له‌ نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌ ڕۆژانە 60 نه‌خۆش چارەسەر ده‌كرێن

12.05.2021
جەماوەر نیوز

نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر، دەست بە چارەسەری پێشمەرگە نەخۆشەکان دەکات و رۆژانە 60 پێشمەرگە لە نەخۆشخانەکە چارەسەر دەکرێن.
د. دانا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر ڕایگه‌یاند"نەخۆشخانەکە لە بەشەکانی تاقیگە، سۆنار، دەرمانخانە، هەروەها 8 پسپۆری تایبەت هەن، وەک دەمار و بڕبڕەی پشت، پزیشکی پسپۆری پێست، هەناو، پزیشکی گشتی، میزەڕۆ".
وتیشی: "ئێستا تەنها پێشمەرگەکان لەم نەخۆشخانەیە چارەسەر وەردەگرن، بەڵام لە پلانماندایە لە داهاتوودا کەسوکاری پێشمەرگەش لە نەخۆشخانەکە چارەسەر بکرێن".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "لە قۆناغی سەرەتادا رۆژانە 40 تا 60 پێشمەرگە لە نەخۆشخانەکە بێ بەرامبەر و بە خزمەتگوزارییەوە چارەسەر وەردەگرن".
راشیگەیاند: "هەموو پێشمەرگەیەک دەتوانن لە نەخۆشخانەکە چارەسەر وەرگرن و جیاوازی نییە خەڵکی هەر پارێزگایەک بێت".
د. دانا، ئاشکرای کرد: "لەسەرەتا دەوامی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە کاتژمێر 8:30 بەیانی بۆ 4:30 ئێوارە بوو، بەڵام لە دوای جەژنەوە دەبێتە 24 کاتژمێری. لە چەند مانگی داهاتووشدا نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکەیان ئەنجامدەدرێت".
باسی لەوەشکرد: "حکومەتی ئەڵمانیا وەک پڕۆژەیەکی گرنگ لەو نەخۆشخانەی دەڕوانێت و بەردەوام هاوکاریمان دەکەن و بە هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە چاودێری نەخۆشخانەکە دەکەن بۆ دابینکردنی هەموو پێداویسییەکان".

نەخۆشخانەی پێشمەرگە، کە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیا دروستکراوە، لە 24/2/2019 رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، بەشێوەیەکی نافەرمی ماوەیەک بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بەکارهێنراوە و لە 1/3/2021 بە فەرمی کراوەتەوە.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ