وه‌زیری په‌روه‌رده‌ وادەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی خوێندنی ڕاگه‌یاند

09.05.2021
جەماوەر نیوز
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵی ئاشکرا کرد.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا لە قەزای زاخۆ ڕایگه‌یاند: "بڕیارە لە16ی ئایاری 2021 پرۆسەی خوێندن دەست پێبکەینەوە، لەو بڕوایەدام یەکەم رۆژی وەرزی هاوین کۆتا رۆژی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها تاقیکردنەوەکانە لە پۆلی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی".
وەزیری پەروەردە راشیگەیاند: "بڕیاری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە گرتنەبەری رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان لەلایەن لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پەسند کراوە".
ئاماژەی بەوەشدا: "هەوڵمانداوە بۆ دابینکردنی ئامێری فێنکەرەوە بۆ قوتابخانەکان و بەردەوامین، بەڵام پرۆسەی خوێندن ماوەیەکی کەم لە وەرزی گەرما دەمێنێتەوە".
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، ئالان حەمە سەعید ئەوەی خستەڕوو: "ئەوەی پێمان کرابێت لە ماوەی رابردوو هەوڵمانداوە بیگەیەنین، هەرچەندە دۆخەکە بێ کەموكوڕی نابێت، بەڵام سەلامەتی گیانی خوێندكاران و مامۆستایان لای ئێمە گرنگتر بووە. لە ئەنجومەنی وەزارەت گفتوگۆی جددیمان کردووە، ئەگەر کۆرۆنا رێگە بدات بۆ ساڵی ئایندە چۆن بتوانین قەرەبووی خوێندكاران بکەینەوە و تواناکانیان بنیات بنێنەوە".

زۆرترین خوێندراو