چەند ڕێگایەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار لەماڵەوە

07.01.2021
جەماوەر نیوز
د. ھەڤین کەمال شاە محەمەد 
١- ئازارێک کەبەھۆی پێکانێک ، یاخود برینداری یاخود ڕووداوێک توشتدەبێت ئەوە ئەم ٤ ڕێگایە ئەنجام بدە :
-- پشووی پێبدە.
-- جەوەنەی ساردی یاخود کیسی سەھۆڵ بخەرەرە سەر شۆێنی ئازارەکە (٥-٦) جار لە ڕۆژەکەدا ، ھەر جارەی بۆ (١٥-٢٠) دەقیقە .
---فشار بخەرە سەری و بیپێچە بە باندج یاخود ھەر شتێک لەبەردەستت بێت .
--- ئەگەر ئازاڕەکە لەپەلەکاندا بوو ، باشترە لەگەڵ بەستنەکەدا بەرز بکرێتەوە ، بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانەکەی . ھەوڵ مەدا لە شوێنێکدا بۆ ماوەیەکی زۆر پاڵکەویت ، دوای ماوەیەک دەستبکە بە جووڵە .
٢- ئاو بەکاربێنە : لەکاتی بوونی برین ، ڕووشان ، سووتاوی ، شوێنە بریندارەکە بخەرە بەر دەمی ئاوی سارد ، یاخود بە پاکی سارد دایپۆشیوە . ئەگەر پێستەکە بڵقی کردبوو یان شین ھەڵگەڕابوو یاخود ڕەش باشترە ڕای پزیشک وەرگریت .
٣- لەکاتی ئازاری لەناکاوی ماسولکە یاخود جومگە بەھۆی پێکانەوە دەتوانیت پاکی سارد بەکاربێنیت بۆکەمبوونەوەی ئازار و ئاوسان ، بەڵام ئەو نەخۆشانەی ئازاری ماسولکەی بەردەوامیان لەگەڵە ، باشترە گەرمی بەکاربێنن وەکو جەوەنەی گەرم ، حەمام و شاوەری گەرم .
٤- بەکارھێنانی ھەندێک دەرمانی ئازارشکێن ، کەھیج زیانێکی لاوەکی ئەوتۆیان نیە ، وەکو : ئیبۆپرۆفین ، ئەسپرین ، ناپرۆکسین ، زیاتر بۆ ئەو ئازارانە دەبێت کە ھەوکردنیشیان لەگەڵە . بەڵام ئەگەر کێشەی گورچیلە یاخود گەدەت ھەبوو باشترە ڕای پزیشکەکەت وەرگریت ، چونکە زۆر بەکارھێنانیان کێشە دروست دەکەن.
٥- ئەسیتامینۆفین (پاراسیتۆڵ ): بەکاردێت بۆ ئازاری سەرئێشە ، دان ئێشە، ئازاری سوڕی مانگە ، ئازاری ماسولکە لەگەڵ ماسولکە خاوکەرەکان ، بۆ ئەو ئازارانە باشە کە مەرج نیە ھەوکردنی لەگەڵ بێت .
٦- بەکارھێنانی ئازارشکێنە ناوچەییەکان : وەکو جێڵ و کرێم ، سپرای یاخود مشەمای ئازار بۆ ئەو ماسولکە ، یان جومگە یەی ئازاری تیادایە ، ئەمانە زیانی لاوەکیان زۆر کەمە . ئەگەر نەشتبوو دەتوانیت زەیتە ڕووەکیەکان بەکاربێنیت وەکو : زەیتی نەعنا ، زەیتی زەنجەفیل ، زەیتی زەیتون ،( زەیتی مێخەک بۆ دان ئێشە ) .
٧- حەمامی گەرم : زۆر بەسوودە بۆ زۆربەی جۆری ئازارەکان ، بەتایبەتی ئازاری پشت و ئازاری جومگەکان . باشترین پلەی گەرما لەنێوان (٩٢-١٠٠) ی فەھرەنھایتە . تەنیا ڕاکشان سوودی نیە بەڵکو بەکارھێنانی ئاوە گەرمەکەش یارمەتی ھاتوچۆی سووڕی خوێن دەدات و ماسولکەکانیش خاو دەکاتەوە .
٨- ئەگەر ئازارەکەت لەبەشی خوارەوەی لەشتا بوو ، یاخود لەناوچەی کۆم و شوێنەھەستیارەکانت بوو، بۆ نموونە لەکاتی بوونی مایەسیری ، فتق، ئازاری سووڕی مانگانە ..ھتد. باشترە لەناو تەشتێک ئاوی گەرم یاخود بانێۆکە پڕکە لەئاوی گەرم و تیایدا دابنیشە بۆ ماوەی (٢٠-٣٠) دەقیقە ،(٢-٣) جار لە ڕۆژەکەدا .
٩- مەساج کردن : ئەگەر خۆت بیکەیت یاخود نزیکێکت ، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سەر ، یاخود ئازاری پشت و شان ومل ، بەمەرجێک بەڕێگایەکی تەندروست و بەشێوەی بازنەیی ئەنجام بدرێت .
٩- بەکارھێنانی چاوێلکە لەو کەسانەی تووشی سەرئێشە دەبن بەھۆی شەقیقەوە ، یاخود نەخۆشی ترەوە ، بۆ کەمکردنەوەی ھەستیارییان بە تیشک . ھەروەھا لەو خوران و بێتاقەتییەی بەھۆی خۆڵ و ماددەی پۆلینی ناو ھەواوە بۆیان دروست دەبێت .
١٠- میدیتەیشن و تێڕامان : ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی ئازار ، ئەویش بەوەی کە ماددەی ئیندۆرفین لەلەشتا زیاد دەکات ، کە ئازارشکێنێکی سروشتییە ، دەتوانیت لەگەڵیدا گوێ بۆ موسیکێکی ئارام بگریت .
١١- ھەندێک چای ڕووەکی ھەیە یاخود شەربەتی میوە کەدەتوانیت بۆ ئازارشکاندنی ماسولکە گرژبووەکان بەکاردێت ، وەک : شەربەتی گێلاس ، شەربەتی توو، چای گوڵەبەیبوون، چای سەوز ، چای زەنجەفیل، چای دارچینی .
١٢- خواردنی ھەندێک جۆری خۆراک وەکو : بیبەری سووری توون ، زەردەچەوە ، شلک ، گێلاس ، سیر، نەعنا، شەوەفان ، شیرەمەنیەکان ، چەرەساتەکان کە ماددەی مەگنیسیۆمیان تیادایە و بۆ سەرئێشە زۆر باشن .
١٣- خواردنەوەی ئاو بە ڕێژەیەکی زۆر ، باشترە (٨-١٢) پەرداخ لەڕۆژێکدا بێت .
١٤- نووستن و پشوودان : لەکاتی گونجاوی خۆیدا شەوانە لەکاتژمێر ١١ دا بۆ ماوەی (٦-٨)کاتژمێر .
١٥- دووربکەوە لە خواردنەوە ئەلکھولیەکان و جگەرەکێشان، وھەرگیز بەکاریان مەھێنە بۆ ڕێگا چارەیەک بۆ نەھێشتنی ئازار چونکە ئازارەکەت زیاتر دەکات و سەرئێشەت بۆ دروستدەکات کەبەڕێژەیەکی زۆر بەکاربێت .
١٥- لەکاتی ئازاردا دووربکەوە لە خواردنە ئامادەکراو موعەلەب و حازرکراوەکان ، ئەو خواردنانەی لە ڕۆنێکی زۆردا سووردەکرێنەوەو فاست فودەکان .

زۆرترین خوێندراو