ئه‌مڕۆ پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران دابه‌شده‌كرێت

02.05.2021
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەولێر و دهۆک پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2016 دابەشدەکرێت و سبەینێش لە سلێمانی جووتیاران پارەکە وەردەگرن.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند: "ماوەی زیاتر لە مانگێک دەبێت پرۆسەی دابەشکردنی شایستە دارییەکانی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2014  و 2015 لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بە هەوڵی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشێک لەو پارەیە هاتبووە کوردستان".
نەوزاد شێخ کامل دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ لەبەر زۆری مامەڵەی جووتیاران، شایستە دارییەکانی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 دابەشکرابوو، لەئەمڕۆوە بڕیاردرا دەستبکرێت بە دابەشکردنی شایستە دارییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2016".
شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016  کە زیاتر لە 576 ملیار دینار بووە، بەشێکی رەوانەکراوە، بە گوتەی بەڕێوەبەری بازرگانی، "تاوەکو ئێستا 268 ملیار و 80 ملیۆن و 498 هەزار دیناری هاتووە و بەشێکی دابەشکراوە، هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئەو بڕە پارەیەی ماوە کە زیاتر لە 307 ملیار دینارە ئەویش بێت، بەڵام تاوەکو ئەوکاتەی ئەو بڕە پارەیە دەگات، ئێمە بەردەوام دەبین لە پرۆسەی دابەشکردنی ئەو پارەیەی کە هاتووە".
 نەوزاد شێخ کامل ئاماژەی بەوەشدا، "ئەمڕۆ پارەی جووتیارانی هەولێر و دهۆک دابەشدەکرێت و پشتیوان بە خودا سبەی لە سلێمانیش دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت، پارەکەش پارەی ساڵی 2016یە، پرۆسەکەش ماوەیەکی زیاتری دەوێت، چونکە مامەڵەی 2016ی جووتیاران زیاترە لە 2014 و 2015، بۆیە داوا لە برا جووتیارەکان دەکەین بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن سایلۆکانەوە رادەگەیێندرێت و ئاگادار دەکرێنەوە، ئەو رۆژە سەردانی سایلۆکان بکەن".


زۆرترین خوێندراو