له‌‌ سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمانی نایاسایدا ده‌گیرێت

17.09.2020
جەماوەر نیوز
له‌سه‌ر زانیاری ئاسایشی سلێمانی، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت له‌ماڵێكدا ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمانی جۆراوجۆری نایاسایدا ده‌گرن.
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، له‌شكر حه‌مید، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند له‌سه‌ر زانیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی به‌شی دامودوزگا، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمانی جۆرۆاوجۆری نایاساییدا گرتوه‌ كه‌به‌شێوه‌ی نایاسایی له‌ وڵاتی ئێرانه‌وه‌ هاورده‌كراوه‌.
وتیشی: پاش وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی دادوه‌ر بۆ چونه‌ ماڵه‌كه‌ و پشكنین، ده‌ركه‌وت بڕێكی زۆر ده‌رمان به‌شێوه‌ی نایاسایی هاورده‌ كراوه‌ و له‌و ماڵه‌وه‌ به‌سه‌ر كڕیاره‌كاندا دابه‌شده‌كرێت، ده‌رمانه‌كانیش له‌ (زیاد كردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كێش، به‌هێزكردنی جه‌سته‌، نه‌خۆشییه‌ ده‌رونیه‌كان، ڤیتامین C و نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كان) پێكهاتبون. 
راشیگه‌یاند: پێیوسته‌ له‌كاتی هاورده‌كردنی ده‌رمان، له‌لایه‌ن كوالێتی كۆنترۆڵی ده‌رمانی هه‌رێمه‌وه‌ پشكنینی بۆ بكرێت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ستیكه‌ری تایبه‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردن ده‌دات له‌و ده‌رمانانه‌، پاشان رێگه‌ به‌ به‌كاربهێنانی ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌م ده‌رمانانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ پشكنینی بۆ نه‌كراوه‌ و هه‌روه‌ها شێوازی عه‌مباركردنی گونجاو نییه‌ و له‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رزدا دانرابون.
له‌شكر حه‌مید، سه‌رۆكی لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی وتی: به‌سوپاسه‌وه‌ هه‌میشه‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و ئاسایش و لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی هاوكاری ته‌واوی لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌كه‌ن به‌پێدانی زانیاری و پشتیوانی لیژنه‌كان به‌ دانانی ئه‌ندامانی هێزه‌كانیان له‌كاتی سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانیان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كان.
ئاماژه‌ی بۆئه‌وشكرد: به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی، ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی ده‌رمانه‌كاندا گیراوه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ له‌ناو ده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.