وه‌زاره‌تی دارایی ژماره‌یه‌ك بڕیاری نۆێ ده‌رده‌كات

19.01.2021
جەماوەر نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، چۆنیەتیی خەرجییەكانی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكوومەتى هه‌رێمى كوردستان دیاری دەكات، تاوەكو بودجەی 2021ی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەسند دەكرێت.
بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی، كە لە 17ی كانونی دووه‌می 2021 دەرچووە و وێنه‌یه‌كی دەست جه‌ماوه‌رنیوز كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە، تاوه‌ك بودجەی ساڵى 2021 پەسند دەكرێت، پێشینەی بەردەوامی مانگانە بۆ دامودەزگاكان خەرج دەكرێت، ئەویش دوای فەرمانی نوێكردنەوەیان، ئەوەش هاتووە، بەپێی بودجەی مانگانەیان، ڕێگە بە فەرمانگەكان دەدرێت، هەندێك پێویستیی گرنگ و ئامێر و كەلوپەل بكڕن.
بەپێی بڕیارەكان پارەی مانگانەی پاككردنەوە و خواردنی نەخۆشخانە و خواردنی بەندییەكان و خاوێنكردنەوەی شار و شارۆچكەكان و فرۆكەخانەكان و كرێی ئۆتۆمبێل و خانوو باڵەخانەكان بە جیا لە پێشینەی مانگانە خەرج دەكرێت، ئەویش بەو مەرجەی وەزارەتی دارایی لێی ئاگادار بێت.
وەزارەتی دارایی ڕوونیشی كردووه‌تەوە سەرجەم پاداشت و هاوكارییەكان ڕادەگیرێن، جگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەكان نەبێت.
وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارانەی دیاری كردووە كە لێژنەی كڕین لە فەرمانگەكان بۆیان هەیە خەرجی بكەنـ تاوەكوو 250 هەزار دینار دەتواندرێت بێ لێژنەی كڕین خەرج بكرێت، زیاتر لە 250 هەزار بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار، دەبێت لە ڕێگەی لێژنەی كڕین بێت، لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ 100 ملیۆن دینار، دەبێت هەبوونی سێ دەرخستە و لێژنەی كڕین بێت، لە 100 ملیۆن دینار زیاتر بێت، دەبێت لە ڕێگەی كەمگەری (موناقەسە) بێت".
دووپاتیش كراوەتەوە ئەگەر لە دەرەوەی بڕیاری وەزارەتی دارایی و پێشینەی مانگانە هەندێك گرێبەست بو كڕینی كاڵا و كەلوپەل بكرێ، ئەوە وەزارەتی دارایی بەرپرس نابێت لەو بابەتە.
ئەوەش هاتووە، كە نابێت بەبێ ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان، هیچ فەرمانبەرێك بۆ دەرەوە ئیفاد بكرێت، ئەگەر بەم جۆرە كرا، ئەوە پارەی بۆ خەرج ناكرێتەوە، ئەگەر ڕەزامەندیی ئیفادیش هەبوو، دەبێت لەسەر پێشینەی مانگانە پارەكە خەرج بكرێت.

زۆرترین خوێندراو