بەشەناوخۆییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ده‌كرێنه‌وه‌

18.11.2020
جەماوەر نیوز
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا داوا لە راگرایەتی و ئەنجومەنی كۆلێج و پەیمانگاكان دەكات كە سەرپەرستی ئامادەكاری كردنەوەی بەشەناوخۆییەكان بكەن بەجێبەجێ كردنی رێنماییە تەندروستییەكان و رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی.
دەقی پەیامەكە:
پشتبەستن بە كۆنووسی ژمارە (3)ی ئەنجوومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە رۆژی دوو شەممە 16-11-2020 و لەبەر بەرژەوەندی خوێندكاران و جەێبەجێ كردنی پرۆسەی خوێندنی ئاوێتە لەسەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بەزانكۆمان، پاش گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ و لەسەر راسپاردەی سەرۆكی زانكۆ، داوا دەكرێت لە كۆلێج وپەیمانگاكان بەجێبەجێ كردنی رێنماییە تەندروستییەكان و رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئامادەكاری بكرێت بۆ كردنەوەی بەشەناوخۆییەكانی سەر بەزانكۆمان لە كۆلێج و پەیمانگاكان بەپێی پێویستی خوێندن و پرۆسەی خوێندنی ئاوێتەو وانە پراكتیكییەكان (عەمەلییەكان)ی سەرجەم بەشەكانی زانكۆمان.
 بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆكایەتی زانكۆمان داوادەكات لە راگرایەتی و ئەنجومەنی كۆلێج و پەیمانگاكان كە سەرپەرستی ئامادە كاری  كردنەوەی بەشەناوخۆییەكان بەپێی پێویستی خوێندنی ئاوێتە بكەن و رەچاوی تەواوی رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان بكرێت، سەرجەم پێداویستییەكانیش بۆ ئەو مەبەستە دابین دەكرێت پە پێی توانای دارایی زانكۆ.
خوێندكارانمان تەواوی رێكار و رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن.

زۆرترین خوێندراو