له‌ هه‌ڵبژاردنی كه‌ته‌لۆنیا پارتی سۆسیالیست زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا

15.02.2021
جەماوەر نیوز
لە هەڵبژاردنی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیادا پارتە سەربەخۆییخوازەکان پێکەوە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان مسۆگەر کرد.
سەرەڕای ئەوەی پارتەکەی پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، واتە پارتی سۆسیالیست لەنێو پارتەکاندا زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پێکەوەکارکردنی پارتەکانی پاڵپشتیکاری سەربەخۆیی، ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. 
کەچی سالڤادۆر ئییا، سەرکردەی پارتەکە لە هەڵبژاردنی کەتەلۆنیا پێیوایە هێشتا براوەی هەڵبژاردنە، چونکە ژمارەی کورسییەکانی پارتەکەی لە 17 کورسییەوە گەیاندە 33 کورسی.
سەلڤادۆر ئییا، سەرکردەی پارتی سۆسیالیست لە کەتەلۆنیا گوتتی: "سەرکەوتنی پارتی سۆسیالیست واتایەکی روونی هەیە، واتە دەستپێکردن و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە کەتەلۆنیا، لاپەڕەیەکی نوێی گۆرانکاڕی، گۆرانکارییەک بۆ ئەوەی دووبارە خۆمان بدۆزینەوە."  
دوای جیاکردنەوەی 99٪ی دەنگەکان، دەرکەوت پارتە سەربەخۆییخوازەکان، واتە پارتی چەپی کۆماریی کەتەلۆنیا، پارتی پێکەوە بۆ کەتەلۆنیا و پارتی یەکێتیی گەل، پێکەوە 74 کورسیان بەدەستهێناوە.
سەرکردەی پارتی چەپی کەتەلۆنیایش کە بە تەنیا 33 کورسیی هەیە و بە ئەگەرێکی زۆر سەرکردایەتیی پێکهێنانی حکومەت دەکات، ئامادەی هەڵدانەوەی لاپەرەی نوێ نییە و دەڵێت، ناتوانین واز لە بیرۆکەی سەربەخۆیی بهێنین.
پێرێ ئاراگۆنێس، بەربژێری پارتی چەپی کۆماریی کەتەلۆنیا دەڵێت: "دەمەوێت پەیامێک ئاراستەی بەرپرسانی ئەوروپا بکەم، ئەنجامەکان روونن، پارتەکانی پشتیوانی لە سەربەخۆیی زۆرینەیان بردووەتەوە. زیاتر لە 50٪ی دەنگی گشتیمان بەدەستهێناوە. خەڵکی کەتەلۆنیا بۆچوونی خۆیان دەربڕی، کاتی هاتووە گفتوگۆ لەبارەی گشتپرسی و مافی چارەنووسەوە بکەین."
لە کەتەلۆنیا زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس دەنگیان دا، واتە رێژەی بەشداری لە  هەڵبژاردندا 54٪ بوو، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2017دا رێژەی بەشداری 80٪ بوو.

زۆرترین خوێندراو