ، تاوانی جینۆسایدی گەلی کوردستان کە تێیدا نزیکەى (۸٠٠٠)مرۆڤی بێتاوان تەنها بەهۆی کوردبوونیان جینۆسایدکران
کۆمەڵکوژی بارزانییەکان سەرەتای پیلانێکی گەورە بوو بۆ لەناوبردن و پاکتاوی رەگەزی گەلێک کە دەیویست لەسەر خاکەکەی خۆی بە ئاشتی وئازادی بژی
دوژمنانی کورد بۆ ئەم مەبەستە مەڵبەندی تێکۆشانی سەدەیەک خەبات و زێدی شۆڕشگێڕانیان لە بارزان کردە ئامانج و هەر لەدوای رێکەوتننامەی بەدناوى جەزائیرەوە دەستیان پێکرد، ساڵی ( ۱۹۷٥) هەزاران خێزانیان بەرەو دیوانییە و شارەکانی باشووری عێراق ڕاگوێزا ، بەخەیاڵی خۆیان بۆ ئەوەی دایان ببڕن لە چیا و گوندەکانیان ودەرفەت نەمێنێتەوە بۆ خەبات و مقاوەمەت دواتر بۆ ئۆردوگاکانی قوشتەپە و بەحرکەو هەریر و گۆڕەتوو دەوروبەری هەولێر گوێزرانەوە، سەرەڕای قوربانیدان و باوەڕی بەرزی خەباتکارانەی بارزانیەکان و پشتیوانیی خەڵکی ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەتیش شارى هەولێر ، بەڵام پیلانی نەخوازراوی رژێمی رەفتار فاشیستی بەعسی رووخاو بەردەوام بوو بۆ ئەنجامدانی تاوانێک کە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بوونی نەبوو
لە ۳۱ / ۷ / ۱۹۸۳ یەکەمین قۆناغی ڕەشبگیری  بارزانیەکان دەستپێکرد و بە سێ قۆناغ و لە ماوەی (۱۲) ڕۆژدا نزیکەى(۸٠٠٠) مرۆڤی بێتاوان دەستگیرکران و لە بیابانەکاندا شەهید و بێسەروشوێن کران
 دوای ئەو تاوانە گەورەیە ڕژێمی بەعس لەسەر پیلان و بەرنامەی داڕێژراوی لە سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان بەردەوامبوو ، کە بەپێی هەموو ئەوبەڵگە ڕاست و دروستانەی لەبەردەستن ئەوەی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەرامبەر بە گەلی کوردستان کراوە جینۆسایدە و دەچێتە ئاستی ئەو گەلانەی کە زۆرترین تاوانی کۆمەڵکوژییان بەرامبەر ئەنجام دراوە و زیانەکانی جینۆساید و دەرئەنجامە تاڵەکانی زامێکی قوڵی جەستەی ئەم نەتەوەیەن و ساڕێژبوونیان ئەستەمە، بەڵام مایەی شانازیە کە ئەو نەمرانە لە یادو بیرەوەری گەلى کوردستاندا سەرچاوەی ئیلهامی ژیان و بەرخودانن و تاوانبارانیش لە مێژووى رەشى مرۆڤایەتیدا دەمێننەوە.
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان
‏‎هەرچەندە لەم ساڵدا بەهۆى بڵاو بوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و رێکارەکانى خۆ پارێزى تەندروستى نەتوانرا وەک ساڵانى پێشوو ئەم یادە بکرێتەوە بەڵام وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەت هەموو تواناکانمان دەخەینەکار تا خزمەتی شایستە پێشکەش بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەین و یادى قوربانیەکان بەرز رابگرین و کار دەکەین بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەوتاوانانەی دەرحەق بە گەلەکەمان کراون
لەماوەى رابردووشدا توانراوە نزیکەى ( ٣٠٠٠ ) رووفاتى ئەنفالکراوانى بارزانیەکان بگەرێنینەوە باوەشى کوردستان و بەردەوامین لە کارکردن بۆ دۆزینەوە و هەڵدانەوەى گۆرە بەکۆمەڵەکان و هێنانەوەى  رووفاتى شەهیدانمان بۆ زێدى باو باپیرانیان ، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایەى کە داداگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق کەیسى کۆمەڵکوژى بارزانیەکانى بە بریارى ژمارە ( ٤ ج ١ )لەرێکەوتى ۱۱ / ٥ / ۲٠۱۱ بەجینۆساید و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى و تاوانى جەنگ ناساندووە ، لەبەر ئەوە دەبێت حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەرچی زووە قەرەبووی ماددى و مەعنەویان بکاتەوە و پابەندبێت بە دەستور بەتایبەت ماددەی  ( ۱۳۲) بۆ ژیانێکی شایستە و هاوتاو و هاوبەش و پێکەوە هەڵکردنی  ئاشتییانە  
‏‎بە پلان و بەرنامەى نوێ لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەى گۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافى مرۆڤی جیهانیی تاوانەکانی کۆمەلکوژی کوردستان هاوشێوەی هۆلۆکۆست و قەتڵ و عامەکانی تری مێژووی مرۆڤایەتی بە جینۆساید بناسێنن.
‏‎نەمری بۆ قوربانییانی جینۆسایدی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان
‏‎ سەربەرزی و شکۆمەندی بۆ کەسوکاریان
‏‎وەزارەتی کاروباری شەهیدان و
ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
۳۱ / ۷ / ۲٠۲٠


زۆرترین خوێندراو