دوا واده‌ بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیارێك په‌یوه‌ست به‌ ته‌كسییه‌كانه‌وه‌ دیاریده‌كرێت

11.04.2021
جەماوەر نیوز
لێپرسراوان له‌وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نن بڕیاری رێكخستنه‌وه‌ی ته‌كسییه‌كان وه‌كو پێویست جێبه‌جێنه‌كراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن دوا واده‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ سه‌ره‌تای مانگی هه‌شتی ئه‌مساڵه‌.
سه‌لاح جه‌وهه‌ر، به‌رێوه‌به‌ری گشتی له‌وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند جێبه‌جێكردنی بڕیاری رێكخستنی ته‌كسییه‌كان و هه‌ڵواسینی لۆگۆی تایبه‌ت به‌ پارێزگاكان له‌هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پێویست جێبه‌جێنه‌كراوه‌ و شوفێرانیش، وه‌كو پێویست كاریان به‌و بڕیاره‌ نه‌كردووه‌.
وتیشی ئاستی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ زۆر كه‌مه‌ به‌جۆرێك له‌هه‌موو پارێزگاكان نه‌گه‌یشتۆته‌ له‌ 20%، دوا مۆڵه‌تیش بۆ پابه‌ندبوونی شوفێران و خاوه‌ن ته‌كسییه‌كان سه‌ره‌تای مانگی هه‌شتی ئه‌مساڵه‌.
ته‌ئكیشیكرده‌وه‌: له‌كاتی  ته‌واوبوونی ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌، هه‌ردوو وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و وه‌زاره‌تی و ناوخۆ بڕیار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ یان هه‌ر بڕیارێكی دیكه‌ ده‌ده‌ن.
سه‌لاح جه‌وهه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد بڕیاره‌كه‌ له‌ مانگی 10 ی ساڵی 2019 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌هاوكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌رچووه‌، ئامانج لێی رێكخستنه‌وه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی ته‌كسییه‌كانه‌ له‌ نێوان پارێزگاكان و ته‌كسی هێڵه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو ئامانجێكی دیكه‌ی بڕیاره‌كه‌ پاراستنی سه‌رماڵی خاوه‌ن ته‌كسی و هاووڵاتیانه‌ له‌ هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراو و په‌یوه‌ندیكردنه‌ به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندار، به‌جۆرێك سه‌رنشینان دڵنیابن كاتێك ته‌كسی بۆ هاتوچۆ به‌كارده‌هێنن.