لە ڕه‌واندز باندێکی ساختەکردنی پارە دەستگیردەکرێن

19.09.2020
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری ئاسایشی رواندز رایدەگەیێنێت، لە هاوینەهەواری بێخاڵ ئاگادار کراونەتەوە کە پارەی ساختە هەیە، دوای لێکۆڵینەوەش سێ کەسیان دەستگیرکردووە و دانیان بەوەدا ناوە پارەی ساختەیان پێبووە. 
بڕی پارەکەی ئەو باندە کە دەستی بەسەرداگیراوە بە وتەی حاتم زوبێر، بەڕێوەبەری ئاسایشی رواندز دەفتەرێک دۆلاری ئەمریکی و سێ ملیۆن دیناری عێراقیش بووە. "یەکێک لە باندەکەش پیشەی قاچاخچییە".  
ئەندامانی باندەکە بە نەتەوە عەرەبن و خەڵکی حللەن، پارەکەش بە وتەی باندەکە لە "دەرەوەی وڵات هاتووە". بەڕێوەبەری ئاسایشی رواندز دەڵێت، پارەکان "بە ئەستەم" جیادەکرێنەوە، بۆیە داواکارین دووکانداران بەتایبەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان زیاتر ئاگاداربن. 
باندەکە لە خەلیفان مۆبایلێکیان لە دووکاندارێک کڕیوە و لە هاوینەهەواری بێخاڵیش بۆ کڕینی شەربەتێک 100 دۆلاری ئەمریکییان داوە بە خاوەن دووکانەکە. بەڕێوەبەری ئاسایشی رواندز ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کارە خۆی جێگەی گومانە و بۆ ئەوەیە "باقییان پێبدرێتەوە و پارەکەیان ساخبکەنەوە". 
ئاسایش داوا لە هاونیشتمانیان دەکات لەکاتی تێبینیکردنی هەر کارێکی گوماناوی ئاگاداریان بکەنەوە. 

زۆرترین خوێندراو